ئایا ئێزیدیەکان کوردن یان نا؟
بۆ مێژوو:
ساڵی 1975 کە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول دەبێ، "شەهید حسێن بابە شێخ و حاجی ئەتروشی ناسراو بە حاجی دۆشکە " زۆر برادەرن .
ماڵی " سلێمان بابە شێخی باوکی حسێن بابە شێخ" لە گوندی سپیندار دەبێ و لە ماڵئاوایی " شەهید حسێن و حاجی دۆشکە " کە بەرەو ئێران دەڕۆن دەڵێ:
حسێن ئەو ڕۆژەی کە ڕەبی عالمین ئەم دنیایەی دروست کرد، ئێمەی بە ئینسان و وەک نەتەوەش بە کورد خەڵق کردوە، ئەم ژیانە سەرکەوتنی تیایە و ژێرکەوتنیش.
تۆش وەکو حاجیت، کە پشتت کردە ئەم ماڵە بە شەهید بوون نەبێ نەگەڕێیتەوە.
کاک حاجی دەڵێ:
من موسڵمان و ئەو ئێزیدی لە پێشمەرگایەتی و لە ئاوارەی ئێران زۆر پێکەوە بووین، شەهید حسێن زۆر جوامێر و دەست پاک و بوێر بووە.
لەکاتی کارەساتی شەنگالیش کە له بەرنامەیەکی ڕادیۆ کوردی سوید بووین لە مالمۆ لەسەر کارەساتەکە " بەهزادی بابە شێخ برازای شەهید حسێن" پاش بەرنامەکە ئەمەی بۆ گێڕاینەوە.
باپیرم " سلێمانی بابە شێخ" پێش سەرژمێریەکەی 1977 زۆری دوعا کرد و ووتی:
خوایە بمکوژە تا بەعس بە عەرەب قەیدم نەکات.
خوا دوعاکەی هێنایە دی و پێش سەرژمێریەکە کۆچی دوایی کرد.
جارێکیشیان " میر تەحسین بەگی کۆچکردوو" دێتە شاری مالمۆ و لە وەڵامی پرسیارێکا دەڵێ:
ڕەنگە ئێزیدی هەبن خۆیان بە کورد نەزانن ، بەڵام ئەوانە ئێزیدی نین.
هەڵبەت مرۆڤ خۆی ئازادە خۆی بە چ نەتەوەیەک دەزانێ.
سوپاس بۆ " کاک هەڤاڵ کوڕی شەهید حسێن بابە شێخ" کە لە کوردستانەوە وێنەی باوکی و باپیرەی بۆ ناردین.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
تێبینی:
کۆمێنتی جوێن و زبر دەسڕینەوە یان بلۆک دەکەین.
سوپاس و ڕێز بۆ ڕەچاوکردنی
بهروار: 09/06/2024
363 جار خوێندراوهتهوه
|