بۆچی من نەبووم بە نووسەر ؟

بەشی دووهەم

سەیر لەوە دابوو جەنگی عیراق و ئێران 10 ساڵێک ئەبوو کۆتایی هاتبوو، شەڕی ناوخۆی کوردیش بە ئازایەتی ئەمەریکا تازە بەتازە تەفەنگەکانی هەردوو بەرەی ساردکردبوویەوە، سەیر لەوە دابوو گەنجە نێرەکانی کوردستان تا دەهات زیاتر روویان دەکردە تاراوگە، لەو بەینەشدا خولیای ئەوە کەوتبووە سەرم کە ببم بە نووسەر، ئێ بۆ نەبم بە نووسەر، خۆی ئەو شتانە بەسە بۆ ئەوەی ببیتە نووسەرێکی باش، بەس نەمئەزانی لە کوێوە دەست پێبکەم، بۆیه بەقسەی ئەو شێتەی چایخانەکەم کرد و رووم کرد یەکێتی نووسەرانی سەوز کە لە دوای گەڕانێکی زۆر ئینجا دۆزیمەوە، لەوێ چەند کەسێک دانیشتبوون، به قسەکانیان دیاربوو کە زەمی زەلامێکیان ئەکرد کە پێش وەخت لێرەبووە و دیارە چووە بۆ میز کردن، سڵاو و مەرحەبان بۆ یەک سەند و بە کورتی بۆم گێڕانەوە کە من بۆچی لێرەم، 2 دەقەی نەبرد هەر کەسە و چەند پێشنیارێکی خستە بردەمم، پاش کەمێک بوو بە شەڕیان کە ئەو راست ئەکات و ئەو درۆ ئەکات، نووسەری وا ئەبێت و نووسەری وا نابێت، یەکێکیان هەستا و پەنجەی راکێشا بۆ وێنەکەی مام جەلال و سوێندی بەسەری خوارد کە ئەو راست ئەکات و ئەوان هەڵەن، کورتە باڵاکە زەمی هەبوو و سوێندی خوارد بە گۆڕی شەهید ئارام کە ئەو راست ئەکات و نووسەری ئەبێت وابێت و ئەوان هەڵەن....
کەمێکی نەبرد کابرای میزکەر گەڕایەوە دیاربوو گوێی لە هات و هاوارە بووبوو، بۆیە یەکسەر هاتە تەنیشتم و دەستی خستە سەر شانم و منی بردە بەردەم دەرگەی حەوشەکە و پێی وتم" گوێ بگرە کوڕم، ئەگەر ئەتەوێت بەخێرایی ببیتە نووسەر، بڕۆ 5 بابەت لەسەر حیزب و سەرکردەکان بنووسە و لە رۆژنامەکەمان بڵاوی بکەرەوە و دوایی هەر هەموویان بێنە بۆلای خۆم و وەعد بێت ناسنامەی نووسەریت بۆ دەرئەکەم".
من زۆر سوپاسی ئەو کابرایەم کرد و پێم وت "مادام تۆ راستگۆ بوویت لەگەڵم، با شتێکت پێ بڵێم، کاتێک کە تۆ چوویت بۆ میزکردن ئەو سێ پیاوە زەمی کتێبەکەتیان ئەکرد و ئەیان وت لە عبدالرحمن مونیف نووسەری دزیوە".
هەر ئەوەندەم وت کابرا هەموو سیمای ئاوسا لە ئەبڵەقیدا..
گوێم هەڵخست و بە تیلەی چاو سەیرم کرد کە دەستیان داوەتە یەخەی یەکتری..
ئێستا من نەئەوێرم بجم چا بخۆم لەو چایخانەیە و نە ئەشوێرم دووبارە بێمەوە بۆ ئەم بارەگایە بۆ ئەوەی ببم بە نووسەر..
بۆیه ناچار بووم بچم بۆ یەکێتی نووسەرانی سپی کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامییە...

کاوە ڕووناک ڕۆمان
نیویۆرک
به‌روار:  01/04/2023
314   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   761
کۆی سه‌ردان:   29252238