نائیب عەریفی جاران و لیوای ئێستا

ساڵی 2006
وابزانم ساڵی 2006  بوو گەڕابوومەوە کوردستان ، ماڵمان لە گردەکەی سەرچنار بوو.
بەیانی دوو تەقینەوەی گەورە لە فەرماندەیی سلێمانی و ئەوەی دووەم  نزیک مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی بوو ، کە بۆ " مەلا بەختیار" دانرابوو.

 هاتمە سەر جادەی سەرچنار بچم بۆ ناوبازاڕ،  ،
جادە چۆڵ و هۆڵ، و چەند کەسێکیش لە ئێستگەیەکی پاسی سەرچنار وەستابوون.
تەکسیەک هات و چوار کەس سواری تەکسیەکە بووین.
پیاوێکی پیری هەورامی چووە پێشەوە و لەڕێگا ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاینەوە:

کوڕێکی هەورامی کاتی خۆی دەچێت بۆ سەربازی و کە بە مۆڵەت دێتەوە، دایکی حاڵ و ئەحواڵی سەربازی لێ دەپرسێت.
ئەویش دەڵێت : دایکە  مردنە و باسی ناڕەحەتی و ماندووی خۆیانی بۆ دەکات.
دایکی دەڵێ:   ئەی کوڕم هەمووتان ئاوا لە عەزابدان؟
کوڕەکە دەڵێ: نا ، لەگەڵماندایە ، سێ خەتی ڕەش بە قۆڵیەوەتی ئەوان ئیسراحەتن.
دایکی سێ خەتی ڕەش بە قۆڵی کراسە سەربازییەکەی کوڕەکەیدا دەدوورێت.

کاتێ کوڕە دەگەڕێتەوە بۆ فەوجەکەی و بەیانی لە ساحەی عەرەزات ئەفسەرێک بەسەریاندا دەگەڕێ ، و کە سێ خەتەکە دەبینێ، کوڕە هەورامیەکە بانگ دەکاتە دەرەوە و ، لێی تووڕە دەبێت و کە پرسیاری خەتەکانی لێدەکات؟
ئەویش چیرۆکەکەی دایکی بۆ دەگێڕێتەوە.
ئەفسەرەکە بەزەیی پیا دێتەوە و خەتێکی لێدەکاتەوە و دەڵێ بڕۆ نائیب عەریف بە.

پیاوەکە کە لەپێشی تەکسیەکەدا چیرۆکەکەی بۆ گێڕاینەوە، ووتی: جاران خەت وا وەردەگیرا، ئێستا بچۆ ژێر پردەکە چەند ئەستێرەی تەنەکەت دەوێ بیکڕە و بیکە بە سەرشانتەوە ، کەس ناپرسێت لە کوێت بوو.

ئەم حکومەتی هەرێمە ئەوەندەی" نەقیب و ڕائید و عەمید و عەقیدی " علوجی هەیە کە ڕەنگە لە هیچ شوێنێکی تر نەبێت.

سەدان کەسی  بە پلەی سەربازی بەرز خانەنشین کردووە، هەر بەقەد  ئەم عەقیدەی وێنەکە  پێشمەرگایەتی کردووە.

 

مانگی ئەیلول پار 2024
من و حاجی مستەفای خراجیانی لە کەبابخانەیەک نانمان خوارد.
کەبابچیەکە ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاینەوە:
ڕۆژێک پیاوێک هات بۆ نانخواردن و عەلاگەیەکی لێ بەجێما.
کە کردمانەوە فایلێکی تیا بوو ، مامەڵەی ژنێکی تیا بوو بە لیوای سەربازی خانەنشین کرابوو.

شێرزاد عەزیز 
مالمۆ


به‌روار:  04/10/2025
31   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   214
کۆی سه‌ردان:   30782013