خوروی دڵ
ئەڵێن ڕۆژێک (موسا) سەلامی خودای لەسەر بێت ، لە شوێنێک ئەڕۆیشت، گوێی لە شوانێک بوو ، زۆر بە تامەزرۆییەوە و عیشقەوە ، دەلاڵایەوە و دەپاڕایەوە و ئەیگوت (هۆ خوایە گیان ، بەساقت بم ، تۆ لەکوێی تامەزرۆی دیدارتم ، تۆ لە کوێی خۆم و مەڕەکانم بێین و لە خزمەتدا بین ، ئاوا و ئاوات بۆ بکەین، بەردەستیت بکەین، لە نزیکەوە رۆژانە خزمەتت بکەین ، هەرچیت پێویست بێت بچکویت بکەین، هەندێک شتی تری گوت کە مووسا بەدڵی نەبوو)
بۆیە مووسا موناجاتەکەی پێ بڕی و فەرمووی (هۆ شوانەکە ئەوە چ جۆرە دوعایەکە بەوجۆرە لەگەڵ خودای گەردوون دەدوێیت) شوانەکە شەرمەزاربوو و دوعاکەی بڕی.
پەیامێک لە دەروونی موساوە کڵپەی سەند و پێیان فەرموو (ئەی مووسا ، ئەو شوانە خەریک بوو بە زمانێکی سادە و بەشێوازی خۆی لەگەڵ ئێمە دەدوا ، کەچی تۆ نەتهێشت و ڕێگریت لێکرد)
ڕێگریکردن لە ناردنی پەیامی سادە و بچووک ،بۆ مەعشوق لە مۆڵەتدان و سەفسەتەگەری زمان سەنگینترە ، چاکەی ورد و بێنەخش و نیگار و سەفیل و باد و کاوک ، بۆ مەعشوق پەیامەی (پرسین)ە ، نەک تێربوون.
عیشق زمانی گرێ و گۆڵ نازانێت ، هۆنینەوە و ڕستەچنین کاری زیادەڕەوانە ، مەعشوق جلی شڕۆڵەی شوان و عاشقێک دەبینێت ، لە زمانی دەردادری تێئەگات ، ڕێگاکە بۆ هەمووانە ،
(خودا بە تەنها خودای مرۆڤە باشەکان نییە خودای مرۆڤە خراپەکانیشە)
خودای درەخت و کانی و ئاژەڵ و باڵندە و ژینگە و شوان و خاک و (بەژیا) و (ڕزوێ)کانە ، هەر کەس بەزمانی خۆی گۆرانی بۆ سروشت ، موناجات بۆ خودا ، دڵگەرمی بۆ ئەوانەی تر دەلێت و دەردەبڕێت ، پەیامی نێوان دوو عیشق زۆرکات هەر قەهر و قینە ، شەڕ و کەم و کورتیەکانیشیان هەر خۆشەویستییە ، تەمای نێوان دوو مرۆڤ ، دوو درەخت ، دوو ئاژەڵ هیچ نییە؟ جگە لە پێکەوەبوون
(دام هربار ماهی آوردی
ماهی آین بار رفت و دام ببرد)
سەعدی دەفەرمووێت :-
قولاب هەموو جارێک ماسی ناگرێت ، هەندێک جار ماسیەکی سادە و بچووک قولاب و ڕاوچیەکی شارەزا ئەفرێنێ و ئەیخاتە ئاوەکەی خۆیەوە.
هەر ئەمەیە کە زۆرجار دەولەمەندێک عاشقیی هەژارێک ئەبێت ، جوانێک ئاگای لە ناشیرینێک ، خانەدانێک لە بێکەسێک ، خودایەک لە شوانێک ، لە پشیلەیەک ،لە کرمێک ، لە سەگێک ، لە درەختێک ، ئەبێت .
ئاگا بوون لە (خۆشویستراو)ی عاشقێکی گەورە ، بێ ئاگایانە تۆش ئەکەویتە داو و تەروەنە و تەڵەزگی خۆشەویستییەوە گەورەکەوە.
ئەڵێن لەسەردەمی بایەزیدی بوستامیدا کەسێکی گەورەی ئەهلی کیتاب دەژیا ، پێیان گوت بۆ موسوڵمان نابیت ، وتی ئەگەر ئیمانداری وەکو ئەوەی بایەزیدی بوستامییە بە من ناکرێت و ئەگەر وەکو هی ئێوەش بێت ، ئەوەی خۆم باشترە.
چون ئەڵێن بایەزید هەرکات دانەوێڵەی لە شوێنێکی دور بکریایە ، کە ئەیبردەوە بۆ مالەوە تەماشای ئەکرد ئەگەر مێروولەیەکی تێدابووایە ، مێروولەکەی هەڵئەگرت و ئەیبردەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دانەوێلەکەی لێکڕیوە و ئازادی ئەکرد.
ئەوەی بکەوێتە داوی خۆشەویستی خوداوە ، دەکەوێتە داوی دێوانەیی و سادەییەوە ، دەکەوێتە داوی خۆشەویستی دروستکراوەکانیشیەوە ، ئەوەی کەوتە داوی خۆشەویستی دروستکراوەکانی خوداوە ، دەکەوێتە داوی خۆشەویستی هەموو ڕەنگ و بۆن و تام و جۆرێکەوە ،
چون ئیتر (خودا دونیای بە ڕەنگا و ڕەنگی دروست کردووە، چۆن قبوڵ ئەکات ئێمە تەنها ڕەنگێکمان خۆش بوێت)
ئەوەی کە بەتەنها یەک ڕەنگ و یەک جۆر و یەک زمان و یەک دەربڕینی پەسەندە و خۆشی دەوێت لە راستیدا بێ ئەوەی ئاگادار بێت ، هیچ ڕەنگ و جۆرێکی لەلا پەسەند نیە و خۆشناوێت.
کورد ئێژێت (بە دەستی خۆت نەبێت خورینی پشت نامرێت)
چون ئیتر بەس خۆت شوێنی خورین و بڕی خوراندنەکە و کاتی ئارامشییەکەی ئەزانیت ، دڵیش هەر وایە ، کاتێک دڵی هەر یەکێکمان تەنگە و ئەخورێت ، بەس خۆمان ئەزانین چۆن ئارامی بکەینەوە و بیخورێنین و دەریببڕین، هەروەکو چۆن خورادنی پشت پیویستی بە گرێ و گۆڵی زۆر نییە خوراندنی دڵیش هەروەها.
نالی وتەنی :-
(لە نەحو سەرفی ئەداتی مەپرسە ئەی موعریب
کە رەفع و نەسب و جەڕ و جەزمە ئالەتی تەقریر)
ئەی ئەو کەسەی کە شیکاری وشە بە وشە و (ڕەفتار بەڕەفتار)ی هەمووان دەکەیت زۆر ورد مەبەرەوە ، (سەر) و (بۆر) و (ژێر) و (زەن)ە کە شوێنی ووشە لە رستەدا دیاری دەکەن ، هەروەکو چۆن مامەڵە و نییەت و چاکەی وردو بچوک و نەبینراوە کە پێگەی هەمووان لە لای خودا و لە ناو کۆمەڵگا دیاری دەکەن.
نوقتە سەری دێڕ...
هێمن عەبدولقادر
ئەمریکا
بهروار: 03/05/2024
231 جار خوێندراوهتهوه
|