وەسێتنامەکەی ئیمامی عەلی بۆ حەسەن و حسەین

ڕەزای خوایان لێ بێت
                             
ئیمامی عەلی پێش شەهیدکردنی وەسیەتنامەیەک بۆ کوڕو نەوەکانی جێدەهێڵێ و تیایدا دەفەرموێ:

" کوڕەکانم ، داوا دەکەم لەخوا بترسن ، هەرچەند دونیا بەدوای ئێوەدا ڕابکات‌ ئێوە هەر دونیا نەویست بن ، غەم بۆ شتێک مەخۆن کە ناتوانن بە دەستی بهێنن ، حەقبێژ بن و بۆ پاداشتی ڕۆژی دوایی هەوڵبدەن ، دژی ستەمکار بن و دۆستی ستەم لێکراو ، ئێوەو خزمان و ئەوانەی ئەم نامەیەم دەخوێنێتەوە ڕادەسپێرم کە لەناویەکدا کار بۆ ئاشتی بکەن ، من لە باپیری ئێوەوە بیستومە فەرمویەتی نانەوەی ئاشتەوایی لەناو خەڵکیدا باشترە لە سەدساڵ نوێژو ڕۆژوو ، لەبەر خاتری خودا ئاگاتان لە دۆخی هەتیوان بێت ، ئەوان تاوێ برسی و تاوێ تێر جێمەهێڵن مادام نزیکن لە ئێوەوە ، بێئومێدیان مەکەن ، دراوسێکانتان بپارێزن و ئاگاداریان بن ، پێغەمبەر چەندین جار بۆ ئەم کارە ڕایسپاردون ، داوا دەکەم قورئان بکەنە پێشەنگ ، ڕێگە مەدەن کەس ڕێگریتان لێ بکات بۆ پەیڕوکردنی بەرنامەکانی ، ئەگەر خواتان لا مەبەستە هەرگیز مەهێڵن ماڵەکەی چۆڵبێت و بە گیان و ماڵ و زمانتان بەرگری لێبکەن ، چاکە کاری بکەن و ڕێگر بن لەخراپە ، ئەگەر وا نەکەن ڕەنگە خراپترین کەس ببێتە دەسەڵاتداری ئێوەو ستەمتان لێبکات و ئەوسا نزاکانیش فریاتان ناکەوێ ، ئەی نەوەکانی عەبدولموتەلیب ، ئەگەر ڕۆژێک من کوژرام نەڵێن پێشەوای ئیمانداران کوژراو ئەم قسەیە بکەن بە بیانو بۆ خوێنڕشتن و کوشتارێک لەناو خەڵکیدا بنێنەوە دەستان بە خوێنی بێگوناهان سور بێت ، بەڵکو تەنها بکوژی من تاوانبارەکەیە ، ئەو یەک کەسە ، تەنانەت ئەگەر بەیەک لێدان ئەو کارەیکرد ، نەکەن ئێوە لە تۆڵەدا بیکەن بە دوو لێدان ، ئەمە واتای دادپەروەریەو بە خواتان دەسپێرم" .

عەلی کوڕی ئەبوتالب لە 17 مارس ساڵی 599 زاینی ، بەرامبەر 13 ڕەجەب ساڵی 23  پێش کۆچی لە مەککە لە دایک بوو ، لە 29 یەنایر ساڵی 661  زاینی لە مزگەوتی کوفە لە عێراق شەهید بوو .
باوکی حەسەن و حسەین و عەباس و زەینەب و عەبدوڵاو زۆری ترە ، برای جەعفەرو عەقیل و ئوم هانی و جەمانەو زۆریترە ، دایکی ناوی فاتمەی کچی ئەسەدی هاشمیە .
ئیمامی عەلی ئامۆزای پێغەمبەرو زاوای بوو ، یەکێکە لە دە مژدە پێدراوەکە بە بەهەشت ، چوارەم خەلیفەی ڕاشدینە ،..

ئەگەر زۆر ورد لەم وەسێتنامەیە ڕابمێنی ئەوە دەردەکەوێ کە ئیمامی عەلی پەشیمانە لەوەی بە گوێی سەحابەکان و خزمان و هاوڕێکانی نەکرد کە وتیان مەدینە جێمەهێڵە ، بەڵکو بەدوای خوێنی عوسماندا هاتە عێراق و ئەو هەموو شەڕو خوێنڕشتنەی لێپەیدا بوو ، پەشیمانە لەو شەڕو خوێنڕشتنانەی کە کراوەو دەرچونی ئەو هۆ بوو بۆ زۆریان ، دەبینی لە وەسیەتەکەدا داوای ئاشتی دەکات و دەڵێ واز لە شەڕو خوێنڕشتن بێنن و وەک باوکتان مەکەن ، بەڵام حسەین بە گوێی وەسیەتەکەی نەکردو وەک باوکی مەدینە جێدێڵێ و دێتە عێراق و دەبێتە هۆی لەناوچونی خۆی و ئەو هەمووە لە بنەماڵەی ئەبوتالب ، بەڵام حەسەن کە زۆر ئامۆژگاری باوکی دەکات نەچێتە عێراق و بە گوێی ناکات و سەرو ماڵیان تیا دەچێت ، دوای شەهیدبونی باوکی ، حەسەن بە پێی ژیری خۆی و وەسیەتەکەی باوکی ئاشتی مۆردەکات و کۆتایی بە خوێن ڕشتن دێنێ و دێتەوە لە مەدینە لای مەرقەدی باپیری دادەنیشێ هەتا وەفات دەکات ..

خوای گەورە لە هەمویان خۆش بێت .
..............
مەلا فەرەجی واژەیی .. شەکیب .. بۆ خودا دەفەرموێ :

ئەی شاهی عەلا نوری جەلا من بـە فیداتم
ئەی کانی کەرەم دافیعی غەم بێنە بەراتم

لەو ڕۆژەوە خولـقاوە وجودم لە حەیاتا
کردومە فیدای یەك نەزەرت جـان و حەیاتم

حەسەن مەحمود
ئەمریکا
به‌روار:  17/07/2024
177   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   771
کۆی سه‌ردان:   29897254