زیخ لە پێڵاودا ، پێ ئەشەلێنێت!
هەر کاغەزێک لە جامی ئوتومبێلەوە فڕێی دەدەین، دەبێت کەسێک بنوشتێتەوە هەڵیبگرێتەوە ، نوشتانەوەی هەرمرۆڤێک بۆ کارێک کە ئێمە کردوومانە جۆرێکە لە بێڕێزی ،
خودای گەورە لە قورئاندا لە (١٣٠) ئایەتدا باسی پەرستش و عیبادەتی بەندەکانی دەکات ، بەڵام لە (١٠٥٤) هەزار و پەنجاو چوار ئایەتدا باسی ئەخلاق و مامەڵەی مرۆڤ دەکات لەگەڵ چواردەوریدا.
توێکڵی گوڵە بەڕۆژە و قوتوی بیبسی و پاکەتی جگەرە و زەرف و عەلاگە فڕێدان جۆرێکە لە مامەڵە و ئەخلاق لەگەڵ (ئاژەڵ و سروشت و ژینگە و مرۆڤەکان) باسەکە پەیوەست نییە ، بە ناسکی و پەمەیبوونەوە ، پەیوەستە بە ئاین و ئاکار.
شفیعی کەدکەنی دەڵێت ( مەعریفەیەک مرۆڤ لەهەڵە و کەموکورتی نەگێڕێتەوە ، نەزانی باشترە)
ئایندارییەک کە تەنها وابەستەی پەرستشەکانی نێوان خۆی و خودا بێت و واز لە زۆرینەکەی مامەڵەکەی بهێنێت کە پەیوەستە بەوانی ترەوە ، دەبێتە عادەت و ڕاهاتن ، نەک عیبادەت و پەرستش.
هۆشیاری و خوێندەوارییەک کە تەنها پەیوەست بێت ، بە دەق و کتێب و بڕوانامە و نازناوی زانستی و بنەماڵە ، مەعریفەیەکی وشک و بێکەڵکی لێدەردەچێت ، کە ناتوانێت سنوری دەق و زانکۆ و مێزگردەکان تێپەڕێنێت ، دوای تەواوبوونی کۆڕ و سیمینار و چالاکیەکان ، جێهێشتنی هەزاران دەبەی ئاو و کاغەز و پاشماوە باشترین سەلمێنەری ئەم ڕستانەن.
...........................
درک کردن بە ئازاری ئەوانی تر جۆرێکە لە پەرستش ، جۆرێکە لە هۆشیاری ، هۆشیارییەک کە لەناو کتێب و زانکۆکاندا دەستت ناکەوێت ،
پرسیارەکە ئەوەیە:-
(ئایا مندالەکانمان سالم بن یان عالم بن) ئایا خۆمان سالم بین یان عالم ؟
هیچ خراپییەک لەوەدا نییە مرۆڤ زمانی زیاتر بزانێت ،پەرە بە ئالگۆرێتیمی زانیارییەکانی بدات پەرستشی زیاتر ئەنجام بدات ، عالم بوون ، زانا بوون ، ڕێگەی زەینی مرۆڤ ڕونتر و گەشاوەتر دەکات ، بەڵام زانستێک بەبێ ئەوەی بە تەنیشت ئاشتی ئەوانی تردا بڕوات دەبێتە بابەتێکی سەپێنەر ، دەبێتە (ئۆبنهایمەر) دەیان بۆمبی ئەتۆمی دروست دەکات ، کە لە چرکەیەکدا سەدان هەزار مرۆڤ و ئاو و ئاژەڵ و ژینگە و زیندەوەر دەکوژێت ، زانستێک بە ئاشتی تێنەپەڕێت بەلای ئەوانی تردا مەترسییە ، مەترسیی (درک نەکردن) بە نووشتانەوەی کەسێک.
هیچ نەنگییەک لەوەدا نییە ، منداڵەکانمان بنێرینە باشترین قوتابخانە و زانکۆکانی دونیا ، بەڵام نەنگی گەورە ئەوەیە تەنها چاومان لە تێکڕای کۆنمرەکانی بێت ، بەڵام هیچ کات چاومان لە کۆنمرەی ساغڵەمی و ئاشتەواییەکەی نەبێت لەگەڵ ئەوانی تر بە درێژایی ساڵ فێرمان نەکردبێت ، چۆن کۆمێنت فڕێنەداتە ناو بابەتێکەوە ، هەر بەو چەشنەی چۆن قوتووی ساردی و کاغەزی چپس و دەبەی ئاوەکەی فڕێ نەداتە سەر شۆستە و شەقامەکان.
..........................................
ئەڵێن (بێڵ گیتس) ڕۆژێک لە چێشتخانەیەک نانی خوارد دواتر (٥ دۆلار) بەخششی بە شاگردەکە ، شاگرد سەراسیمە و سەرسام بوو ، گوتی قوربان هەفتەی پێشووتر کچەکەت لێرە نانی خوارد کەچی (٥٠٠$) بەخششی دا !!
گیتس گوتی (ئاخر ئەو کچی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە ، بەڵام من کوڕی دار فرۆشێکم)
هەموومان کوڕ و کچی کۆمەڵێک دایک و باوکی زەحمەت کێشی دارفرۆشی ڕەنجاوی ژیانین ، کە تەنها چەرم و ئێسقانی لاشەیان ماوەتەوە ، بە سێبەری و تاریکی ڕۆشتوون بۆ کار و بە سێبەر و تاریکی گەڕاونەتەوە ، زۆریان دەرفەتیان نەبوو بە هۆی بەخێوکردنی ئێمەوە ژیانێکی باشتر بژین.
ئەگەر بیری دارفرۆشی و ئاوکێشی و دروومانی و نانکەری و زەحمەت کێشی باوک و دایک و دەستی قڵیشاوی براو خوشکەکانمان هەبێت.
دەبێت دەبەیەک کەمتر ، عەلاگەیەک کەمتر ، توێکڵە گولەبەرۆژەیەک کەمتر ، کیسەی جل و بەرگ و مقابەیەکی کەمترمان لەبەر خاتری ئەو براو باوکانە ببەخشیایە بە شەقام و سروشت و ژینگە و ئاژەڵەکان.
تا هەموومان هەم بە عالمی ، هەم بە سالمی بە تەنیشتی یەکەوە بژیاباینایە و کەمتر یەکێکمان بۆ ئەوی تر ناچاری نووشتانەوە ببوایە .
نوقتە سەری دێڕ .........
.......................................................................
بیهێننە بەر چاوی خۆتان ئەمانە برا یان باوکی هەر یەک لە ئێمە بوایە چ ئازارێکمان دەچەشت بەو وێنانە
کورد ئێژێت (ئەگەر زیخ نییە لە کەوشتدا ، بۆچی ناتوانیت بەڕێکی بڕۆیت) ، دەی کەوشمان پڕە لە زیخ بۆیە نەمانتوانی بەڕێکی ژیان بکەین ، ڕووی دەمم لە هیچ کەس نییە جگە لەخۆم ، کەوشی من ، پێش هەمووتان پڕە لە وردە بەرد ، هەوڵ ئەدەم جار جار بوەستم و بیتەکێنم و کەمتری بکەمەوە تا بتوانم بڕێک بە بەزەیی و ئاشتیەوە بەڕێکی بڕۆم.
هێمن عەبدولقادر
واشنتۆن
بهروار: 08/11/2024
113 جار خوێندراوهتهوه
|