شێخ جەعفەری کۆنە محافز کێیە؟؟
كەس نییە لەكۆتایی حەفتاكان یان هەشتاكانی سەدەی رابردودا لەشاری سلێمانی ژیا بێت‌و نەزانێت شێخ جەعفەر شێخ عەبدولكەریم بەرزنجی كێیە. شێخ جەعفەر، پارێزگاری پێشوی سلێمانی‌، کە پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئاوارەیی‌و دەربەدەریی، لەنەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئەردەن ئێوارەی ٢٦ی تەموز سەری نایەوە، لەرۆژگارێكدا پارێزگاری سلێمانی بو، کە بەعس بەوپەڕی قەساوەت‌و توندوتیژییەوە حوكمی كوردستانی كرد، لەبەرئەوە زۆرێک لەخەڵکی پێیانوایە شێخ جەحفەر بەشدارێکی کارا بووە لەو توندوتیژیی‌و سەركوت‌و راوەدونان‌و تۆقاندن‌و ئەشكەنجەو لەسێدارەدان‌و كیمیاباران‌و ئەنفال‌و كوشتارەی بەعس بەرامبەر بەخەڵکی کوردستانی کرد.



شێخ جەعفەر بەرزنجی، سەر بەبنەماڵەیەكی ناسراوی ناوچەی قادر كەرەم-ە، شێخ عەبدولكەریمی باوكی کە شێخی تەریقەتی قادری بوە، شێخێكی دەستڕۆشتوی رۆژگاری خۆی بوە لەو ناوچەیەدا‌و 8 ژنی هێناوەو 10 كوڕو 8 کچی هەبوە، كە شێخ جەعفەر لەهەمویان زیاتر لەناو خەڵکدا ناسراوە.


شێخ جەعفەر، ساڵی 1938 لەقادركەرەم لەدایكبوە، لەشەستەكانی سەدەی رابردودا بوە بەپێشمەرگەی ئەیلول، ساڵی 1969 كاتێك لەهێزی رزگاری فەرماندەیی شەڕێكی كردوە‌و تێكشكاوە لەناوچەی گەرمیان، مستەفا بارزانی بۆ ماوەی دو ساڵ خستویەتییە زیندانی "رایات"ەوە.  سالًی 1974 كە شەڕی نێوان سوپای بەعس‌و پێشمەرگە دەستپێدەكاتەوە، شێخ جەعفەر دەچێتە پاڵ حكومەت.


لەپاش شكستی شۆڕشی ئەیلول، حزبی بەعس‌و سەدام حسێن بۆ رەگداكوتانی بەعس لەكوردستان‌و بەڕێوەچونی كارە ئیدارییەكان، بەپێی پلانێکی تۆکمەی سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازی پشت بەچەند كەسێك دەبەستێ‌‌و متمانەیان پێدەكات كە تا روخانی ئەو رژێمە بەوپەڕی دڵسۆزی‌و ئەمەكدارییەوە لەگەڵی مانەوە.


ئەم كەسانە هەریەكەو سەر بەبنەماڵەیەكی ناوداری ناوچەیەكی كوردستان یاخود خێڵ‌و عەشرەتێكی بەناوبانگ بون، لەوانە: نەقشبەندی، جاف، زەنگەنە، ئوتروشی، شێروانی، برادۆستی، زێباری، هەركی، سورچی...هتد. بەعس لەدوای ئاشبەتاڵ كار لەسەر ئەوە دەكات لەپاڵ سیاسەتی سەركوت‌و تۆقاندندا لەڕێگەی پارە‌و رازیكردنەوە كورد لەشۆڕش‌و یاخی بون دور بخاتەوەو بەلای خۆیدا رایانبكێشێ‌.  ئەم رۆژگارە كە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا، پارەیەكی زۆر دەڕژێنێتە كوردستانەوەو بەشێك لەكاروباری ئیداری بەكەسانی وەك ئەرشەد زێباری، شێخ جەعفەر بەرزنجی، یەحیا جاف، ئیبراهیم زەنگەنە‌و چەندانی تر دەسپێرێت، كە هاوكار‌و پیاوی متمانەپێكراوی بەعس بون.


شێخ جەعفەر لەسەرەتادا دەكرێت بەسەرۆكی شارەوانی پێباز، پاشان دەبێت بەسەرۆكی شارەوانی دوكان، پاش ئەوەش بۆ ماوەی چەند مانگێك بەوەكالەت دەبێتە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی. ساڵی 1977 تا 1980 كە ئەرشەد زێباری پارێزگاری سلێمانی دەبێت، شێخ جەعفەر بەرزنجی دەكرێت بەجێگری پاریزگار.


ساڵی 1980 كە ئەرشەد زێباری دەكرێت بەوەزیری حكومەتی عێراق، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەشێخ جەعفەر دەسپێردرێت. ئەو 10 ساڵەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی دەبێت (1980 تا 1990)، بەرەشترین‌و تۆقێنەرترین‌و پڕ لەكوشتارترین 10 ساڵی شاری سلێمانی‌و سنوری ئەم پارێزگایە دادەنرێت.


لەم 10 ساڵەدا لەپاڵ شەڕی عێراق‌و ئێراندا، شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای بەعسیش بەردەوام دەبێت، هەڵمەتی تۆقاندن‌و راوەدونان‌و رەشبگیریی‌و زیندان‌و کوشتارو راگواستن‌و تەخت کردنی گوندەکان دەستپێدەکات.  لەساڵی 1987‌و 1988دا كە عەلی حەسەن مەجید لەلایەن مەجلیسی قیادەی سەورەو قوتری بەعسەوە دەكرێت بەئەمینداری نوسینگەی باكوری حزبی بەعس، لەلایەن سەدام حسێنەوە تەواو سەرپشك‌و دەستكراوە دەكرێت بۆ ئەنجامدانی هەمو توندوتیژیی‌و تاوانێك، ئەم كوشتار‌و دڵڕەقییە لەپارێزگای سلێمانی بەتایبەتی‌و لەهەمو كوردستاندا بەگشتی دەگاتە ترۆپك‌و پرۆسەی ئەنفال‌و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەستپێدەكات. ئەم توندوتیژیی‌و جەللادییەش بەهاوكاری‌و چاوساغی ژمارەیەك لەكورد ئەنجام دەدرێت، كە شێخ جەعفەر بەرزنجی یەكێكیانە.


ئەرشیفی تەلەفزیۆن‌و رۆژنامە كوردی‌و عەرەبیەكانی سەردەمی بەعس دەیان لێدوانی شێخ جەعفەریان لەخۆگرتوە كە چۆن لەو رۆژگارە رەشەدا بەوپەڕی ئەمەكدارییەوە دڵسۆزی خۆی بۆ "سەرۆكی فەرماندە"‌و "حزبی پێشڕەوی بەعس"‌و "سوپا دلێرەكەی عێراق" دوپات دەكاتەوە، سەرۆك‌و حزب‌و سوپایەك كە مەگەر تەنها "نزار خەزرەجی" سەرۆك ئەركانی پێشوی عێراق لەیاداشتەكانیدا وێنای كردبێت چۆن بەوپەڕی قین‌و رق ئەستورییەوە ئاگریان بەسەر شار‌و شاخ‌و گوندو دەشت‌و دەری پارێزگای سلێمانیدا باراندوە.


 ساڵی 1990، پلەی شێخ جەعفەر بەرز دەكرێتەوە‌و دەكرێت بەسەرۆكی "مەجلیسی تەنفیزی حوكمی زاتی"، بەڵام زۆر ناخایەنێت كە لەبەهاری 1991دا، بەهۆی داگیركردنی كوێت لەلایەن سوپای عێراق‌و هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی كەنداوو هێرشی هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، خەڵكی كوردستان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ‌ راپەڕن‌و دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لەكوردستان رابماڵن.


سلێمانی (لەپاش رانیە) یەكەم شاری گەورەی كوردستان بو كە لەدژی رژێمی بەعس راپەڕی، ئەوكات (كاكل حەمەد مەولود) پارێزگاری سلێمانی بو، شەپۆلی توڕەیی خەڵكی راپەڕیو لە7ی ئازاری 1991دا هەمو بەربەستەكانی رژێمی بەعسی راماڵی، پارێزگارو بەڕێوەبەری ئەمن‌و بەڕێوەبەری پۆلیس‌و هەرچی جەللادو بەعسیی ناسراوی شاری سلێمانییە خێرا خۆیان لەئەمنە سورەكەدا قایم كرد، بەو هیوایەی لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا رژێمی بەعس لەكەركوك یان بەغداوە فریایان بكەوێ‌، بەڵام ئەمەش دادی نەدان‌و ئەوانەی لەو بینا ترسناكەدا خۆیان حەشار دابو، پاش دو رۆژ لەبەرگریی، هەر هەمویان كوژران.


ئەم روداوە بو بەوانەیەك بۆ ئەو كاربەدەستە بەعسیانەی لەهەولێر‌و دهۆك مابونەوە‌و هێشتا شەپۆلی راپەڕین نەگەشتبوە سەریان، بۆیە هەر زو فریای خۆیان كەوتن‌و بەرەو بەغدا هەڵهاتن، كە شێخ جەعفەر یەكێك بو لەوانە.


شێخ جەعفەر بەرزنجی وەك سەرۆكی مەجلیسی تەنفیزی حوكمی زاتی كوردستان، لەساڵی 1991ەوە تا 2003 كە رژێمی بەعس دەڕوخێت لەبەغدای پایتەخت دەمێنێتەوە، سەدام حسێن لەو ماوەیەدا خانویەكی لەپایتەخت پێدەبەخشێت، كە دوای روخانی رژێم دەیفرۆشێت.


پاش روخانی رژێم لەساڵی 2003دا، شێخ جەعفەر رودەكاتەوە هەولێر‌و پاشان دەچێتەوە شاری كەركوك‌و لەماڵەكەی خۆی دادەنیشێت‌و لەلایەن كەسوكارەكەیەوە پاسەوانی دەكرێت. بەڵام هەواڵی گەڕانەوەی بۆ هەولێر‌و كەركوك، رای گشتی كوردستان لەدژی ئەم كۆنە پارێزگارەی سلێمانی‌و سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی تەنفیزی حوكمی زاتی‌و بەعسیە، دەهەژێنێت.


لەدادگای سلێمانی، كەسوكاری چەند خوێندكارێكی شەهید داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەكەن بەتۆمەتی ئەوەی لەبەردەم ئامادەییەكی شارەكەداو بە بەرچاوی خەڵكەوە شێخ جەعفەر وەك پارێزگار‌و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگاكە، فەرمانی گولەبارانكردنی ئەو خوێندكارانەی داوەو لەكاتی گوله‌باران كردنیاندا لەخۆشیدا چەپڵەی لێداوەو وتویەتی "ده‌ستی ئه‌وه‌ ده‌شكێنم چه‌پله‌ لێنه‌دات".


دادگا بڕیاری دەستگیر كردنی بۆ دەردەكات، بەڵام بەرلەوەی بڕیارەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، شێخ جەعفەر كەركوك بەرەو دیمەشقی پایتەختی سوریا بەجێدەهێڵێت، كە لەو رۆژگارەدا ببوە مەڵبەندی كۆبونەوەی بەعسیە هەڵاتوەكانی عێراق.


ناوبراو تا ئەو كاتەی سوریا شۆڕش‌و نائارامی تێدەكەوێ‌ لەدیمەشق دەمێنێتەوە، پاشان بۆ ماوەیەكی كەم دەچێتە توركیا‌و لەوێشەوە پەنا دەباتە بەر عەممانی پایتەختی ئوردون، كە زۆرێك لەبەعسیەكان لەدوای روخانی رژێمی بەعس كردویانەتە پەناگەو حەشارگەی خۆیان.


شێخ جەعفەر ماوەی چەند ساڵێكە لەشوقەیەكدا كە دەكەوێتە یەكێك لەگەڕەكە راقیەكانی عەممانی پایتەختەوە، لەگەڵ گوڵاڵەی هاوسەری سێهەمی‌و سێ‌ كچەكەیدا ژیان بەسەر دەبات.


شێخ جەعفەر سێ‌ ژنی هێناوە، دو كور‌و كچێكی هەیە لەژنەكانی پێشوی، سێ‌ كچیشی هەیە لەگوڵاڵەی هاوسەری سێهەمی كە ئەندازیارەو خوشكی شەوكەت رەشیدی هونەرمەندە.


شێخ جەعفەر كە هەشت برای هەبوە. دوانیان شەهیدن، "شێخ مارف‌و شێخ حسێن" ساڵی 1963 لەلایەن حكومەتی ئەوكاتی عێراقەوە لەسێدارە دراون‌و دو كەسایەتی دیاری كۆمەڵایەتی‌و خوێندەوار‌و نیشتمانپەروەری سەردەمی خۆیان بون‌و شێخ حسێن ئاوازدانەری سروودی ئەی رەقیبە.



ساڵی 1988، كاتێك كە ناوچەی قادر كەرەم دەكرێت بەناوچەی محەرەمە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، شێخ جەعفەر‌و پێنج برای كە لەژیاندا ماون خاوەنی موڵكێكی زۆر دەبن لەو ناوچەیەدا كە لەباوكیانەوە بەمیرات بۆیان بەجێماوە.


شێخ جەعفەر كە ئەوكات پارێزگاری سلێمانی بوە‌و دەسترۆشتو بوە، لەبەغداش بەهۆی شێخایەتییەوە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ عێزەت دوری هەبوە. داوایەكی پێشكەش كردوە بۆ ئەوەی زەویەكانی قادر كەرەمیان بۆ بگۆڕدرێتەوە بەچەند پارچە زەویەكی دەوروبەری شاری سلێمانی. حكومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەو داوایە نواندوەو بەبڕیاری ژمارە 276ی گۆڕینەوەی زەوی ساڵی 1973، لەبری ئەو زەویانەی ناوچەی قادر كەرەم، لەنزیك تاسلوجەی شاری سلێمانی یەكی 300 دۆنم زەوی بۆ ئەم شەش برایە ئیستیملاك كردوە، كە گوندەكانی "تەپەڕەش، كانی جنەی سەرو، كانی جنەی خوارو، كەنەكەوە، ئیسكان" دەگرێتەوە. پاش  ئه‌وه‌ی قادر كه‌ره‌م وه‌ك ناوچه‌یه‌كی موحه‌ره‌مه‌ نامێنێت، شێخ جه‌عفه‌رو براکانی ده‌ست به‌سه‌ر زەوییەکانی ئه‌وێشدا ده‌گرنه‌وه‌.


شێخ جەعفەر، جگە لەوەی دو برای شەهیدن، برازایەكیشی بەناوی "دلێر" پێشمەرگەی یەكێتی بوەو ساڵی 1979 شەهیدكراوە. هەروەها شێخ موعتەسەم-ی براشی كە لەدەیەی هەشتاكانی سەدەی رابردودا، ئامر فەوجی خەفیفە بوە، ساڵی 1992 لەسەردانێكیدا بۆ بەغدا دەستگیرو بێسەرو شوێن كراوەو تا ئێستاش كەسوكارەكەی سۆراغی نازانن.


شێخ جەعفەر خاڵی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی رابەری تەریقەتی قادرییەو كەسوكارە نزیكەكانی كە ئێستا بەشێكیان لەسلێمانی‌و هەولێر‌و كەركوك‌ دەژین، زۆرجار لەدانیشتنە تایبەتییەكانیاندا بەسەرسوڕمانەوە دەپرسن "بۆ لەناو ئەو هەمو بەعسیانەی هەشتاكانی سەدەی رابردودا زیاتر لەهەمویان تیشك خراوەتە سەر شێخ جەعفەر؟! ئایا هەر شێخ جەعفەر بەعسی بوە؟! بۆچی لەبەعسیەكانی تر خۆشبون‌و ئێستا بەشێكیان لەهەولێر یان سلێمانی نیشتەجێن‌و كەس ناویان ناهێنێ‌، بەڵام ئەمیان كرد بەتاوانبارە گەورەكە؟!".

ئاوێنە
به‌روار:  27/07/2024
795   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   843
کۆی سه‌ردان:   30061499