هەمیشە حەزەرم لە دۆستەکانمە کە کێن؟
هیچ کاتێ ترسم لە کەسانێک نەبووە کە جێگەی مەترسین، وەلێ بەردەوام گومانم لە خەڵکانێکە کە متمانە و دڵنیایم هەیە بۆیان، چوون دوژمنەکانم جورئەتی ئەوەیان نەبووە بە ئەندازەی چرکەیە پێوەدانی مێشوولەیەک ئازاریان دابم، ئەمما سەرسم و شکست و سەخترین ئازارێ چەشتبم  هۆکارەکەی کەسێ بووە کە هەموو خۆشبەختی ژیانم لەبوونی ئەودا بینیووە،

ڕوونتر بڵێم ئەبەد بۆم گرنگ نەبووە نەیارەکانم کێیە؟ چونکە هیچ کاتێ ڕەفتارێکم نەکردووە کەسی مەرد ڕقی لێم بێت، بەڵام هەمیشە حەزەرم لە دۆستەکانمە کە کێن؟ خەممه کەسێکی خاڵی و بێ بەهای تێدا بێت خۆشیبوێم لە پای ئەخلاقێک کە هاوبەشە لە نێوانماندا، منیش بە کاڵفامی و ساویلکەیی ئومێدم لەسەر هەڵچنیبێت!

لە ژیانمدا لە تەنهایی سڵم نەکردووە و بێ باک بووم لە چۆڵی دەورم، واتە ژمارەی ئەو کەسانەی پشتیان لێمە ئەبەد ئەرزشی ژماردنی نەبووە لام ڕێژەکەی، وەلێ هەڵسەنگاندنی ئەوانەی ڕوویان لێمە و پەنجەی دەستێک کیفایەتە بۆ سەرژمێرییان هێشتا هەستەکەم عەشوائی ئیسرافم کردووە لە ناسینیان،

کێ زەمم دەکات و چی دەڵێ ئەسڵەن مەوزوع نییە بۆم، خۆشحاڵم لە غیابی فیزیکی خۆشمدا بە وجودم ڕۆح و دڵ و مێشکی  کەسانێکم لە مەجلیسێکدا داگیر کردووە، ئەمە ئەیسلەمێنێ کە هەم  لەناو کۆمەڵێ نەبوودا و زیندووم لەناو کۆمەڵێ کەس کە ساڵانێکە مردوون لام، بەڵام هەمیشە بەزەیم بە بێ غیرەتی کەسانێکدا هاتۆتەوە کە وەسفم دەکات و سور ئەزانێ خۆشمناوێت ئەزانێ کە ئەزانم درۆزنە،

لە مەسەلەی هاوڕێیەتی و عەشقیشدا
 یەک یاسام پەیڕەو کردوو جێگەی چۆڵی هیچ کەسێکم بە یەکێکی تر پڕ نەکردۆتەوە بۆ ئەوەی فەراغی ڕۆحیم نەبێ من لام وایە جێگەی چۆڵی کەسێک هەر موڵکی خۆیەتی ڕێز لە مافی خاوەندارێتی ئەگرم کە ڕۆژگارێ نزیکم بووە بۆیە دووریەکەیشیم خۆشدەوێت، 
وای دەبینم دابڕانمان تاقیکردنەوەی قەدەرە تا ئاستی یەکتر ویسنتمان بپێوێت، بۆیە سەغڵەتی قەرەباڵغی دەور و ناسینی کوێرانەی کەسم نییە، بەوپەڕی داوای لێبووردنەوە ڕەتکردنەوە و دەستنانیشم بەڕووی زۆرێک بۆ نزیکیم لە فیز و غرووریم نەبووە بەڵکو ترسمە لەوەی من مردم بۆ کەسێ وەلێ پێینەزانی ئاخر جارێکی تر ناتوانم وا بمرمەوە بۆ کەس!

لە کۆتایدا دەڵێم جوانترین بەهاکانی ژیان لای من ئەخلاق و وەفاو متمانە و پاراستنی نهێنییە بەڵام من کوشتەی ئەم چوارەم و باجی گەورەم بۆ داوە، هەر مرۆڤێکیش شعوری هەبێ و شەرم و حەیا ڕیعایەتکا و خەمی لەکەدارنەبوونی سومعەی بێت گومانی تێدا نییە هەمیشە بە گومانە و گونجاندن و مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورسە بۆیە مەڕغوب نین و چارە گرانن لای زۆرینە، بەڵام من قبوڵمە. 

لەکۆتایدا دەڵێم لەهیچ بڕیارێکی ژیانم لەهیچ کردەوەیەکی ڕابردووم پەشیمان نیم تەنها شتێک نەبێ کە داوای لێبووردن لە کەرامەتم دەکەم، کە لێبوردەیم نواند بەرامبەر کەسێک بەتەکلیفی کەسێک لە ئانێکا شایەنی بۆ ئەبەد لەپێ کردنبوو، دڵ پاکی و لێبوردەیی نەزانی بەرامبەر کێ دەینوێنیت هۆکارە بۆ بە بچوک تەماشا کردنت.

نەبەز سابونچی
به‌روار:  19/11/2024
76   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   458
کۆی سه‌ردان:   30207818