دیارییەکانی شێخ محەمدی خاڵ بۆ نەوشیروان مستەفا

کۆچی دوایی 1989.7.15

نەوشیروان مستەفا دەڵێ:


 هاورێکانی شارم، هەمو ئەو کتێبانەیان بۆ ئەناردم کە لە بەغدا بە کوردی و عەرەبی دەرئەچون، هەروەها حەفتەنامەی "هاوکاری" و مانگنامەی "بەیان" و وەرزنامەی "ڕۆشنبیری نوێ". 
هەندێ لە نوسەرەکان خۆیان کتێبەکانیان بە دیاری بۆ ئەناردم. 

ڕۆژێک لەگەڵ بەریدی شاردا جزمی دوەمی تەفسیری "خاڵ" و چاپی دوەمی " پەندی پێشینان"م پێگەشت. مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ بە خەتی خۆی هەردوکیانی پێشکەش کرد بوم. 

شێخی خاڵ و من، لە دو تەمەنی جیاواز و، لە دو شوێنی سیاسی جیاواز و، لەسەر دو بیروباوەڕی جیاواز بوین.. لە ژیانمدا زۆرجار دیاری جۆراوجۆرم لە بۆنەی جیا جیا دا بۆ هات بو، بەڵام هیچیان ئەوەندەی ئەم دیارییە خۆشحاڵی نەکردم. 
لەگەڵ شێخی خاڵ هەرگیز ڕووبەڕو دانەنیشت بوم، بەڵام دو ناسیاوی قوڵم لەگەڵی هەبو، یەکەمیان وتارەکانی کە لە گۆڤارەکانی گەلاوێژ و ڕۆژی نوێ و، کتێبەکانی : فەرهەنگی خاڵ و، ژیاننامەکانی : مەلا عەبدوڵای بێتوشی و موفتی زەهاوی و شێخ مارفی نۆدێ، مەولودنامەی نەوئەثەر، تەفسیری جزمی عەمما..
 دوەمیان، ئەختەری کچی خەسرەوی برازای.. کە لەگەڵ هەریەکەیان لە قۆناغێکی خوێندن دا و، لە کۆڕێکی خەباتی سیاسیدا ئاشنا و ناسیاو بوین. هەر بە هۆی د.خەسرەو شێخ مستەفای برازای و زاوایەوە، لەو هەلومەرجە سەخت و نالەبارەدا منی خوێند بوەوە و کتێبەکانی بۆ نارد بوم. 

ئەم پیاوە گەورەیە چەندین بەرهەمی بەنرخ و گرنگی پێشکەشی گەلەکەی کرد بو. لە ناو بەرهەمەکانیدا دوانیان جێگەی تایبەتی هەیە : فەرهەنگی زمانی کوردی و تەفسیری قورئان. 

نامەیەکی کورتی پێزانینم بۆ نوسی، سپاسم کرد بۆ دیارییە بە نرخەکانی، لە خوای گەورە لەشساخی و تەمەنی درێژم بۆ ئاوات خواست.. من زۆر جار لە ناو جاف دا "دەس مۆچێنم" کرد بو، دەستی زۆر ژنی لە خۆم گەورەتر و بچوکترم ماچ کرد بو، بەڵام لە هەمو ژیانمدا ئەوە یەکەم جارم بو بۆ کەسی بنوسم " دەستە پیرۆزەکانت ماچ ئەکەم!".
 
یادیان بەخێر و ڕێیان ڕۆشن
وەرگیراوە

به‌روار:  17/07/2024
262   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   774
کۆی سه‌ردان:   29897286