ئەوكاتەی كە ژن ئەكەوێت


كە پیاوێك لە ماڵدا ئەكەوێت،  تەنها یەك كەس ئەكەوێت.
لە ماوەی كەوتنی پیاودا نە شیرازەی ماڵ تێكئەچێت، نە منداڵ لە هیچی كەمئەبێت.

ئەوكاتەی كە ژن لە ماڵدا ئەكەوێت ، وەكئەوەی كە هەر چوار پایەی ماڵەكە كەوتبێت، داروبەردی بەسەر یەكەوە نامێنێت!
ئەوكاتەی كە ژن لە ماڵدا ئەكەوێت ، كەس  لە ماڵەكەدا تاكی گۆرەوییەكانی خۆی نادۆزێتەوە،  جلی كچ ئەكەوێتە ناو جلی كوڕ و جلی پیاو هەر پارچەیەكی لە شوێنێكە!

ئەوكاتەی كە ژن ئەكەوێت، نە كەوچكی چێشتخواردن دیارە و نە خوێدان لە جێگای خۆیدایە و نە ژێرپیاڵاكان بە ئاسانی ئەدۆزرێنەوە، وەكئەوەی  ئەوانیش كەوتبن هەرچی شتومەكی ناو ماڵەكە هەیە لە جێگای خۆیدا دیارنییە.
ئەوكاتەی كە ژن ئەكەوێت نە پرچی كچ ئەكرێت بە پەلك، نە كراسی كوڕ پاكە، نە سكی پیاو تێرە و نە گوڵی ناو ئینجانەكان تێرئاون.

ئەوكاتەی ژن ئەكەوێت ، چێشت یان سوێرە یان كەم خوێ،  جلی پاك و پیس تێكەڵ و تۆزی ماڵ ئەتخنكێنێ.

هەتا ئەوكاتەی كە ژن لە ماڵدا نەكەوێت، پیاو لەو ڕاستیە تێناگات كە وەستانی ژن چەن گرنگە و كەوتنیشی چەن كارەساتە.

ژن ئەگەر ئیشی دەرەوەشی نەبێت و ژنی ماڵیشبێت، بەڵام یەك سەعات ئیشی ژن بە  قەد دە سەعات كرێكاری پیاو ناخۆشە.

 بەخێوكردنی یەك منداڵ و ڕازیكردنی پیاوێك  ئەركێكە تەنها  شانی ژن هەڵیئەگرێت!

كە باوكم مرد، دایكم تازە لە سەرەتای گەنجێتیدا بوو، بەڵام هەتا بە تەنهاییش مرد هەر خەریكی ئێمەبوو، دڵنیام ئەگەر دایكم لە جێگای باوكم بمردایە ئەوە ئێستا ڕەنگە من خوێندەوارییەكەم بەشی ئەوەی نەكردایە كە ئەم دێڕانە بنوسم !

  ئەوكاتەی كە باوكی ژنەكەم  لە سەرەتای جەنگی عێراق-ئێران دا بێ سەروشوێنبوو، خەسوم بیستویەك ساڵی  ڕەبەق بە دیار گەڕانەوەی  باوكی كچەكانیەوە دانیشت بەبێ بونی هیچ هەواڵێك ، بەڵام  كە خەزورم لە دواساتی نەمانی هیوای زیندوبوندا گەڕایەوە، خەڵكی ئەیانگوت  بۆ ژنێكی تر ناهێنیت بەڵكو ببیتە خاوەنی كوڕێك!

 چی ئەبوو ئەگەر لە بری دیارنەمانی خەزورم، تەنها یەك ساڵ خەسوم دیار نەمایە؟

هەمیشە هەڵەی پیاوەكان خەتای شەیتانە و هەڵەی ژنەكان خەتای ژنەكان خۆیانە!

 بۆ پیاوەكان سەد گوناهو یەك تۆبەیە و بۆ ژنەكان یەك گوناهو سەد  فیشەك !

   ئادەمەكان نەوسنن و نەفسی خۆیان ناگرن، كەچی باجەكەی ئەخرێتە ملی حەواكان!

ئەوكاتەی كە لە ماڵەكەتدا ژنێك بە پێوە وەستاوە، ئیتر ئەو ژنە دایكتە ، خوشكتە یان ژنتە، ئەوە بزانە كە  لە گەرمای تاقەتپڕوكێنی هاویندا لە سێبەری دارێكدا وەستاویت،  ئەوە بزانە ئەو ژنە ئەو گاڵۆكەیە كە خۆت و ماڵەكەتی ڕاگرتوە، ئەگەر بشكێت ئەوە كەوتویت!
هەتا ژنەكەت نەكەوێت لەو ڕاستیە تێناگەیت كە چەند بێ دەسەڵات و لاوازیت.

 جوانترین بە چۆكدا هاتنێك بۆ پیاو ئەو  بە چۆكدا هاتنەیە، كاتێك كە ژنەكەی كەوتوە!
شیرینترین فرمێسكێكیش كە لە چاوی پیاوێكەوە بكەوێتە خوار، ئەو فرمێسكەیە كە بۆ ژنێك بێتە هەڵڕشتن!

ئەگەر ئەم دونیا گوڵێكبێت، تۆی ئافرەت ڕەنگ و بۆیەتی.
هەركەسێكیش تۆی خۆشنەوێت دیارە ڕقی لە خۆیەتی.

حسەین عەلی شەریف
نەرویج
به‌روار:  12/06/2024
138   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   3713
کۆی سه‌ردان:   30078925