لە فیکری قەومی عەرەبیەوە بۆ فیکری قەومی ئیسلامی عەرەبی
کورد دەبێتەوە بە قوربانی، ئەمجارەیان بە دەستی خۆی
.
هەندێك بۆچوونم پێشتر نەگوترا بوون، زۆریان لەو ١٤ وتارەدان کە لەسەر سوریا، بە ئینگلیزی، پۆستم کردوون. لێرەدا تەنیا سێ لەم چەمکانە دەنووسم.
.
یەکەم:
لادانی ئەسەد کۆتایی قۆناغی فیکری قەومی عەرەبی بوو، کە جەمال عەبدولناسر، حافز ئەسەد و عەبدولکەریم قاسم پێشڕەوی بوون و بنەمای یەکێتی عەرەبیان دادەمەزراند، ئەم فیکرە بەر لەدایکبوونی لەبارچوو، بەڵام بوو بە هێزێکی سەرکوتکەر بۆ کورد و هەموو گروپێکی ئەتنیکی و ئاینی دەر لە عەرەب و ئیسلام لە سوریا و عێراقدا. ڕەنگە کورد گەورەترین قوربانی فیکری عەرەبی ئیسلامی بێ.
.
بە داڕمانی ڕژێمی ئەسەد ئەم فیکرە چووە زبڵدانی مێژووەوە. بەمەش وڵاتانی عەرەب دەچینە نێو قۆناغێکی نوێوە: فیکری قەومی ئیسلامی عەرەبی. کە لە ڕەنگە یەکەمجار لە ١٩٤٠ـەکاندا لە میسر سەریهەڵدابێ، بەڵام ئەمڕۆ وڵاتانی خەلیجی عەرەبی- ئیمارات، قەتەر، سعودی، ئوردن و ئەوانی دیکە پێشڕەوین.
.
جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەم دوو فیکرەدا نیە. ئەکتەرەکانی گۆڕاون، لە عێراق، سوریا و میسرەوە بۆ وڵاتانی خەلیج، ئیمارات، سعودی و قەتەر و ئوردن. قەومی ئیسلامی عەرەبی پەچەی بەستووە، دەنا ئامانج تەنیا سەروەری قەومیەتی عەرەبە، لە ڕێی ئیسلامی سیاسیەوە. لەم رەوتەدا ناسنامەی کورد وەك گروپێکی ئەتنیکی دەسڕێتەوە، ئەمجارەیان پێدەچێ بە دەستی ئیسلامی سیاسی کورد خۆی، نەك قەومیەتی عەرەبی.
.
هەر ئێستا کاریگەری ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەبینین، "هەلاو"ی تەلەفۆن گۆڕاوە بە "سەلامون عەلەیکم"، "خوا" بووە بە "ئەڵا"، شەڕواڵی کوردی قارس کراوە، ڕیشی قەڵەمی ئیسلامی داهێنراوە، پەنجەی دۆشاومژە بەردەوام بە حەواوەیە، و خۆی ناوی "ئازاد"ـە کوڕەکەی ناوی "ئوسامە"یە. ئەوەی گۆڕاوە سەرەتایە، ئەوی بەڕێوەیە زۆر مەترسیدارترە.
.
وڵاتانی پێشڕەوی ئیسلامی سیاسی دەیانەوێ جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بگۆڕن، ئایدیۆلۆجی ئیسلامی عەرەبی - ئیخوان، سەلەفی، وەهابی، تد. بەرجەستە بکەن لە کۆمەڵ و حوکمڕانیدا، هەژموونی خۆیان بەرقەرار بکەن و شیعەش کە ئێران، عێراق، لوبنان پێشڕەوین وەلابنێن.
.
دەبێ سوپاسی ئیسرائیل بکەن، کە شیعەی لە ئێران، لوبنان و سوریادا لاوازکرد و لە ئەنجامدا، ڕژێمی ئەسەد ئاسان داڕما. ئەم فیکرە تەبایە لەگەڵ قەومیەتی ئیسلامی تورکدا، ئەمڕۆ لە سوریا، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی خەلیج پێکەوە کاران لە دامەزراندنی ڕژێمێکی ئیسلامیدا. ئامانجی هەردووکیشیان لەنێوبردنی هەسەدەیە، یان ئەزمونی کوردە، چونکە لەمپەری ڕێی پیادەکردنی فیکری قەومی ئیسلامی عەرەبیە.
.
دووەم:
من لەگەڵ دامەزراندنی هێزی کوردیدا یان ئەتنیکدا نیم. هەسەدە لەوەدا سەرکەوتووە کە خۆی بە هێزێکی سوری دەزانێ، نەك کوردی. باشترین هێزی قەومی وەك پارتی و یەکێتی گەندەڵ دەردەچێ. کورد لە هەر جێیەکدا بێ، پێویستە کار بۆ وڵاتێك بکات کە تێیدا کامەرانە، نەك هەرێمێك کە تێیدا قەتسە. کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئاسانتر لەگەڵ هێزێکی سوریدا کار دەکات تا کوردی.
.
لەگەڵ هیچ ئایدیۆلۆجیەکدا نیم. باوەڕم بە دامەزراندنی فەلسەفەی ژیانە لەسەر زەمینێك کە تێیدا دەژین. گەر هەسەدە بیەوێ دوای ئایدۆلۆجیەکی تایبەت بکەوێ، شکست دێنێ. ئایدیۆلۆجی دنیایەك دادەمەزرێنێ لە خەیاڵدایە، ئەزموونی گەلان زۆر زۆرە بۆ دامەزراندنی دنیایەك بنەمای لە زەمیندا بێ.
.
سێیەم:
لە هەرچ جێیەك - وەك کوردستان، ئیسلامی سیاسی سەری هەڵدا، سێ شت دەگەیەنێ.
.
یەکەم، ئەو ناوچەیەی یان وڵاتە نائارامە، کەلێنی ئاسایش، سیاسی و کۆمەڵایەتی تێکەوتووە؛ ئەمەش دەرك ئاوەڵا دەکات بۆ وڵاتانی ئیسلامی تا کەس و گروپی سەر بە خۆیان کارا بکە بە دەرامەتێکی زۆری مرۆیی و ماڵی. ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی، کونوکەلەبەری کۆمەڵی کوردەواری تەنیووە. جا سەر بە تورك بن یان بە عەرەب.
.
دووەم، وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە، دەرامەتێکی زۆر – پوڵ و مرۆ، دەخەنە پەروەردەی ئیسلامی سیاسیەوە و دەیکەن بە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتی. بەرلەوەی لە دەسەڵاتدا بن، دەسەڵاتن، دەتوانن دەمی هەموو ئازادخوازێك دابخەن، خانمان بنێرنەوە مەتبەخ، ترس بخەنە دڵی هەمووانەوە تا زەمینەی ئازادی تەسك بکەنەوە، دۆخێك دەئافرێنن کەس نەتوانی و نەوێری دیبەیتی ئیسلام بکات یان ڕەخنە لە ئیسلام بگرێ. دەستگای گەورەی ئیسلامی سیاسی دادەمەزرێ بۆ ئەقڵ شتنەوە. تەریب بەمانە، پسپۆر دادەمەزرێنن لە جێی هەستیاری دەوڵەتدا، وەك دادگاکان. لە کوردستاندا دادوەرێکی زۆر داوای ژنان دادەخەن و نایەڵن بچێتە دادگاوە تا مافی ژنان پەرە نەستێنێ. ڕەنگە ڕۆشنبیرێکی کورد یان خانمێکی چالاك نەمابێ ئیسلامی سیاسی پەلاماری نەدابێ. هەر لە ئێستاوە، بەر لەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، ئەو کۆمەڵە دادەمەزرێنن کە لەگەڵ ئایدۆلۆجی ئیسلامی توندڕەودا تەبایە.
.
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا کار دەکات، ئەوەی لەلای نەوەی من نەزانی بوو، ئێستا لەلای نەوەی نوێ زانینە.
.
سێیەم، ئەمانە هەمووی زەمینەخۆشکردننە بۆ بۆئەوەی بەڕێوەیە - دەسەڵات گرتنەدەست، کە دوای لاوازبوونی ڕژێمی ناوچەکە – بۆ نمونە پارتی و یەکێتی، یان وڵاتەکە – بۆ نمونە سوریا، دێ. پاش لەنێوبردنی هەموو دەنگێك و هەموو ئۆپۆزیسیۆنێك، ئەمان تەنیان لە گرتنی دەسەڵاتدا. ئەوەی لە ئەفغانستان رووی دا و ئەوەش لە سوریا ڕوودەدات کتومت بەم ڕەوتەدا هاتووە کە دەستنیشانم کرد.
.
هەرێمی کوردستان، هێشتا بەڕێوەیە. ڕاستە ئیسلامی سیاسی، داعش نەبێ، چەکدار نیە، بەڵام لە ئەگەری داڕمانی پارتی و یەکێتیدا، ئیسلامی سیاسی تەنیا و تاکە هێزە. ئەودەم وڵاتانی خەلیج و تورکیا دەکەونە گفتوگۆ لە سەکۆی نێودەوڵەتیدا بۆ دامەزراندنی ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵاتدا، هەروەك ئەوەی لە ئەفغانستان ڕووی دا، یان ئەوەی لە سوریا ئێستا ڕوودەدا.
.
.
ئەمە ئەنجامی گفتوگۆیەك بوو لەنێوان من و هاوڕێم چیا ڕێنوار، دەربارەی گفتوگۆم لەگەڵ ئێن ئاڕ تی لە سەر دۆخی سوریا. سوپاسم بۆ کاکە چیا.
دکتۆر ڕێبوار فەتاح
لەندەن
بهروار: 14/12/2024
55 جار خوێندراوهتهوه
|