بەسەرهاتێکی کاریگەر😪

من ناوم ئازادە خاڵی ھەردوو جوانەمەرگی شەھید ( سۆزان و بەھمەن ) م کەھەردوکیان قوربانی تۆپ بارانەکەی سلێمانی بوون لەقوتابخانەی ئاسۆی شەھیدان ...
ڕۆژ شەممە بەرواری ١٩٨٧/١/١٧ بوو کات ١٢ ی نیوەڕۆ ، ئەو ڕۆژە دەوامیان دوای نیوەڕۆ بوو لەماڵی ئێمە بوون کەماڵمان لەشوقەکانی کارێزەووشک بوو ئەوان واتە ماڵی خوشکم ماڵیان لەمامۆستایان بوو بەحوکمی ئەوەی کەباوکیان پێشمەرگە بوو شەھید خالید مەحوود حەسەن ژاژڵەیی کەناسراو بوو بە خالیدی مالیە  .زۆرتر لەماڵی ئێمە بوون دایکی ڕەحمەتیم ھەردوکیانی بەپاس برد بۆ مەکتەبەکەیان ئەمانی لای مەکتەب داناو دایکم بەڕێوە بوو بۆ ماڵەوە دیار بوو ھێشتا دەوامی بەیانیان تەواو نەبوو نەھاتبونە دەرێ ئەمان لەبەردەرگای قوتابخانەکە چاووڕێیان ئەکرد ئەوکات منیش خوێنکار بووم لەئامادەیی سەلاحەدین لای فولکەی دکتۆر دارا بووین لەگەڵ چەن ھاوڕێیەک گوێمان لەدەنگێکی گەورە بوو کەھەموو سلێمانی ھەژان ئەوە بوو یەکەم تۆپ دابووی لەبەردەرگای خوێندنگاکەیان من لای فولکەی دکتۆر دارا تەماشای ئەو ئوتومبیلانەم ئەکرد کە شەھیدوو بریندارەکانی ئەگواستەوە بەڵام من نەمزانی ھەردوو خوشکەزا خێرلەخۆنەدیوەکانی منی تیایە ، ئەوە بوو من گەڕامەوە ماڵەوە چونکە ئەو ڕۆژە دەوامی مەکتەبمان نەکرد بەڵام کەگەیشتمە ماڵەوە خوشکەکەم لەبەر دەرگا وەستا بوو ووتی دایکم مناڵەکانی بردووە بۆ قوتابخانەو نەگەڕاونەتەوە من یەکسەر دڵم شتێکی خراپی پێ ووتم چونکە من شەوەکەی خەوێکی زۆر ناخۆشم پێوە بینیبوون یەکسەر بەڕاکردن بەرەو لای قوتابخانەکەیان چووم چونکە نەپاس ھەبوو نەتەکسی بەڵام کە گەیشتمە لای مەکتەبەکەیان توشی شۆک بووم ئەو ماڵانەی دەوری قوتابخانەکەیان چۆڵیان کردبوو ئەوناوە زۆر چۆڵ بوو یەکسەر چاووم چووە سەر جانتاو کتێب و خوێن و مێشکی پژاو لەوکاتەدا جانتاو کتێبەکەی سۆزان م بینی یەکسەر زانیم ئەوان پێوە بوون لەو کاتەدا ماتۆڕێک ھات و لێی پاڕامەوە کەبمگەیەنێتە نەخۆشخانە ئەو کات نەخۆشخانەی ئێمێرجێنسی لە نەخۆشخانەی مناڵ بوونی ئێستە بوو کەچووم بەھمەنی ڕەحمەتیم بینی لەسەر بێدی نەخۆشخانە باوکم ئەوکات لەنەخۆشخانە کاری ئەکرد لەلای بەھمەن بوو بەسەریەوە ئەگریا ووتی کوا سۆزان من یەکسەر زانیم کەسۆزان نەماوە ووتم لەماڵەوەیە دوای ئەوە یەکسەر ڕامکرد بۆ طبی عدلی کەچوومە ژوورەوە قاچی سۆزانم بینی ویستم بچمە پێشەوە لێی بەڵام بینیم کەتۆپەکە دەم و چاوی بردووە ئیتر نەمتوانی سەیری بکەم بەڕاستی ئەم حاڵەتانەی کەئەیگێڕمەوە زۆر بۆ ئێمە زەحمەت بوو ، سۆزان شەھید بوو بەھمەنیش پارچەیەک چووبوە ناو فەقەراتی و توشی ئیفلیجی کردبوو ھەروەھا پارچەیەکیش ئەنیشکی دەستی ڕاستی بردبوو . لەوە سەختر بۆ ئێمە ئەوە بوو لەمانگی ٤ ی ھەمان ساڵ باوکیشیان لەشانەخسێ شەھید بوو . بەھمەن بەو برینەوە ناڵاندی ھەتا ساڵی ١٩٩٢ بەداخەوە ئەویش ماڵ ئاوایی کرد .
دروود بۆ ڕۆحی پاکیان
  ئازاد نەبی
به‌روار:  13/05/2023
367   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   581
کۆی سه‌ردان:   29665182