کەریم ئێراقی: پارێزەرەکەم دەڵێ سوپاسی گۆران بکە
من & کریم العراقي شاعیر
لە سایەی کەلاوەیکدا بە نێوی عێراق
ناوەڕاستی حەفتاکان
ڕۆژگارێ بوو دەگۆترا، میسریەکان دەنووسن، لوبنانییەکان چاپی دەکەن و ئەهلی ( عێراق) دەیخوێننەوە. پاشنیوەڕۆیەکی گەرمی بەغدا چەند دۆستێک من و کریم العراقي لە چایخانەیەکی میللی بەیەک ئاشنا دەکەن. ئەو هاوینان و پاش دەوام هەمیشە لە چایخانە میللییەکانی دەوری بەغدا کاری دەکرد. ئیدی هەر کە دەرفەت هەبا یەکترمان دەدی. گفتوگۆ هەمیشە ئەدەب بوو، شیعر پێشتر. بێئەندازە شیعری میللی لەبەر بوو. من کە هاوڕێکانم هەمیشە ئیرەیی بە توانای شیعر و فۆلکلۆر لەبەرکردنیان پێدەبردم دەڕۆستی العراقي هەرگیز نەدەهاتم. وابزانم ئەودەم ئەو لە پەیمانگای مامۆستایان بوو. ئەوێ کە ڕیشەی لە دەوروپشتی بەسڕە بوو شارەزاییەکی باشی ئەدەبی میللی ئەو ناوچانە و عێراق بوو.
بوســــــــــتانـــــی باپیری
هێندە باسی باپیری دەکرد کە چ هونەرمەندێکی میللییە تا ڕۆژێ بردمیە لای لە کەناری النهر (فوڕات). تا درەنگانێ لەوێ بووین. دوای چەند ڕۆژێ هات و:
- باپیرم دەڵێ چی دۆستتە لە لایەک و ئەو کوڕە کوردەی ناوە قورسەکەی هەیە لە لایەک.
ســــــــــــــــوێــــــــــد
ڕۆگار هات و چوو. ئەمن هەڵهاتم، 1979, لە یەک دابڕاین. من، درۆناکەم العراقي-م لە بیرکرد. چوون بڕوای یەکتربینینەوە نەمابوو. ڕۆژێکی، نەوەتەکان، پەنابەرێ هاتە دەزگای کۆچ. هەر لەگەڵ لە ژووری لێکۆڵینەوە دانیشتین، هەر کارمەندە نێوی خۆی گۆت، پرسی، ئەرێ تۆ فڵان نیت؟ بە پێی ڕێوڕەسمی فەرمی نەدەبا ئیتر من لە ژووری لێکۆڵینەوەدا باما، چوون بەیەک ئاشناین، یاسا ڕێ نادا. کە چۆنێتی ئاشنایەتیمان بۆ بەڕێوەبەری دەزگا ڕوونکردەوە، سکرتێرەکەی گشتی تۆمارکرد. مۆڵەیشی دام منی لە تەکدا بم. ڕۆژگارێ بوو گەلێ خەڵک خۆیان بە (عێراقی) لە قەڵەم دەدا. متمانەی (عێراقی) کوژابۆوە. یەک، دوو ڕۆژ پاشان تێلی کرد و: مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەییم وەک پەنابەری سیاسی وەرگرت! پارێزەرەکەم دەڵێ سوپاسی گۆران بکە. پیرۆزباییم لێکرد و گۆتم، نا ئەبو العراقي هەقتە.
کریم العراقي
لە زۆربەی دیدارە مێدیاکاندا کە لەگەڵیدا کراوە دیرۆکی من و خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، من بەختەوەرم، بۆ کوێ دەچم ئاوەڵێکی خۆم دەدۆزمەوە و خەمم دەخوات بۆ نمونە من و گۆران لە سوێد.
بدر شاکر السیاب و کریم العراقي
کە هەواڵی نەخۆشی سەختی العراقي لە نێو دۆست و ئاشنایاندا بڵاوبۆوە، میرنشینانی کەنداو سۆراخیان کرد و بانگهێشتی چارەسەریان بۆ باشترین نەخۆشخانە کرد. بێ ئەوەی داخوازی هیچ شتێ بکەن. بە مەرجێ ئەو مافی چارەسەری تەواوی لە سوێدیش هەبوو. العراقي وەک السیابی هاوڕێی شاعیری ناچار نەکرا، بۆ چارەسەر شیعر بۆ میرنشینانی کەنداو بنووسێ. السیاب کە ژیانی لاوێتی و زانکۆی کردە قوربانی حزبی شوعی عێراقی، بەڵام کە مرد هەواڵی مردنیشیان ئێستا و ئەوساش بڵاونەکردەوە. چوون ڕەخنەی لە (حزب) گرتبوو. السیاب باپیرە گەورەی شیعری مۆدێرنی ڕۆژهەڵات.
کەمن ئەوانەی لە سووکایەتی سیاسی قورتار بوون. فرەن ئەوانەی لە سایەی سیاسەتدا نێوبانگیان پەیدا کرد و خۆشگوزەرانیشیان فەراهەم بوو. وڵاتێکیش هەیە کەلاوەیە بۆ ڕۆشنبیری ڕەسەن، لێ بۆ زڕە-سیاسی و کۆلکە-ڕۆشنبیر بەهەشتی بەرینە. العراقي هەینی پێشوو گیانی سپارد. ئیدی من سەدای نابیستم.
گۆران مەریوانی
بهروار: 06/09/2023
332 جار خوێندراوهتهوه
|