ڕۆژئاوا گێڕانەوەی حورمەتە بۆ ژیان/ بەختیار عەلی
گێڕانەوەی حورمەتە بۆ بوونی مرۆڤی كورد، بە درێژایی مێژوو بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو كە تیایا بزووتنەوەی سیاسی كوردی، بزوتنەوە سیاسییەكان لە باشوور، لە باكور، لە ڕۆژھەڵات، كە تیایدا ئێمە خەباتی سیاسی گەورەمان تیاكردووە. بەشی ھەرە زۆری بەو شێوە چڕییە نرخی ڕاستەقینەی بەرگری بەرجەستە نەكردووە.
ئێستا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرگری كە بەشێكی گرنگی بوونی وجودی مرۆڤی كوردە، تا ئەندازەیەكی زۆر ڕۆحییەتی بەرگریكردن لە ناو مرۆڤی كورددا لاواز بووە.
ئەزموونی ئێمە لە ڕۆژئاوا تا ئەندازەیەكی گەورە نرخێكی ھەرە گەورەی گێڕایەوە بۆ چەمكی بەرگریكردن و گیانی بەرگریكردنی لە ناو مرۆڤی كورددا زیندووكردەوە. ئەمە خاڵێكی زۆر پۆزەتیڤە.
خاڵی دووەم: لە ڕاستییدا ئێمە بینیمان كە دەمامكی فاشیزمی توركی تا ئەندازەیەكی زۆر كەوتە خوارێ، ئێستا ڕوخساری فاشیزمی توركی بۆ ھەموو دنیا ئاشكرایە، دە ساڵ لەمەوپێش ئێمە نەماندەتوانی زۆر بە ڕوونی دەربارەی فاشیزمی توركی قەناعەت بە ھەموو دنیا بكەین، ئەمرۆ ھەموو دنیا خۆی قەناعەتی كردووە ئێمە تا ئەندازەیەكی زۆر بەرەنگاری دروشمێكی فاشیستین، بەڕەنگاری دوژمنێكین كە ھیچ ڕێزێكی ژیانی لا نییە، كە ھیچ ڕێزێكی ئینسانییەتی لا نییە، ئەمەش بە ھۆی ئەزموونی ڕۆژئاواوە دەمامكی فاشیزمی توركی و مێژووی توركیا كەوتە خوارەوە. وە ئەو ڕووە ناشرینەیان ئاشكرا بوو.
وە خاڵێكی تر كە بە بڕوای من زۆر گرنگە دەبێت ڕەچاوی بكەین ئەوەیە كە كەمجارە كورد مۆدێلێكی سیاسی پێشكەش دەكات، ڕۆژئاوا تەنیا ئەوە نییە كە میللەتێكە لە حاڵەتی بەرگریدا، بەڵكو مۆدێلێكی سیاسیشە، مۆدێلێكە بۆ پێكەوەژیان، مۆدێلێكە بۆ پێكەوە كاركردنی نەتەوەكان، مۆدێلێك بۆ پێكەوەژیانی بیروڕای جیاواز جیاوازیش، ھەتا لە ڕووی ژاندەریشەوە ھاوبەشی و یەكسیانی كردن لە نێوان ژن و پیاودا سیفەتێكی گرنگ و بەرچاوی ئەم ئەزموونەیە.
ئەوەی توركەكان لێی دەدەن تەنیا نەتەوەی كورد نییە بە تەنیا، بەڵكو لێدانە لە خودی ئەم مۆدێلە سیاسیەشە.
لێرەوە بە ڕوونی ئەبینین كە فاشیزم لە ناوچەكە نایەوێت مۆدێلێكی نموونەیی دیموكراسی ھەبێت، نایەوێت نموونەیەك ھەبێت كە نیشانی بدات كە بەڵێ لە خۆرھەڵاتدا ئەكرێت نەتەوەكان بە شێوەیەكی تر بژین، بەڵێ ئەكرێت، لە خۆرھەڵاتدا دەكرێت سیستەمێكی سیاسی تر لە دایك ببێت، وە مۆدێلێكی سیاسی تر جێگیر ببێت، پێكەوەژیان بەرقەرار بكات وە ئاشتی تیا بەرقەرار بێت.
بهروار: 11/12/2024
132 جار خوێندراوهتهوه
|