قەناسەکەی مام جەلال و قەمسەڵەکەی من
پاییزی 1983
نیوە شەوێک لە حاجی مامەند خەبەریان کردینەوە و ووتیان سەرکەون بۆ سەر شاخ ئێران هجومی کردووە.
شەڕێکی گەرم بوو بە لایڤ بینیمان.
ئێران شاخی تالێری پشتی ناڵپارێزی گرت.
مەڵبەندی یەک لە نێوان ئێراق و ئێران و پارتی کە لە ئێرانەوە دەهاتن گەمارۆ درا بوو.
لە حاجی مامەند جگەرە نەمابوو، دوکانێکم لە گوندی دۆسەیەرە دۆزیبوەوە پاکەتی" 555" دەفرۆشت و چەند جار بە پێ دەچووم بۆ خۆم و هاوڕێکانم دەکڕی.
عەسرێکی درەنگ لە جگەرە کڕین دەگەڕامەوە، کۆپتەرێک نیشتە سەرم، تاقم و تفەنگەکەم لەدەوەنێکا بە جێ هێشت و ڕام کرد و خۆم کرد بەناو ڕانە مەڕێکا.
کە کۆپتەرەکە ڕۆیشت، دەگەڕامەوە بۆ حاجی مامەند، مەلا بەختیار بە لاندکرۆزەرێکەوە تووشم بوون و سواریان کردم.
پێشمەرگەیەکیان لە دواوە لێی پرسیم:
ئەوە تۆ بوویت کۆپتەرەکە شوێنت کەوت بوو؟
ووتم: چۆن دەزانیت؟
ووتی : بە ئێم ئێف گوێمان لێ بوو ، کۆپتەرەکە دەیووت هەدەفێک لەم ناوە دەسوڕێتەوە..
جارێکی تریان دەچوومەوە بۆ جگەرە کڕین، له ڕێگا گوێم لە دەنگە دەنگی عەرەبی بوو، تووشی هەشت نۆ سەربازی هەڵاتوو هاتم و دەنگم دان.
کوردێکی بادینی چاوساغیان بوو، قەمسەڵەیەکی تازەی مغاویری لەبەردا بوو، نەیدەدامێ بەزۆر لێم سەند.
ئاربی جیەک و قەناسێک و ئاربیکەیەک و چەند کڵاشینکۆفێکیان پێ بوو " یەکێکیان بەحری" بوو، بردمن و کردمن بە بارەگای خۆمان" کەرتی سجن" کە کاک ئاراسی حەمەلاو بەرپرسمان بوو.
ئەو کاتە" کاک بەکری حاجی سەفەری ڕەحمەتی " بەرپرسیاری مەڵبەندی یەکی لە " مەلا بەختیار" وەرگرت بوو، بیستمەوە هەردوکیان تەماعیان لە قەناسەکە هەبووە و دواجار ڕێک کەوتون کە بۆ کەسیان نەبێ و بۆ مام جەلالی بنێرن.
منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ ، قەمسەڵەکە نەبێ سەربازە دهۆکیەکە دەیووت بە پارەی خۆم لە حانووتی عەسکەری کڕیوومە و بەزۆر لێم سەند.
وێنەکه: لە ڕاستەوە خۆم و کاک ئازاد کەرکوکی
حاجی مامەند
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بهروار: 02/09/2023
459 جار خوێندراوهتهوه
|