ئاوێنەی دەوڵەتی تورک📖
ئارسینی برام قسەكانت بۆنی شەڕیان لێدێت؟تۆش ئێستا لە نا ئومێدی و توڕەیی و بێتاقەتیدا دەتەوێت بكوژیت ،هەستی پێدەكەم ئارسین ،تۆ ئێستا نائومێدیت ،توڕەیت،بێتاقەتیت ،كوشتن ئەو هەستەت دەداتێ شتێكی گرنگ و گەورە ئەنجام دەدەیت ، وەكو باوكم لە نائومێدیدا دەیویست جەنگ هەڵبگیرسێنێت.
بەڵام با شتێكیشت دەربارەی تاریق ئاكانسو بە یادا بهێنمەوە ،ئەو كۆیلە كوردانەی تۆ قێزت لێیان دەبێتەوە ، باوكم تا مردن لێیان دەترسا .
من هەندێجار بە تاریقم دەگووت ،كابرا چیت لەمانە دەوێت ،بۆ لێیان دەترسیت ، بۆ لەگۆڕیشدا وازیان لێناهێنیت.
تاریقی باوكمان ئازیزم لە ئێسقانەكانیشیان دەترسا،كە دەشبوونەوە بە خۆڵ هەر لێیان دەترسا.
عەلی ئیحسان ،ڕاستە لە ناو ڕۆحی كۆیلەدا شتێكی تریش هەیە ،شتێكی تریش هەیە ئەوكات تاریق ئاكانسو لە من و تۆ باشتر دەیبینی ،نهێنییەك هەیە ،تاریق ئاكانسو دەیبینی كۆیلەكان خۆیان نەیان دەبینی .
من قێزم لە كورد یان تورك نایەتەوە ،من قێزم لەو كۆیلانە دەبێتەوە كە تێناگەن ناخیان شتێكی تێدایە بە هیچ هێزێك داگیرناكرێت .
نا ئارسینی برام هیچ نهێنییەك لە گۆڕێ نەبوو ...هیچ نهێنیتەك .باوكم لە كۆتایی ژیانیدا دڵنیابوو خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵی بۆ داگیر نەکراوە، ،لەبەر ئەوە لە هەموو شێت دەترسا.
دواجار دەیزانی هەرچییەك كوشتووێتی هێشتا هەر زیندوە.
ویستی بە مردنی خۆی بیسەلمێنێت نەیتوانیوە هیچ بكات.ویستی وەها پارچە پارچەی هەمووان شكست و دۆڕانی ببینن، بەوە دەیویست سیاسی و ژەنەراڵە توركەكان ئاگادار بكاتەوە .
بەڵام دەمێك باوكم مرد ،سیاسی و ژەنەراڵە توركەكان خەریكی كۆدێتا و كۆدێتاكاری خۆیان بوون ،هیچ تێنەگەیشتن.
لەو سەردەمەدا من بەڕوونی لە باوكم تێنەگەیشتم ،بەڵام ئەمڕۆ تێدەگەم .ئارسین كە تۆ دەتوانیت ژەنەراڵە توركەكان تێبگەیەنیت،تێیان بگەیەنە.
من دەبێت بڕۆم بەلامەوە گرنگە خەڵک بزانن ئارسین ئاکانسو لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستا بێ پەشیمانین دوژمنی جمھورییەت بووە،ئەوە شتێکە دەتوانم لەم تەمەنەدا شانازی پێوەبکەم .
من لەو ڕۆژەوە باوکم کۆت و زنجیری کردە قاچم،پیاوێکی یاخی و لووتبەرزم،بەڵام ھەرچییەکم کردبێت ھەمیشە یەک ئومێدم ھەبوو،ئاوێنەیەک دابنێم و دەوڵەتی تورک بتوانێت دەموچاوی خۆی تێدا ببینێت،بەڵام دەوڵەتی تورک تاکە دەوڵەتی دونیایە ناوێرێت بچێتە بەردەمی ئاوێنە و تەماشای خۆی بکات
بڵێم چی ئارسین ،ئاخۆ کەسمان بەڕاستی دەوێرین بچینە بەر ئاوێنە و تەماشای دەم و چاوی ڕاسدەقینەی خۆمان بکەین؟
ئاخۆ من دەم و چاوی ڕاستەقینەی خۆم ھەیە؟
تۆ ھەتە؟.
دیالۆگی ئارسین و عەلی ئیحسانی برای.
بەختیار عەلی
داگیرکردنی تاریکی
بهروار: 19/01/2025
48 جار خوێندراوهتهوه
|