خوێنی ئیسماعیل
یەكەم: ئەوەی ئیسرائیل لە فەلەستین ئەنجامی دەدات بە هەر پێوەرێك بێت ڕەشەكوژییە و كوشتنی ژن و منداڵ لە فەلەستین هیچ مۆراڵێكی تێدا نیە و پرسیار دەخاتە سەر جیهانی ئێستامان لە مەسەلەی پێشكەوتن و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ.
دووەم: خوێنی ئیسماعیل لە تاران، لە خوێنی سمكۆ و قاسملۆ و شەرەفكەندی و هەزاران شۆڕشگێڕی تر سورتر نیە، كە نەك هەر گەلانی دنیا هاوخەممان نەبوون و نین، بەڵكو كوردی خۆی لەسەر خەم و برینەكانی خۆی ناوەستێت.
سێیەم: تیرۆركردنی ئیسماعیل لە ئێران و دوور لە شەڕەكە پێمان دەڵێت فۆرمی شەڕی ڕووبەڕوو گۆڕاوە و ئەوەندەی دەستە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان كاریگەری هەیە، ئەوەندە هێز و بازووی شەڕكەران و موجاهیدەكان كاریگەری نییە.
چوارەم: من ترسم لەو كەسانە هەیە كە وەك ئایین یان ئایدۆلۆژیا بەرگری لە خوێن دەكەن نەك وەك مرۆڤ. بە تەنیشتتەوە خوێن بڕژێت و بێدەنگ بیت كەچی چاوت لە ڕژانی خوێن بێت لەوبەری پردەكە، لێرەدا سۆز زیاتر زاڵە نەك عەقڵ.
پێنجەم: ئەگەر جولەكەكان موسوڵمانان بكوژن و لانی كەم بە شەڕی باوەڕ و بێباوەڕ بیبینیت، ئەی خۆ هێرشی سوپای ئاردۆگانی موسوڵمان بۆسەر گەلی موسوڵمانی عەفرین و كۆبانێ و ڕوخانی مزگەوت و كوشتنی منداڵ، هیچ بەهانەیەك هەڵناگرێت و بێدەنگی گەلانی موسوڵمان بە كوردانی موسوڵمانیشەوە خۆی بۆخۆی ئیشكالی گەورەیە.
شەشەم: لە كاتی ئۆپراسیۆنی ئاردۆگان بۆ سەر شارە كوردییەكانی ڕۆژئاوا، تویتی زۆرێك لە سەركردەكانی حەمماسی فەلەستینم بینی كە پیرۆزیاییان لە ئاردۆگان دەكرد بەهۆی سەركەوتن بەسەر كورداندا، ئەمەش بۆ من تەواو جێگەی نیگەرانی بوو، كە گەلی زوڵملێكراوی فەلەستین برینەكانی كوردانی موسوڵمان نەبینن. پێشتریش لە تراژیدیای باشور لە هەڵەبجە و ئەنفال نەك هەر بێدەنگ بوون، بەڵكو كۆمەكیان بە ڕژێمی بەعس دەكرد و هاوسۆزی سەدام حسین بوون.
حەوتەم: خوانی ئێران، لە پرسەدا بێت یان لە شایی، هەر خوێن بەرهەم دەهێنێت. ئێران وڵاتێكی ئاڵۆزە. مەرگی سەرۆك كۆمار و دواجاریش مەرگی ئیسماعیل، جۆرێك لە لێڵی تێدایە كە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جدی هەیە. هێندە هەیە تاران بەدەم كەسەوە پێناكەنێ، جارێك شێركۆ بێكەس وای وت.
هەشتەم: ئەگەر دەستی ئیسرائیل بگاتە ناو جەرگەی ئێران و لەناو پایتەختی نەیارەكەیدا گورزی خۆی بوەشێنێت، ئەوا دەبێت بە كۆی بیركردنەوە و فیكر و زانست و دنیابینیتدا بچیتەوە. ئەگەر بتەوێت بەم شێوەیە شەڕی هێزێك بكەی كە گەورەترین چەكی ئەتۆمی هەیە، ئەوا دەبێت تەفسیری خۆت بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە بگۆڕیت.
نۆیەم: هەر هەوڵێك بۆ كوشتنی سەركردە و ژێرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی خزمەت بە ئیسرائیل و فەلەستین ناكات و دۆخەكە هێندەی تر ئاڵۆزتر دەكات و خوێنی زیاتر دەڕژێت و ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلانی ناوچەكەش دەخاتە مەترسییەوە.
دەیەم: لەم عسرەدا بە بیروباوەڕەوە خەبات بكەیت گرنگە، هەر ئایدیایەك، هەر ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و نەتەوەیەك، بیروباوەڕی پتەو لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت، مایەی لەسەروەستانە. لەم عەسرەدا شتێكت هەبێ بۆی بمری گەورەترین سەروەتە.
عەزیز ڕەئوف
بهروار: 31/07/2024
197 جار خوێندراوهتهوه
|