پاشماوەی جەنگ بۆ سەگ و پشیلەکانی سلێمانی
وەک تارمایی هاتوومەوە ،
ئەگەڕێم و ، کەس ناناسم و کەس نامناسێ ،
شەو و ڕۆژم تێکەڵبوە و ،
شپرزەم و ، هەر وەکو جاڵجاڵۆکەیەک
لەداوەکەی خۆم وونبوم و
نازانم چۆن ببم بەخۆم !!
لەشارێکی تەڵخبوی وا
سڕتر بووم و
لەنیگەرانی و ماتیا ،
زۆرم نەماوە خۆم بخۆم !!
شەقامەکان وەک غەریبێ ڕام ئەکێشن
یادەوەریەکان لەڕۆحما ئەسوتێن و ،
چنگێ خۆڵەمێشە بوونم ،
هەستێکی نەبڕاوەم لێرە و
وەک گەردەلوولێکی شێواو
بەردەوام خەریکی هەڵچوونم ،
پشیلەکان ئەترسن و نیگەرانن،
وەکو بڵێ ی بمناسن و
وەک غەریبێ ،
زۆر لەدوورەوە هاتبێ
لە ناو قوڵایی چاویانا بانگم بکەن ،
لەئاهێکی ئاسمانیا
وەکو بڵێ ی .. بیانەوێ لەم دۆزەخە و ،
لەهەموو زەمین ڕابکەن ،
وەک فریشتە بێ خوداکان ،
بێماڵن و
ڕۆحم بریندارتر ئەکەن ،
بارانی حەسرەت لەناخما ئەبارێنن و
ژانەکانم وەک ئاسمان گەورەتر ئەکەن ،
وەک مناڵێکی بەتەمەن ،
لەناو ئەم حەشاماتە ، زۆر زۆر تەنیاو ، وونبوەدا
دێم و دەڕۆم ،
وەکو سەراب ، لەدەریاوە هاتبێتم
کەنارم دابێت بەکۆڵماو
وەک شەپۆلێک ، هاوارێکی تاساوبم و
لەناو خۆما خنکابێتم
لەم شارەیا ،
دوکەڵی مەرگ سنگی ژیانی گرتوە و
خزەکانی وەک سەمفۆنیا هەرچی سەگی بریندارە
هێناوێتی بۆسەر شانۆی ڕووتبونەوە ،
وەڕینێکی ئەبەدیە و ، مانای لەخواش سەندۆتەوە ،
هاوارێکە و
شووشەی پەنجەرەی ویژدانی هەموومانی شکاندوە ،
دەرگای لەسەر قیامەتی هەموومانی کردۆتەوە
هیچیش ناکەین !!!!
لەمشارە زۆر ڕزیوەیا ،
هیچ هەیبەتێ بۆ ژیان و
هیچ شانازیەک بۆ مانەوەی ، تیا نەماوە ،
خوکوشتنێکی جەماعی
لەناو چاوی سەگەکانا ئەبینم و ،
وەک زریانێ
لەگەڵ خۆیا زۆر دوور ئەمبات ،
لەناو قەدەوە ئەمگرێ و ،
وەک ڕزیوێ فڕێم ئەدات ،
ئیزرائێل لەناومانایە و ،
لەهەموو باخچە و سەرایەک پیاسە ئەکاو ،
لەناو ماڵی هەر یەکێک لەئێمەدایە و
ناشی بینین ،
بەسرنجێکی خوێناوی کاتەکانمان هەڵئەمژێ و
بەرە بەرە ووشکمان ئەکات …
لەگەڵ مناڵانا ئەنوێ و ، نان ئەخوات و ،
یارییش ئەکاو ،
دەس لەسەری هەموان ئەدا و ،
ناشی بینین ،
ژانێکی قووڵ لە ڕوخساری سەگەکانا ئەبینم و ،
وەکو خەمی لەدەستدانی خودایەتی لەناخمدا ئەمتاسێنێ ،
سەمفۆنیای مەرگ لەگەرویانا نووستوە و
گریانێکی ئاگراوییش وەکو سەگوەڕ
هەموو شەوێ لەناخەوە ئەمسوتێنێ ،
حەسرەتێکی قووڵ ئەمکوژێ و ،
وەکو زەنگی خۆفڕێدانە خوارەوە
لە دەرگای ئەم دڵەم ئەدات ،
چەند ئەگەڕێم و ئەشبینم ،
ئەم دۆزرخەی بەبێ بەهەشت لێرە هەیە
وەک عفریتێک لەناخەوە
تووڕەم ئەکات ،
ئیتر نازانم چۆن چۆنی بڕۆمەوە
ئەو سەگە زۆرە بێماڵە و
ئەو هەموو پشیلە دەربەدەر و وونبوانە
چۆن لەبیر کەم !!
ئەو سیمایانە لەناخما وەک تارمایی
هەموو تاریکی ناو کۆشکی
ڕۆحی تەنیام داگیرئەکەن
وەک قەڵایەک لە لم بم و
ئەم بیرەوەریانەی ناڕۆن
بەپەلەپیتکەیەک ئەمخەن ،
مەجید عەزیز
بهروار: 02/12/2024
53 جار خوێندراوهتهوه
|