فیراری دێرین، یان پێشمەرگەی دێرین

کەسێک دەناسم، کە کاتی خۆی لە ساڵی (1984) فیراری کرد، واتە لە خزمەتی سەربازی ڕایکرد. دەستی خۆشبێ کە لە سەربازی ڕایکرد، چونکە لەلایەک خزمەتی حکومەتی بەعس و ڕژێمی سەدامی نەکرد، لەلاکەی تریش نەبوو بە جاش و لەدژی نەتەوەکەی خۆی شەڕی نەکرد. 
ئەو ڕاکردووەی خزمەتی سەربازی، چوو لە گوندێکی ناوچە ئازادکراوەکان، یان دوورە دەستی هێزەکانی حکومەت لێی دانیشت. لەگەڵ چەند ڕاکردووەکی تری خەڵکی شار، یان شارۆچکە و گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، لەو گوندە ئازاد کراوە پێکەوە خانووەکی سێ ژووریان بەکرێ گرتبوو. 
پەیوەندییان لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکە و هێزی پێشمەرگە و فەرماندە و کادیرەکان باش بوو. هەر یەکەو لە گوندەکە چەکێکی بۆ خۆی کڕیبوو، نەوەک لەناکاو حکومەت یان جاش پەلاماریان بدات.
لە ساڵی (1986)، پێشمەرگەکانی سنووری ئەو ناوچە و گوندە دەیانەوێت چالاکییەک بکەن، کە شوێنی چالاکییەکە نزیکەی هەشت کیلۆمەترێک لە گوندەکەوە دوورە. چالاکییەکە گرتنی دوو ڕەبایەی نزیک یەکتر دەبێت، بەڵام ئەوان پێشمەرگەی تەواویان نابێت بۆ (هێنانەوەی تەرم و بریندار گەر زیانیان هەبێ، دانانی بۆسە لەسەر جادە نەوەک هێزی تری حکومەت بەهانای ئەو دوو ڕەبیەوە بێن، هەروەها هێزێک بە ئاراستەی کشانەوەی پێشمەرگە، نەوەک تووشی بەرگری سەخت ببنەوەو نەتوانن ڕەبایەکان بگرن)، بۆیە دوای کۆبوونەوەی فەرماندەو ڕابەری سیاسیی هێزەکە ڕێکدەکەون وەکو هێزی پشتیوان، داوا لەو ڕاکردوانە بکەن بۆ ئەوەی چەند بەتانییەک بێنن بۆ هێنانەوەی تەرمی شەهید و بریندار گەر شەهید و برینداریان هەبوو، هەروەها چەند کەسێکیان لەسەر هێڵی کشانەوە و سەر جادە دابنێن، تا لەکاتی پێویست یان شکست، ئەوان تەقە لە ڕەبایەکان بکەن تا پێشمەرگەکان پاشەکشە دەکەن، یان ئەگەر هێزی حکومەت بیەوێت بەهانای ڕەبایەکانەوە بێت ئەوان لەو هێزەی حکومەت بدەن، هەرچەند ئەوە شیمانەیەکی لاواز بوو. 
فیرارەکان بە دڵخۆشییەوە بەدەنگ داوای هێزەکەی پێشمەرگەوە چوون و ئەو فیرارەی باسی دەکەم، بەو مەرجە چوو کە ئەو لەگەڵ دەستەی هێرش و پەلامار بۆ سەر ڕەبایەکان دابنێن، ئەگینا نایەوێت بەشداری بکات. فەرماندەی هێزەکە داواکەی پەسند دەکات و کاکی فیرار دەخاتە دەستەی هێرش بردن بۆ سەر ڕەبایەک لە ڕەبایەکان. 
شەو لەنێوان کاتژمێری (11-12)، هێزەکە دوو سەد بۆ سێ سەد مەتریان دەمێنێ بگەنە ڕەبایەکان و دەوەستن، فەرماندەی هێزەکە هەروەکو پێشتر پێشمەرگەکانی دابەشکردبوو بەسەر هەردوو ڕەبایەکە داوا دەکات ببن بە دوو بەش و هەر بەشەی بەرەو ئەو ڕەبایە بڕوات کە بۆی دیاری کراوە. لەم کاتەدا کاکی فیرار دەکەوێتە سەر زەوی و لە هۆش خۆی دەچێت وەکو ئەوەی (دەڵێی ئەمڕۆ نەمردووە، هەزار ساڵە مردووە)، هیچ هەست و جوڵەی نامێنێ!
فیرارەکە دەخەنە نێو بەتانییەک و بە چوار پێشمەرگە هەڵیدەگرن و فەرماندەکە پێیان دەڵێت: (ئێوە بەپەلە دووری بخەنەوە، تازە ئێمە چالاکییەکە هەر دەکەین، نزیکەی چارەگێک بۆ بیست خولەک چاوەڕێ دەکەین بۆ ئەوەی ئێوە بەلای کەم 500-600 مەترێک دووری بخەنەوە).
دوای ماوەی دیاریکراو تەقە و هێرش بۆ سەر دوو ڕەبایەکە دەست پێدەکات و لە ماوەی چەند خولەکێک هەردوو ڕەبایەکە بەبێ زیان دەگیرێن و پێشمەرگەکان بەدیل و دەستکەوتەوە دەگەڕێنەوە.
ئەوەی لێرەدا شایەنی گوتنە، ئێستاکە ئەو فیرارە دێرینەی کە تەنیا بۆ یەک چالاکی پێشمەرگانە چووەو بەهۆی بوورانەوە چوار پێشمەرگەی سەرقاڵ کردووە، دواتریش تا لە مانگی ئەیلولی ساڵی (1988)، بەگوێرەی بڕیاری جود سایدی (736-737) خۆی ڕادەستی حکومەت کردەوە، نە بوو بە پێشمەرگە و نە بۆ هیچ چالاکییەکی دیکە بردیان، کەچی ساڵانێکە کراوە بە خانەنشینی پێشمەرگەی دێرین و مانگانە (750-800) هەزار دینار وەردەگرێت.

دەرسیم پێشەوا
دانیمارک

به‌روار:  31/03/2023
378   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   562
کۆی سه‌ردان:   29250957