یادی 240 ساڵەی سلێمانی 💙
💙 ســــــلــــێــــــمـــــــــانـــــی💙
لەدایک بوونی 1784.11.14
هەندێ کەس باوەڕی واییە
دوو سەد ساڵە ئەم شارە گەورە و هێژایە
نچیرێکی باڵ بەستراوی دەم ئاشوبە و ڕەشەبایە
لای هەندێکیش ئەم شارە بابان نشینە
زۆر دەمێکە مەڵبەندی ئافرەتی جوانی باڵابەرز و چاو نەخشینە
هەندێ کەسیش وای ووتووە
سلێمانی شارێکی ئێجگار دوو ڕووە
نیوەیەکی گۆڕستان و جێ نزرگەی خۆشەویستانی جارانە
نیوەکەی تر جێگەی هەڵپەڕکێ و سوڕدانە
هەندێکیشیان ئەڵێن نەخێر قەت وا نەبووە
لەوەتەی ئەم هەڵۆیە دروست بووە بێشکەی بیری زیندوو بووە
ئەوە نییە سەیوان گڕی ڕەنگ خوێنی تێ بەر بووە
هەندێکیشیان کە تێبینیان زۆر کەمە
نارەحەتن ئەڵین زستانەکەی سەختە و هاوینەکەشی زۆر گەرمە
هەندێ کەسیش ئەڵین نابێ نابێ
شارێ کەجێ ئەو حەزرەتە گەورانە بێ
ئەبێ وەك کەعبەت و الله بێ
ئەقڵ و مەنتیق قبووڵ ناکا
کە ئەوەندە باڕی تیا بێ
ئافرەت وا ئاڵ و واڵا بێ
والله نابێ بیلا نابێ
لای هەندێکیش ئەم شاری سلێمانیە
وەك شارانی هەموو دنیا ژیان تێیدا ئاساییە
شتی تازە دروست ئەبێ بیری کۆنیش خەریکی ماڵ ئاواییە
هەندێ کەسیش کە بیر و ڕاییان ماقولە
ئەڵێن ئێرە ئۆقیانوسێکە زۆر قوڵە
کەس نازانێ لەناویا چی ڕوو ئەدا
ڕۆژی چەند جار هەر ماسیە و ماسی ئەخوا
هەر دەعبایە و دەعبا لەگەڵ خۆی ئەبا
کەس نازانێ ئەم ئۆقیانوسە شێتە بۆ کوێ ئەڕوا
بەڵام لای من ....
سلێمانی داغستانی حەمزاتوفە
هەرچەندە مرۆڤ لەم شارەدا
ساڵ دوانزەی مانگ دەست لەملانی ئاخ و ئۆفە
بەڵام ئەم شارە بچوکە زۆر گەورەیە
هەر لێرەدا ژیان تام و مانای خۆی هەیە
ووتنی:حەمە جەزا
هۆنراوەی شێرکۆ عەبدوڵا
بهروار: 13/11/2024
109 جار خوێندراوهتهوه
|