دەوڵەمەندی و ناوبانگ
هەڵپەی زوو دەوڵەمەند بوون و زوو بەناوبانگ بوون و زۆر دەرکەوتن ، بێ گوێدانە مەترسی ڕێگاکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی (bloomberg) سەرمایەی ئیڵەن مەسک نزیکەی (٣٠٠ بلیۆن) دۆلارە ، واتا ئەگەر (٢٥٠ ملیۆن دۆلار) لە مانگانێکدا ، (٨ ملیۆن دۆلار ڕۆژانە) ، (٣٠ دەفتەر دۆلار لە کاتژمێرێکدا) خەرج بکات بە بەردەوامی بێ ئەوەی بۆ چرکەیەکیش بوەستێت ، هێشتا ئەم پارەیە بەشی ئەوە دەکات کە (١٠٠) ساڵی ڕێک بەبێ ئەوەی دەست لە هیچ بدات بژی ، خاوەندارێتی (تێسلا و سپەیس ئێکس و تۆڕی ئێکس و ئەی ئای) دەتوانن دوای مردنی خۆشی ملیاران دۆلار بخەنە سەر حسابەکەی ، کەچی ئەویش هەر نیگەرانە ، بەو پارەیە دەتوانێت هەزاران کەس بگرێت دوای مردنیشی پارەی بۆ پەیدا بکەن ، بەڵام ناتوانێت تەنیا یەک تاقە کەس بەکرێ بگرێت کە لەبری ئەو بمرێت ، یان لە بری ئەو ئازار بچێژێت ، وەختێک کە مندالەکەی ڕەگەزی دەگۆڕێت.
ئازار وەک شادی وایە شتێکە پەیوەستە بە هەموو مرۆڤێکەوە کەس لەبری کەس ناتوانێت درکی بکات ، مرۆڤ لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت لە هەر بژاردە و ناوبانگ و سەرمایەیەکدا بێت هێشتا مەحکومە وەک یەک ئازار بچێژن ، یەکێک پارەی مۆلیدەی پێنادرێت و یەکێکی تریش بارەکانی لە دووبەی و ئوم قەسر دەستی بەسەردا دەگیرێ ، ڕادەی ئازار چەشتن و تەپاوتلی شەوانەیان لە سەر جێگا، تاڕادەیەک وەک یەکە
میتۆلۆژیا (ئەفسانەناسی) زۆرینەی گەلانی دونیا پڕن لەو چیرۆکانەی کە (کەنز- گەنجینە)یەک لە شوێنێکدا حەشاردراوە ، بەڵام هەموو ئەوانەی دەڕۆن بۆ دۆزینەوەی گەنجینەکە ، لە ڕێگا توشی هەزارەها چیرۆکی ترسناک دەبنەوە ، بەشی هەرە زۆریان ناگەنە گەنجینەکە یان دەمرن یان یەکتری دەکوژن ، ئەوەشی لە کۆتایدا دەستی دەگات بە گەنجینەکە ئەوەندە بریندارە ، ئەوەندە تەنهایە کە ئیتر کەسێک نەماوە لەگەڵیا شادی بگێڕێت.
هیچ کێشەیەک لەوەدا نییە ، مرۆڤ ساماندار و خۆشبەخت بێت ،بەڵام زۆرینەی جار ئاوی ئەم دوانە بە جۆگەلەیەکدا ناڕوات ، هەرەیەکەیان ڕێگایەکی تایبەتی خۆی هەیە ، خۆشبەختی ڕاستەقینە شتێکە سروش و خورپە و ئیلهام لە (ئارامی و تەندروستی و خێزان و پێزانینی ئەوانی ترەوە وەردەگرێت) ، کەچی سامان لێویانی خۆی لە (چاوچنۆکی ، هەڵپە ، پەلەپەل ، لە دەستدان و کەوتن وەردەگرێت)
نابێت ستایشی هەژاری و نەبوونی بکەین خەڵکی ڕام بکرێت لەسەر ئەوەی هەژاری فەزیلەتە ، بەڵام نابێت ئەوەندەش بە باڵای پارە و دەوڵەمەندیدا هەڵبدەین کە مرۆڤ بکەوێتەوە دۆخی هەژاریەکی ترەوە کە بریتییە لە ، هەژاریی مەعریفی ، هەژاری خۆشەویستی ، هەژاری پێکەوەنەبوونی منداڵ و خیزان ، مرۆڤگەلێک دروست بکەین کە هەردوو دیوەکەی لەیەک بچێت ، یەکیان لەگەڵ خێزانەکەی دەژی بەڵام نانی پێپەیدا ناکرێت ، یەکێکی تریان پارەی پێ پەیدا دەکرێت بەڵام لەگەڵ هچ کەسێکدا ناژی ، رەقەم و بانک و ئۆفیس و تەلەفۆن و سەفەر نەبێت و زۆرینەی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی یان بەنگلادیشی یان ڕۆبۆت و خزمەتکارەکان بۆی ئەنجام بدەن.
مرۆڤ ئەگەر (١٠٠دۆلار) لە گیرفانەکەیدا بێت لانی کەم دووسێ هەڵبژاردنی ژیانی لەبەردەستدا دەبێت ، بەڵام ئەگەر هیچی پێنەبێت ئەوا جگە لە مردن و نەخۆشی و تەنها کەوتن هیچی تر چاوەڕێی ناکات ، لەم سۆنگەیەوە دەگەین بەوەی کە بەڵێ (پارە پێویستە) پێویستیەکی گرنگ و باشیشە بۆ ژیان ، بەڵام گرنگ نییە ، هەرشتێک مەرگ بتوانێت لێت بستێنێتەوە ئیتر گرنگ نییە. بەتایبەتی مەرگی کەرامەت و حورمەتی ئینسان کە لەو ڕاگوزەرەدا لە دەستی ئەدات.
دەلەیلاما لە یەکێک لە کتێبەکانیدا ، دەپرسێت (بڕی ئەو پارەیە چەندە کە تۆ پێت وایە ئەگەر هەت بێت خۆشبەختت دەکات؟) ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت :-
ئەمڕۆ یاریزانەکان بڕێکی زۆریان ملیاردێر و ملیۆنێرن ، بەڵام سادەترین شتیان لێ قەدەغەیە ڕەنجێکی زۆر دەدەن وەک ئەسپ ڕاهێنان دەکەن ، بەیانیان زوو لە کێڵگە و گۆڕەپانەکان ڕادەکەن ، هەمان ئەو ڕەنجەی کە هەژارێک دەیدات.
ئەگەر بەدبەختی هەژارێک ئەوە بێت خاوەن قەرز و خانووەکەی هەڵکوتێتە سەری ، ئەوا سامانداریش خاڵی نییە لە بەدبەختی ، لە سەرانە ، باج ، هەڵکوتانە سەر ، ڕفاندنی منداڵ ، زۆری پاسەوان و لە دەستدانی ژیانی تایبەت.
سینۆهە وەختێک (مەریت)ی خۆشەویستی دەبات بۆ یەکێک لە ئاهەنگەکانی میصری کۆن ، تا درەنگانێکی شەو کەیف و شادی ئەکەن بێ ئاگا لەوەی کە مەریت ، لە دواجاردا (دەستدرێژی دەکرێتە سەر و دەبێتە قوربانی خوداوەندەکان) ،
هەمووان دەڵێن فڵان خاوەنی بزنس و ئوتومبیل و سەرمایە و ئارایشتگای خۆیەتی ، بەڵام کەس ناپرسێت لەم ڕاگوزەرەدا چی لەدەستدا ، چۆن بەدەستی هێنا ؟ چۆن کردیانە قوربانی ، قوربانیەکی پارەدار ، کەس نازانێت چەند شەو دۆمینەیان لەسەر کەرامەتی کردووە ، چەند شەو لەپرسگەیەکدا وەستاوە تا تەندەرێک وەرگرێت ، چەند جار جامی حورمەتیان پێڕژاندووە ، ئەمانە پرسیار گەلێکن ، کە ئێمە لە خوارەوە نایزانین ،هەر وەکو چۆن لەودیو دیواری پەرستگاکەوە کە مەریتی تێدا کەرێتە قوربانی کەس نایزانێت ، دەبێت هەر ئەو کەسانە خۆیان ڕاستگۆیانە ڕۆژێک ئەم چیرۆکە بۆ هەمووان بگێڕنەوە .
کورد ئەڵێ:- (پیاو تا نەتڕێت بە چوار مشقی دانانیشێت)
زۆرمان لەژێر باری ئەم هەڵپە و پارە پەیاکردنەدا تراین و ئابڕوکەرامەتمان لەدەستدا و ئێستا نەک چوار مشقی تەنانەت ، بە پاڵکەوتنیش لە ناو گۆڕدا لەو ئازارانەمان کەم ناکاتەوە کەتوشی خۆمان و کەسە نزیکەکانمان کرد.
نوقتە سەری دێڕ ....
مەولانا گووتەنی :-
(شاید در میان شاخه ها به دنبال چیزی هستید
که فقط در ریشه ها ظاهر می شود)
لەهەڵروانین و ناو لق و پۆپ و گەڵاو گوڵدا بۆ شتێک دەگەڕێین لەوانەیە ئەو لەناو ڕەگدا ، لەناو خۆماندا خۆی حەشار دابێت ، خێزانەکان ، مندالەکان ، درەختەکان ، ئاژەڵ و ماڵ و تەندروستی و لەنزیکەوە بوونی ئەوانی تر، هەر ئەمەبێت و شتێک پارەی کەمیش کە بتوانین ئیدامە و بەردەوامی ئەمانەی پێبدەین.
هێمن عەبدولقادر
ئەمریکا
بهروار: 24/11/2024
118 جار خوێندراوهتهوه
|