ئاربیجیەکەی بەوزان و 5 دینارەکەی مەڵبەند
پایزی 1983
من و کاک بەکر چاوشینی پێنجوێنی لە گوندی بەوزان گومرگ بووین.
ئێران شاخی لەرێی گرت و بەرەو شاخی تالێری ناڵپارێز دەچوو.
ئێراقیش بۆ وەستانی ئێران پەلاماری مەڵبەندی 1 دا له حاجی مامەند.
تیپی 31 پێجوێن کشانەوە بۆ شەڕی مەڵبەند، تەنیا یەک مەفرەزەی " مەلا عەتاری ڕەحمەتی" مابوونەوە و ئێمەش دوو پێشمەرگەی گومرگ بووین.
شەوانە بۆ پاراستنی خۆمان لە گوندەکانی " مامە خەلان و موبڕە و گۆڕەدێم و بەوزان" دەخەوتین.
بەیانیەکیان بە گردەکەی بەوزانەوە وەستابووم بۆ گومرگ کردن.
ئاربی جیەکیان پێوەنام و خل بوومەوە.
خەڵکی ناو دێکە وایانزانی کوژراوم.
" کاک حەبیبوڵای ساوان" فەرماندەی دیموکرات کە ماڵی لە بەوزان بوو بەکڵاشینکۆفێکەوە گەیشتە سەرم و ، کاک عوسمانی ئەنجومەنی " گوێزێ" ش بە چەکەوە هات.
لە بەرزاییەکانی بەنگەنەکەی گۆڕەدێمەوە تەقەیان لێدەکردین.
بە سێ قۆڵی تەقەمان لێکردنەوە و هەڵاتن. کاک بەکر ئەو کاتە لای موبڕەوە بوو.
کەچوینە بەنگەنەکەی گۆڕەدێم ، قەوانی فیشەکەکان و یەک دوو سندووقی خاڵی لێ بوو.
دوایی پێیان ووتین کە ناقیلەیەک و دوو پیکاب جاشی چوارتا کە زانیویانە پێشمەرگە لە سنوورەکە نەماون، هاتوون بمانکوژن و پارەکەش بەرن.
تەنانەت کە کەرتەکەی" کاک عەلی چەلەبی" هاتنەوە چنگیان ، کاک ئەکرەمی برای کەزانی من گومرگ بووم ، ووتی:
مەفرەزەیەکی گەورە بەتەما بوون بێن بۆتان بۆ پارەکەتان لێبسەنن.
کە پارەی وەجبەی دوەممان بردەوە بۆ مەڵبەندی یەک لە حاجی مامەند و پارەکە بە من بوو، تەسلیمی " مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی" بەرپرسی دارایی مەڵبەندم کرد، ماچی کردم و دەستی کرد بە گیرفانیا و ووتی:
بە گۆڕی شەهید ئارام هەموو مەڵبەند ساحێبی ئەم پێنج دینارەیە.
پێشمەرگایەتی جاران دەروێشایەتی بوو بۆ کوردستان و کوردایەتی.
سەدان گەنجی شاری سلێمانی کە هاوڕێ و خزممان بوون بۆ شەهید بوون چووبنە شاخ و زۆریشیان بە مەرگی خۆیان سەلماندیان پێشمەرگەی خەبات و شۆڕشن.
نەفرەت لە " حیز بایەتی" کە نەتەوە و خاکیان کرد بە سامان و موڵک و دیسکۆ و سۆزانی خانە.
وێنەکە گۆڕە دێمە.
لەڕاستەوە : کاک حەبیبوڵای ساوانی .
ڕەوانی شاد و جێگەی بەهەشت بێ
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بهروار: 17/08/2023
1376 جار خوێندراوهتهوه
|