دۆڵمەی مەلا و دۆلاری ئەمریکی 😂
ھاوڕێیەکم ھەیە خەڵکی شاری مەحمودیەیە.. بۆی گێڕامەوە وتی لەدوای روخانی رژێم مەحمودیەو ناحیەکانی دەوروبەری ئەتوانم بڵێم "ھەموی کەوتە دەست قاعیدە،ھەر رۆژێک ئەچوم بۆ شوێنی کارەکەم لەڕێگا سەرێک یان دوو سەری بڕاوم ئەبینی لەوسەری جادە ھەڵواسراون و لەسەریان نوسیوە ئەوە سزای ھەمو ئەوانەیە کە یارمەتی سوپای داگیرکەری ئەمریکا ئەدەن..

مزگەوتێکیش لە نزیک ماڵمانە ئیمامی ئەو مزگەوتە بیست و چوار (24)سەعات ھاواری دەکردو جوێنی بە ئەمریکیەکان ئەداو دوعای لە ئەمریکا خۆی و ھاوکارو بەکرێگیراوانی ئەمریکا دەکرد..
لەگەڵ ھەرکەسێکیش ئەدوام لە گەرەکەم باس باسی جیھادو دژایەتی ئەمریکای داگیرکەرو کافرو خاچ پەرەست و بابەتی وابو.

منیش لەسەر ئەو شێوازەم ( بەوتەی ھاورێکەم ئەیگێرایەو ) رۆژانە  ئەچوم بۆ سەر کاری خۆم و دەھاتمەوەو دەرگای خۆم دائەخست ،نە ئەمریکاو نە بەکرێگیراوانی و نە ھیچ کیشەو سەرئێشەیەک.

وتی جارێک دایکم مەنجەڵێک دۆڵمەی لێنابو لەو جۆرەی کە حەوت ھەزار شتی تێدا بو کدو ( کولەکە)لەسەر باینجان بە دونگی مەرو لەژێرەوە پەراسو بە دەنکە ھەنارەوە ھەر وەسف و باسی نەدەکرا..

ھەر مەنجەلە دۆڵمەکەمان وەرگێڕایە سەر خوانچە دەرگای حەوشە لەگەڵ شەق تێھەڵدان کەوتە سەر پشت و ئەمریکیەکانمان لێ ھاتنە ژورەوە بەدوای چەک داواکراواندا دەگەڕان..
دوای ئەوەی ماڵەکەیان ھەمو لێکداو ھەڵگێڕو وەرگێڕیان کرد ھیچیان نەدۆزیەوە داوای لێبوردنیان لێمان کرد،بەرلەوەی برۆنە دەرەوە سەربازێکی رەش پێستیان لەگەڵدا بو سەرنجی کەوتە سەر خوانچەی دۆڵمەکە لە وەرگێڕەکەی پرسی ئەو خواردنە ناوی چیەو ئەتوانم کەمێکی لێ بچێژم ؟

دایکیشم وەکو ھەر دایکێکی رەسەنی عێراقی وتی کەسی پورت بەسەرچاو، چو لە چێشتخانە چەند قاپێکی ھێناو بۆ ھەریەکیان پڕ دۆڵمەی کردو دایە دەست سەربازەکان ،دایکم پێی وتن ئەو خواردنە ناوی دۆڵمەیە ..
ئەمریکیەکان سەرسام بون بە خواردنەکەو پێیان خۆش بو،ناوە ناوە بەدەم خواردنەوە پرسیارێکیان لەسەر دۆڵمە دەکرد تاکو خواردنی ناو قاپەکانیان خوارد ئینجا رۆیشتن.

دوای مانگێک رۆژێک لە دەرگا درا ھەر ئەو سەربازە ئەمریکیانە بون وتیان ئەمانەوێ دایکت ببینین،ھەر دایکم چوە دەروە پێنجسەد دۆلاریان کردە دەستی وتیان مەنجەڵێک دۆڵمەمان بۆ بکە.

دایکم پارەکەی وەرگرتو خیرا منی ناردە بازار بۆ کڕینی پێویستیەکانی دۆڵمە، بەرێگاوە ئەرۆم (    ئەترسم"چاوئەگێڕم )  بەردەوام راست و چەپ ئەروانم نەوەک کەسێک لە دراوسێکان ئێمەی بینیبێت لەگەڵ ئەمریکیەکان ئەدوێین و پارەمان لێیان ورەگرتبێت بچێ لای قاعیدە زمانێکمان لێبداو بەیانی سەری بڕاوم بەسەر یەکێک لە ستونەکانی کارەبای نزیک ماڵمان بەھەڵواسراوی ببینمەوە..

سوپاس بۆ خوا نە کەس ھیچی وت و نەکەس بەرویدا داینەوە نەھیچ رویداو پارێزراو بوین..

وتی دوای مانگێک دایکم ھەر گوتی و ھەر گوتیەوە،کوڕم دەبڕۆ بنکەی سەربازی ئەمریکیەکان مەنجەڵەکەی خۆمان بێنەوە،منیش باش تێگەیشتم دایکم لە خەمی مەنجەڵەکەدا نەبو بەلکو لەبیری ئەوەدابو کاتێک ئەچم مەنجەڵەکە بێنمەوە دۆڵمەکەی دایکمیان دێتەوە یادو ئارەزوی ئەکەن و پێنج گەڵای ترم ئەدەنێ و ئەڵێن مەنجەڵێکی تر دۆڵمەمان بۆ بکەن.

پاش ئەوەی لە فشارەکان و گۆتە گۆتی دایکم بێزار بوم ئەوەندەی بەسەرما بڵێتەوەو بڵێتەوە بڕۆ مەنجەڵەکە بێنەوە،ناچار چومە سەربازگەکە،کورە رەش پێستەکەم دیت پرسیاری مەنجەڵەکەم لێکرد، ھۆڵێکی گەورەی پیشاندام وتی مەنجەڵەکەتان ناوی ئێوەی لەسەر نوسراوە،کە چومە ناو ھۆڵەکە چی ببینیم نزیکەی دووسەد (200) مەنجەڵی لێیەو ھەریەکە ناوی خاوەنەکەی لەسەرە ھەمویان خەلکی ناوچەکەی خۆمانن،لە ھەمو مەنجەڵەکان گەورەترو گرنگترو  بەرچاوتر مەنجەڵەکەی ماڵی ئیمامی ئەو مزگەوتە بو کە ئیمانی من و باوکی منی سوتاندبو  بیست و چوار (24 ) سەعات لە مینبەری مزگەوت و وتارەکانی ھێرشی ئەکردە سەر ئەمریکیە داگیرکەرە خاچ پەرەستەکان و ھاوکارو بەکرێگیراوانی کە ئەیوت ئەبێ وڵات لەو گڵاوانە پاک بکرێتەوە.
د.پەیمان سەرهەنگl

https://www.malmokurd.com/News-32989-2
به‌روار:  24/09/2023
205   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   356
کۆی سه‌ردان:   28713707