دەسەڵاتی کوردی و دزەکەی حاجی ئاوا.
ئەم چیرۆکە بە ڕاستی ڕوویداوە و دزەکە گێڕاویتەوە:
لەگرانی ئابڵوقە" حەسارە" کەدا بەیانیانی زوو بەجامانەیەک دەموچاوی خۆم دەشاردەوە و بەکڵاشینکۆفێکەوە ، لای حاجی ئاواوە دەوەستام و خەڵکم ڕووت دەکردەوە.
بەیانیەکیان دەستم لە پاسێک ڕاگرت زۆریان دەچوون بۆ کرێکاری و ووتم:
چیتان پارە پێیە بمدەنێ؟
هەموو دەستیان کرد بە گیرفانیانا و پارەکانیان دامێ، پیاوێکی ئەفەنی نەبێ ، بە مۆڕەوە سەیری دەکردم.
منیش میلم لێهێنایەوە و ووتم دەتکوژم و لە پیاوێکی زۆر غروری دەکرد و هەر بەڕاستیش دەمکووشت.
کابرا بەتووڕەییەوە ووتی:
سەگباب خۆ من لەمانە کەمتر نیم، گەر پارەم پێبووایه نەمدایتێ.
ئەفەندیەکەم داگرت و پاسەکەم ئیزن دا و چیم پارە پێ بوو دامێ.
بۆ عەسرەکەی بە کۆڵانێکا دەڕۆیشتم و لەبەر دوکانێ لەگەڵ ژمارەیەک پیاو وەستا بوو کە بە مامۆستا بانگیان دەکرد و گووێم لێ بوو دەیووت:
ئەو دزە ئەوەندە پیاو بوو پارەکەی خۆی دامێ.
.....
" یاسر" بەرپرسێکی گەورەی مونەزەمەی بەعس بوو لە سلێمانی، جارێک بەڕێوبەری قوتابخانەکانی کۆکردبوەو ناشرین لێان تووڕە بووبوو.
بەعس بە توندی لۆمەیان کرد بوو و ، پێیان وتبوو: تۆ چۆن بەو شێوازە توڕەیان دەکەیت، ئەوانە هەر دەرگای قوتابخانەکان دابخەن دەتوانن بە هەزاران قوتابیەوە خۆپیشاندانی گەوره بکەن.
....
پاش ڕاپەڕین هەزاران مامۆستا و مووچە خۆر ڕایانگەیاند " سەر بۆ مووچە نەوی ناکەن.
مامۆستای کورد نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت و دەوامی خوێندگاکان بەردەوام بوو، و لێنەگەڕان هەزاران مناڵ بکەونە ناو کۆڵانەکان.
دەوامی مامۆستا لە مووچە خۆرانی تر سەختر بوو ، دەبوا دەوامی تەواو بکەن ، و قورسیش بوو لە بەر شکۆی مامۆستایی هەندێ کاری قوورس بکەن و بکەونە بەرچاوی خوێندکارەکانیان.
دژواری گوزەرانی مامۆستا گەیشتە ئاستێک
" ئێسقانی مامۆستا و برنجی مامۆستا و زەکاتی مامۆستا" داهات.
...
ئەو دەمە ئێمە نزیکەی پێنج ساڵێک مامۆستا بووین و مووچەکەمان نزیکەی " پێنج دۆلارێک" بوو ، پاش بڕیاری 986 و نەوت ڕۆیشتن گەیشتە " نۆ تا دە دۆلارێک" .
ئەگەرچی ئێمە بەهۆی ماڵی باوکمانەوە حاڵمان باش بوو ، کەمی مووچە کاری لێنەدەکردین " بە فەخر نەبێ" بەڵام سەدان مامۆستای خێزاندار هەبوون له ئێمەش پیاوتر و زیرەکتر بوون بژێوی خێزانیان تەنیا مووچەکەیان بوو.
...
پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام و کە حکومەتی هەرێم کەوتە نەوتفرۆشتن ، دەبوا یەکەم توێژی مووچە خۆران" مامۆستا" بوایە هەم قەرەبووی ڕۆژە تاڵەکانی هەژاری و نەداری بکرایەتەوە ، هەم ژیانێکی شایستەی بۆ دابین بکرایە، تا بەتەواوی خۆیان بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان بکردایه و تا قوتابیان دروست و تەندروست لەسایەیدا پەروەردە بکرایە و ئامادە بکرانایە بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
ڕۆڵی مامۆستا ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوە لە پێشکەوتنی کومەڵگا و ، بۆیه دەبێت شکۆ و هەیبەتی پاریزراو بێت.
کەچی بە پێچەوانەوە ئەم دەسەڵاتە کوردیە تەنیا هەڵپەی خۆیان و بنەماڵە و قەوم و قیلەی خۆیانه و بە قەد دزەکەی حاجی ئاواش بەغیرەت نین، کە ویژدانی بۆ مامۆستاکە جوڵاوە
ئەم دەسەڵاتە مامۆستای هەژار و نەدار کردووە و شکۆی شکاوە، کە لە ئەنجامدا دەگاتە داڕمانی پایە کۆمەڵایەتیەکانی و دەکەوێتە دەرەوەی کۆمەڵگایەکی نۆرماڵی هاوچەرخ.
ئەگەرچی داهات و سامانی هەرێم بە دەست حکومەتەوەیە، بەڵام دەسەڵات و ئۆپۆزێسیۆن بە هەر هەموویان دەمیان تێژەنیوەو گیرفانی لێ پڕ دەکەن، بەڵام بە پێی سەنگ و قورساییان.
دەنا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن برابەشن و ڕێک وەک پەندە کوردیەکە دەڵێ: نان بە تەنیا ناخورێت.
جا لە مەملەکەتێکا دز لە دەسەڵات جوامێر تر بێ ، ئەو هەرێمه ناو دەنێیت چی؟
تێبینی: هەموو سەردانەکانی کوردستانمان گەر حۆپیشاندانی مامۆستیان هەبوو بێ ، بە بەردەوامی بەشدار بووین، تەنانەت ئەو خۆپیشاندانە گەورەیەی لە پەروەردەی بەرەو دادگای سلێمانی چوو ، کە پێشتر هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی هەڕەشەی تەقەکردنیان کردبوو، ئێمە گەڕابووینەوە و دایکم زۆر پاڕایەوە لێم و ووتی: دوو جار سکم سووتاوە بەم تەمەنەوە بەرگەی هیچی تر ناگرم، تۆ لەو پەڕی دنیا هاتوتیتەوە مەچۆ ، بەڵام چووین و لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەشدا بووین.
وێنەکان هەندێ ساتی خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی و زۆرمان هەیە کە ناکرێت هەمووی دابنرێت
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بۆ پاراستن لە ڕیپۆرت کردنی پەیجەکەمان ، ناچارین کۆمێنتی جوێن و زبر بسڕینەوە.
سوپاس و ڕێز بۆ ڕەچاوکردنی
بهروار: 31/01/2025
80 جار خوێندراوهتهوه
|