ئیقامەی سوید 🇸🇪💙

لاکسۆ 1998.9.30

لەکەمپی لاکسۆ هەر پەنابەرێک" 2100" کرۆنمان وەردەگرت و ئەوانەمان کە جگەرە کێش بوون ، لە نیوەی مانگەوە قەرزمان لە "کاک محەمەد مەولود" دەکرد کە خەڵکی هەولێر و پێکەوە بووین.
فەرەجی سووریش خواردنی ووشکەی دەهێنا بۆ کەمپ و دەیفرۆشت.

عەسرێکی درەنگ له ڕیزی ئوتومبێلەکەی فەرەج وەستا بووین و هێڤار هات و ووتی" 
پۆستێکت بۆ هاتووە نووسراوە وەرە بۆ ئۆفیس، خێرا بڕۆ بەڵکو ئیقامە بێ.
پۆستەکانی شووقەکەی ئێمە پێش کاتژمێری 1 پاش نیوەڕۆ دەهات و کاتی پۆست هاتن نەمابوو.
یەک دوانێک بەتوڕە بوونەوە ووتیان، ساڵ زیاترە لەم کەمپەین هێشتا ئەنتەرڤیومان نەکردووە.
زۆربەی ئیقامەکانی لاکسۆ لە نێوان " ساڵێک تا دوو ساڵ" وەردەگیران.

کەچووم بۆ ئۆفیس" ئینگر" بانگی کردم و لاپەڕەیەکی بە دەستەوە بوو، تەوقەی لەگەڵ کردم و ووتی:
پیرۆزە شێرزاد  ئیقامەکەت دەرچوو. ئەو ڕۆژە ڕۆژی له دایک بوونیشمە.
ئەو کاتە من شەش مانگ و نیو بوو لە سوید بووم.

ئەو دەمە تەنیا لە ڕێگەی فاکسێکی سەتەلایتەوە ، پەیوەندی بە کوردستانەوە دەکرا، خێرا چوومە دوکانەکە و فاکسێکم بۆ بەهار نووسی و بە گەورەیی نووسیم:
مژدە ئیقامەکەم دەرچوو.

ساڵانێکی زۆرە کێشەی" خەوتن" م هەیە و لە لاکسۆ ، شوقەی پەنابەران ، دوو ژوور و هەر ژوورێکی دوو کەسی تیا بوو، بە هیمەتی ئینگری هاندلێگەرێکەمان ، من بە تەنیا لە ژوورێکدا بووم.

من کۆمۆنی " هێبی" لەسەروو ئۆپساڵاوە وەریگرتم و دەشتوانی تا سێ شوقەش ڕەتبکەیتەوە،بەڵام  داوای گواستنەوەم کرد بۆ مالمۆ.

ئینگر ووتی:
کۆمۆنی مالمۆ بە خێرهاتنت ناکات، بەڵام کۆمۆنی هێبی خۆیان داوای پەنابەر دەکەن، بیر لە کەس مەکەرەوە ، بیر لە خێزانەکەت و خۆت بکەرەوە.

ئێمە ڕێنماییەکەی " خاتوو ئینگر" مان پشت گوێ خست .
گەرچی مالمۆ شاری دووەممانە و بە نیازم تیا بمرم.
بەڵام گەر ئەو کاتە بچووینایەتە" هێیبی" ، بە دڵنییاییەوە سویدیەکەمان زۆر لە ئێستا باشتر و ڕەنگیشە " زانکۆ"شمان تەواو بکردایە کە خەونی گەنجێتیمان بوو.

سوپاس بۆ خوا و بۆ سوید کە ژیانێکی شەرەفمەندانەی پێ بەخشیوین، گەر سویدی پله دووش بین ، ژیانی خۆمان و خێزانمان لە کوردی پلە یەک گرەنتی ترە.

کە بیر له مردن دەکەمەوە دەڵێم: خوایە ئەم سویدە بپارێزە کە کە مناڵەکانمی تیا دەژین و لە کوردستانێک ناژین، کە سامان و خێر و بێرەکەی بۆ سیاسیە دزەکان و دەوڵەمەندە چاوچنۆکانی شەریکی بەرپرس و حیزبە ، و خەڵکە شەریف و موستەهەقەکەشی چاوەڕوانی مووچەی حەڵاڵی خۆیانن کە وەک سەدەقە پێیان دەدرێ.

شێرزاد عەزیز
سلێمانی

سەیری وێنەکان بکەن

به‌روار:  26/09/2024
413   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   99
کۆی سه‌ردان:   30079214