لە ژووری مەرگەوە

تێبیی:نامە و تەلەفوونم لە دەرەوە بۆ دێت، دەپرسن بۆ 
 لەم شۆرشەی ژینا دا بێدەنگم!؟ بۆ چالاکیم نییە؟
ڕاستە بە داخەوە لە هیچ کام لە خۆ پیشاندانەکانی دەرەوەی  واشینگتۆن نەمتوانیوە بەشداری بکەم، لە سوشیاڵ مێدییاش زۆر کەم دەرکەوتووم.
بۆ؟
لە هەفتەیەک پێش شەهید بوونی ژیناوە من لە جێگا دام!
بەداخەوە نەخۆشییەکەم زیاتری پەرە ساندووە، پێشتر هەر سیپەلاکم بوو، ئەمجارە گوچیلەی ڕاستم و سەریشمی لە دوو جێوە داگیر کردووە.
لە مانگی پێشوو دا سێ جار نەشتەرگەرییم بۆ کراوە، دوو جار هەر لە سەرم!
مەگەر هەر خوا بزانێ چەندەم ئێش و ئازار هەیە.
سێ مانگیشە دەرێ و ژورێم پێناکرێ، تەنانەت ناتوانم حەمام بکەم، دایکم بە سەری سپیەوە حەمامم پێدەکا!
قاچ و  قوولم دەڵێی کفتەی کوتراوە، لە بەر ژانی لاقم خەوم لێناکەوێ، هێزی ڕێگا ڕوێشتنم نییە، زۆر جار تاقەتی قسە کردنیشم نییە، زۆر جار دایکم جوابی تەلەفوونەکانم دەداتەوە!
بە ناهومێدی قسە ناکەم، قەبووڵم کردووە ئەوەش بەشێکە لە ژیان و لە قسمەت و نەسیبی من، شانم وەبەر داوە خوداش کەیفی خۆیەتی!
شکوورانە بژێرم لە وڵاتێکم لە بواری پزیشکییەوە وەک ئیمپراتۆر خزمەتم دەکرێ، سپاسگوزارم دۆستانی زۆر باش بە دەورمەوە هەن، زۆر مەمنوونی ئیدارەی ئیمگریشێنم کە ڤیزایان بە دایکم داوە و ئێستا بە لامەوەیە.
خۆشم بۆ هەموو شت ئامادە کردوە ، هەرچی دەبێ با ببێ.
گەرچی  بە قەولی مامۆستا هێمن:
" دەبێ هیوام بە مان چەن بێ، کە پەرەستارم”
بەڵام ئومێدێکی یەکجار زۆرم هەیە هەم گەلانی ئێران لە چنگ شێرپەنجەی ڕژێمی ئاخووندی ڕزگارییان دەبێ و هەم منیش لەم شێرپەنجەیە نەجاتم دەبێ و جارێکی دیکە بە لەش ساغی بە دیداری وڵاتی ئازادم شاد دەبمەوە.

✍️کەریم بەختیاری
‎بەداخەوە ئیمڕۆ "کەریم بەختیاری"ٓ لە وڵاتی ئەمریکا 
دوایی کرد.
کۆچکردوو میدیاکار و خەڵکی شاری بۆکانە.
ڕەوانی شاد و جێگەی بەهەشت بێ
به‌روار:  30/03/2023
340   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   624
کۆی سه‌ردان:   29256810