هاوڕێ جەبار ئەو کڵاشینکۆفەی بە پێوە ئەتەقی

شەوی 1983.8.27

جگە لە خزمایەتی دراوسێش بووین، کە فێری جگەرە کێشان بوو ، بەدزیەوە لەدوکانی خۆمان " سۆمەر"م بۆ دەبردەوە و پارەکەی دەدامێ.
ساڵی 1979 لە عازەبان بینیمەوە و ساڵی 1983  کە گەڕامەوە بۆ سلێمانی ، نامەیەکی بۆ " شەهید وەستا عەتای وەستا مەحمود" نووسی و نامەکەم گەیاندە دەست" کاک هادی ڕەحمەتی" برای و دواتر  لەگەڵ  هاوڕێ جەبار یەکیان گرتەوە.

بەهاری 1983  لەشەڕی خۆکوژی خۆشناوەتی شەوێک پێکەوە بووین.
لەڕۆژی 1983.5.13  لە سماقوڵی سەروچاوە دوو وێنەمان گرت.
وێنەی دووەم کڵاشینکۆفەکەی خۆی دامێ و وتی بەمەوە وێنەکە دەگرین.
ووتم : نا حەز دەکەم بەوەی خۆمەوە بیگرم.
ووتی: بە گۆڕی شەهید سەلاح دەبێ بەوەی منەوە بیگریت.
حەیف ئەو وێنەیە" شەهید عەلی" لە سلێمانی لێی سەندم و فەوتا.
هاوینی ئەو ساڵە من لە ڕێکخراوی دوو بووم لە هەڵەدن. کەرتەکەیان شەو لە هەڵەدن مانەوە.
منی برد بۆ لای کاک جەبار فرمانی ڕەحمەتی و ووتی:
کاک جەبار شێرزاد خزمی منە ئاگاتان لێی بێ.

دواتر نیوەڕۆیەک لەگەڵ " کاک فەرهاد" ی کەرتی دوکان لە ماڵی " شەهید ووریا" لە قزلەر نانمان خوارد، عەسرەکەی  کەرتی شەهید سەلاحی موهەندیسمان لە مزگەوتەکە بینی و هاوڕێ جەبار  ووتی:
ئێوارە پێکەوە تەوزیع دەبین.
منی کرد بە خانویەکی بچوکداو ساوەریان هەبوو.
ووتم : هاوڕێ جەبار خەڵک لەگەڵ مەسئول تەوزیع بێ گۆشت و قەل دەخوا و پێکەنی.
قۆناخدارێکی کۆنی پێ بوو، لێم پرسی:
ئەی کوا ئەوەی خۆت.
ووتی" شێرزاد  لەناو دێکان حەز ناکەم دەربکەوم.
هەموو هاوڕێکانی شایەتی بۆ دەدەن کە فەرماندەی کەرتێکی ڕەوشت بەرز و ئازا و خاکی بووە.
تەنانەت هاوڕێیەکیان بۆی گێڕامەوە ووتی: لە کەمینی قوە خاسەکانی شەستیەکە بە پێوە شەڕی دەکرد.
پێم ووت: هاوڕێ جەبار بۆ دانانیشی خۆ لە ئاسن درووست نەکراویت ، گولە نەتبڕێ
لە قزلەر ووتی: 
دوێنێ دایکم لێرە بوو ، تۆش لێرە بویتایە نامە و شتی بۆ دەبردیتەوە.
پارەکانی دەرهێنا و ووتی پێوویستت بە هیچ نیه؟
ناڕاستەوخۆ ووتی حەز دەکەم لای من بیت،  بەڵام ئەو کاتە بەهۆی لایەنگری من بۆ ئێراقچیەکان دەبوا بڕۆم بۆ شارباژێر. دەنا ئێستاش بۆ من حەیفە کەدەبوا لە کەرتەکەی ئەو پێشمەرگە بوومایە.
شەوی 1983.8.27  لەگەڵ شەهید دڵشاد لە باوە گێڵدی شەهید بوون.
ساڵی 1995  لە گوندی قولەرەیسی مامۆستا بووم، کاک نامیقی کارگوزاری قوتابخانەکە کە خێزانەکەی خراجیانی بوو  ووتی :  بۆ ئێوارەکەی میوانی من بوون و کە لێرە ڕۆشتن زۆری نەبرد شەهید کرا.
دواتر شەهید کەمالی موهەندیسی براشی لە پێناوی خوێنی شەهید هاوڕێ جەبار لەگەڵ" شەهید حەمەی ناهی" لە سێدارە دران.
جاران پێشمەرگە پێشمەرگە  بوو ، ژیانی شار و گەنجی و جوانی خۆی قوربانی شۆڕش و کوردایەتی دەکرد و بە خوێن و گیانی خۆیان  دەیانسەلماند بۆ گەل و نیشتمان دەژین و دەمرن.
ئیمڕۆ کە ساڵیادی 40 هەمین ساڵەی شەهید بوونی هاوڕێ جەبارە ، پیاو دەزانێ سەرەتاکانی شۆڕش چەند جوان و جوامێرایەتی و قارەمانەتی بوو، وەلێ ناشرینی و دزی و جەردەیی و ناعەدالەتی ئێستا هیچ  لە پاڵەوانی و ئازایەتی شەهیدان کەم ناکاتەوە.
سڵاو لە گۆڕی شەهید هاوڕێ جەبار و شەهید دڵشاد و شەهید کەمالی موهەندیس و  شەهید حمەی ناهی و هەموو شەهیدان.

شێرزاد عەزیز
به‌روار:  25/08/2023
930   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   745
کۆی سه‌ردان:   30184925