کاندید
کاندید بونەوەرێکە تەماحی لە هێزی ئێمەیە بۆ ئەوەی هەبێت، ئەو چارەنوسی خۆی دەداتە دەست ئێمە، تا دواتر دەست بەسەر چارەنوسماندا بگرێت، ئێمە دەبێت جارێک هەڵیبژێرین، تا ئەو بتوانێت بۆ هەمیشە بڕیارمان بۆ بدات...

ئەو تەنیا یەک پرسیارمان لێدەکات «منتان دەوێت یان نا؟». پرسیارەکەی پرسیاری سوبێکتێکی ترساو و دوودڵە، بەڵام سوبێکتێکی ترسناک، سوبێکتێک هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی خۆی جوانبکات، ئەو هیچ کات ناپرسێت ئێمە کێین، ئێمە لە ڕوانگەی ئەودا مەخلوقاتی بێ دەموچاوین کە گرنگ نییە چیین و چۆن دونیا دەبینین، پرسیارەکە هەمیشە ئەوەیە ئەو کێیە، دەنگدەر هیچ نییە جگە لەو کۆیلە هیگڵییەی کە شەرعییەت بە سەروەری ئەو دەبخشێت. لە ڕاستیدا ئەو بۆشاییەکی ڕەهایە، هیچییەکە کە ناتوانێی خۆی خۆی پڕبکاتەوە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگای ئەوانی دییەوە بوونی هەیە.

کاندید ئاماژەیەکە بۆ بوونی ئینسان لە دۆخی بێفۆڕمیدا، بۆ بونەوەرێک کە لە هەموو وجودی پێشینەی خۆی دڵنیانییە، کەسێکە تەنیا بە دەستبەسەراگرتن بەسەر متمانەی ئەوانی دیدا دەتوانێت بوونی هەبێت.

کاندید کاغەزێکی سپی دەهێنێت و دەیەوێت ئەوانی تر ئیمزای بکەن. بوونی کاندید نیشانەی نەبوونی هیچ جۆرە پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. بوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سیستمی ئێستا تەنیا لەسەر بێدەسەڵاتکردنی ڕەهای مرۆڤەکان لە دەسەڵاتی سروشتی خۆیان دەژی.

گەر «دەسەڵات» دەرکەوتەیەک بێت کە لە هەموو لایەکەوە دێت و لە هەموو جێگایەکەوە هەڵدەقوڵێت، کەواتە مرۆڤەکان هەموو وە بۆ هەمیشە و لە هەموو جێگایەکدا دەبێت خاوەن دەسەڵاتی خۆیان بن، بەڵام کاندید ئەو بونەوەرە یە کە ئەو دەسەڵاتە سروشتییە دەوەستێنێت، کاندید بوونی خۆی لەسەر نەفیکردنی دەسەڵاتی سروشتی ئینسانەکانی دی داڕشتووە.

کاندید بەو مانایە نوێنەرمان نییە، ئێمە بگەیەنێتە دەسەڵات، بەڵکو نوێنەرمانە دوای ئەوەی لە هەموو دەسەڵاتێکمان دەخات. ئەو تەنیا لەسەر نەفیکردنی ڕەهای ئێمە بوونی هەیە، بوونی ئەو نیشانەیەکی گەورەیە کە ئێمە نین.

بەختیار عەلی
پارچەیەک لە وتاری (کاندید)
لە کتێبی: «ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەکانی»
به‌روار:  08/10/2024
98   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   631
کۆی سه‌ردان:   30050251