گۆڕی فاتم چەمچەماڵی

ڕۆژی 2024.10.2

سەردانی گۆڕی " شەهید ئاسۆ ی برام  و شەهید شێرکۆ عەبدوڵا" مان کرد کە  چلەمین ساڵیادیان بوو.
پاشان چوومە ئەو گۆڕستانەی بەرامبەر گۆڕستانی سەیوانە و گۆڕهەڵکەنێکی لێیە، ووتم:
پرسیارێکی قۆڕ بکەم؟
ووتی: بەس با زۆر قۆڕ نەبێ.
کە چیرۆکەکەم بە کورتی گێڕایەوە ، ئەو ووتی:
من گۆڕی باپیرەی خۆم بە زەحمەت دەدۆزمەوە، جا تۆ لێرەوە فاتیحایەکی بۆ بخوێنە پێی دەگات.

چیرۆکەکە:
ڕۆژی 1991.4.1   خەڵکی بەختیاری  لە مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە ، بە دیار تەرمی " شەهید شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندار" ەوە بووین کە دەشۆرا.
تەرمی ژنێکیان هێنا کە کوڕێکی لەگەڵدا بوو.
تەرمی ژنەکەش برا بۆ گۆڕستان و  بە جل و بەرگەوە نێژرا.
شەو کوڕەکە لە ماڵی ئێمە بوو، ووتی:
ئێمە خێزانێکی ئەنفالین و لە چەمچەماڵین و دایکم " فاتم" ی ناوە.
کە کەرکوک گیرایەوە پێکەوە بەرەو سلێمانی هەڵاتین.
دوو مانگامان هەبوو، لە ڕێگا کە کۆپتەر کەوتە بۆردومان کردن، ووتم دایکە مانگاکان بە جێبهێڵە با نەکوژرێیت.
دایکم ووتی: کوڕم ئێمە بەم دوو مانگایە دەژین چۆنی بە جێبهێڵم.

کە کۆپتەرەکە گەڕایەوە سەرمان من دوورە جادە بووم و دایکم بەرکەوت.
زۆر ماندوو بوو ، هەر ئێوارە خەوی لێکەوت.

بۆ شەوەکەی ماڵی ئێمە بە گەڵابەکەی " کاک ئیسماعیل" ی ڕەحمەتی خەزوورم هەڵاتین و کوڕەکەش تا عەربەت لەگەڵمان بوو.

پێش جیا بوونەوە،باوکم ووتی: 
ئەمەی بدەرێ ئەو داماوە لەوە ناچێت هیچی پێ بێت.

زۆربەی جاران لە سەردانەکەی کوردستان  کەسەردانی گۆڕەکانی خۆمان دەکەم ، دەچمەوە نزیک گۆڕەکەی" فاتم چەمچەماڵی" و ناشزانم کامە گۆڕه ، بەڵام فاتیحایەکی بۆ دەخوێنم

شێرزاد عەزیز
سلێمانی
https://www.malmokurd.com/agadary-42470-3
به‌روار:  04/10/2024
166   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   87
کۆی سه‌ردان:   30079202