فاتم ئەو ژنە چەمچەماڵیەی بۆ 2 مانگا شەهید بوو.
ڕۆژی 1991.4.1
خەڵکی بەختیاری له مزگەووتی حاجی حەسەنی لۆکە بەدیار تەرمی " مەلا شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندار"ەوە بووین کە لە چیمەن شەهید ببوو.
تەرمی ژنێکیان هێنا لەگەڵ کوڕێکدا.
هەردوو تەرمەکە بە ڕێکرا بۆ گۆڕستان و بە خاکیان سپاردن.
تەرمی ژنەکە " کێشی نەبوو بە زمانی بەڕۆژووەوە شەهید ببوو" بە جلەکەی و بێ شتن و بێ کفن شاردرایەوە.
بەبەرچاوی مەلای تەڵقین خوێنەوە، پارە کۆکرایەوە بۆ تەڵقینی ژنەکە.
کەچی مەلاکە ئەوەنده بێ ویژدان و هەل فرسەت بوو داوای پارەیەکی زۆری کرد و وەریشی گرت.
ڕێکەوت وابوو کە کوڕەکە شەو هاتەوە ماڵی ئێمە و ووتی:
من و فاتمی دایکم پاشماوەی ئەنفالین و ماڵمان لە چەمچەماڵە.
دوو مانگامان هەبوو کە هەڵاتین ،زۆرم هاوار کرد دایکە: واز لەو دوو مانگایە بهێنە ، کۆپتەر قەسف دەکات.
دایکم ووتی: ڕۆڵە هەر ئەم دوو مانگایە شک دەبەین چۆن وازیان لێبهێنم. کۆپتەرێک هات و دایکم و هەردوو مانگاکەی کوشت.
کوڕەکەی زۆر ماندوو بوو ، هەر ئێوارە خەوت .
نیوەی شەو کۆڕەو دەستی پێکرد و ماڵەوەمان بە لۆریەکەی " کاک ئیسماعیلی ڕەحمەتی خەزوورم" بەرەو عەربەت چووین، و شوێنمان زۆر تەسک بوو.
کە گەیشتینە عەربەت باوکم شتێکی دایە دەستم و ووتی:
ئەو ئامانەتیە بدە بەو میوانە و بڵێ لەخەتەری نەماوین و بەداخەوە شوێنمان نیە.
خواحافیزیمان لە کوڕەکە کرد.
هەر جارێک ڕێم کەوتبێتە گۆڕستانی سەیوان چوومەتە نزیک گۆڕەکەی " فاتم چەمچەماڵی" و نەمدۆزیوەتەوە بەڵام فاتیحام بۆ ناردووە.
من هەمیشە لە یادی کۆڕەودا " مەلا شیروان و فاتم چەمچەماڵی و مەلاکە " دێنەوە بیرەوەریم و هەمیشە له یادمن
وێنەکە: شەهید مەلا شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندارە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بهروار: 28/03/2024
674 جار خوێندراوهتهوه
|