بێکەس بە 250 فلسەوە چووە ناو چاوی ئەدمۆندزەوە
.
ئەدمۆنزی حاکمی سەربازی بەریتانیا ساڵی 1946 لە کارێزی وەستا شەریف لای گردی مامەیارەوە ، کۆڕێکی شێعری بۆ هەندێ شاعیری سلێمانی ساز دەکات، و خەڵات دادەنێ بۆ ئەو شاعیرانەی کە بە کوردی پەتی دەنووسن.
بێکەسی شاعیر بەشدار دەبێ و داوای لێدەکەن کۆڕەکە نەشێوێنێ.
بێکەس کە دەیتوانی بە مەرحەبایەکی گەرمی ئەدمۆنز پۆست و پلەیەکی باش وەربگرێ.
کەچی چوه ناو چاوی ئەدمۆنزەوە و شێعری
27 ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بە نان و ئاوی خۆم خزمەتم کردی
خوێندەوە.
شێرکۆ بێکەسی کوڕ لەم بۆنەیەدە ئەم شێعرەی بۆ باوکی نوسیووە:
ئەگێڕنەوە
ئەڵێن هەموو ساڵێ جارێک
بە ئاسمانی گردەکەی «مامەیارە»وە
خەڵکی هەڵۆیەک ئەبینن
بەرز، بەرز ئەفڕێ
بیست و حەوت جار خول ئەخوات و
ئەوسا لەسەر
کارێزەکەی «وەستا شەریف»
لەنگەر ئەگرێ
دیسانەوە بیست و حەوت جار
باڵەکانی لەیەک ئەدا و
گوێیان لێیە شتێک ئەڵێ
ئەگێڕنەوە
ئەڵێن هەموو ساڵێ جارێک
بە دامێنی گردەکەی مامەیارەوە
چاویان لێیە: جرجێکی ڕەش
لە کونێکی تاریکەوە
بیست و حەوت جار سەر دەردێنێ و
چاوی هەڵۆ ئەیکاتەوە
بە ناو کوندا و
ئەیتۆقێنێ
خەڵکی ئەڵێن: هەڵۆی پیرۆز
ڕۆحی بەفرینی «بێکەس»ەو
جرجیش «ئەدمۆنز".
کە بێکەس مرد سامانەکەی 250 فلس بوو. بەڵام ناوێکی گەورە گەورە لە مێژووی ئێمەدا.
بهروار: 05/08/2023
509 جار خوێندراوهتهوه
|