ئەوەندەی لە باوکم دەترسام لە تۆپی ئێران نەدەترسام ‌🤣

باوکم ڕقی لە هەرشتێك بوایە، بەندە دەیکرد، ئەو زۆر ڕقی لەوە بوو من بچم بۆ سینەما، دەیووت حیز دەبیت کەچی من لە داخی ئەو لە بلیتبڕەکە زیاتر لە سینەما بووم. ڕقی لەوە بوو من مەلە بکەم، منیش ئەگەر جۆگەو کانی خورماڵ نەبوایە ئەوا بەرمیلێکم پڕدەکرد لە ئاوو وەك مەیمونەکانی هیندستان دەچوومە ناوی. جارێکیــــــــان لە خورماڵ و لە جۆگەی شێخ مەلەم دەکرد، ئاوەکە لە چەمەکەی خورماڵەوە بە کەناڵێکی تازە چیمەنتۆ کراودا دەڕۆیشت و لە شوێنێکدا کە ئێمەی مناڵانی دێ مەلەمان لیدەکرد فراوان دەبۆوە. پێش ئەوەی شەرواڵە بۆر فوو تێبکەم و بیکەمە چوپ، ویستم باز بدەم بۆ ئەوبەری جۆگەکە و کراسەکەم داکەنم. شانسی حیزی من پاپوچێکی "جلود"م لە پێدا بوو کە تەواو تەڕبووبوو، گیڤم خواردەوە و تا هێز لە قنگما بوو رامکرد و بازم دا. لە پڕ قاچم لەناو پاپوچەکەدا ترازاو هەڵخلیسکام وچەناگەم دای بە کۆنکرێتەکەی ئەو بەردا. خوێن لە چەناگەمەوە فیچقەی کرد. وەکو مێشـــــێك چۆن دی دی تـی لێیدەدات و گێـژ دەبێـــت ئاوا گێژبووم و کەوتمەوە ناو جۆگەکەوە. باش بوو خەڵکی لێبوو یارمەتیان دام و دەریانهێنام ئەگینــا ئێستا ئەم نووسینەتان نەدەبینی.
لەگەڵ ئەوەی من لە خورماڵ بووم و باوکم لە سلێمانی هێشـــــــتا لە ترسی ئەو نەموێرا بچم بۆ خەستەخانەکەی خورماڵ، ترسام چەناگە تەقیوەکەم بۆ بدورنەوەو ئەو بزانێت کە من لە مەلەکردندا واملێهاتووە، ئەو کاتە لە پاڵ چەناگەمدا گوێیەکیشی دەردەهێنـــــام. ئەوەندەی لە باوکم دەترسام ئەوەندە لە تۆپی ئێران نەدەترسام کە هەموو رۆژێك خورماڵی تۆپڕێــــــــژ دەکرد. 
بە چەناگەیەکی تەقیوەوە بردیانم بۆ لای پورە فاتێ، ئەو ئافرەتێكی میهرەبان و هەمیشە بەرسنگی چەپکێ ڕێحانەی پێوەبوو. پورەفاتێ دەرمانە سوورەکەی دەرهێناو لۆکەیەکی پاکی پێ سوور کردو نووساندی بە چەناگەمەوە، ووتی ماوەیەك دەموچاووت مەشۆ تا خۆی دەگرێت. خوێن و تەپوتۆزو پیس و پۆخڵی خۆشم لۆکەکەی وا نووساندبوو بە چەناگەمەوە ئەترسام ئەگەر لێیبکەنەوە، چەناگەشمی لەگەڵ دێت.

بە چەناگەیەکی تەقیوەوە هاتمەوە بۆ سلێمانی. خۆم چڵکن و دە ڕۆژیش بوو دەم وچاوم نەشۆردبوو، ئەتووت گوێنی عەلوەکەم ئەوەندە ڕەنگم پێوەبوو. لە یەکەم بیــــنینی باوکمدا یەکسەر ووتی ئەوە هەتیو مەلەت کردووە؟ ناوسکم پێچێکی پیا هات و ڕەنگەکانی دەموچاوم بوونە یەك ڕەنگی زەرد. خۆم حازر کرد بۆ زللـەیەکی گەرمی کارەبایی بن گوێــــــــم. باوکم خەمی ئەوەی نەبوو کە من چەناگەم تەقیوە، خەمی مەلە کردنەکەمی بوو. ووتم نا باوە ئەوە پورە فاتێ دۆشاوی هەڵخستبوو لەسەربان چووم تێکی بدەم، لەسەر پەیژەکە کەوتمە خوارەوەو چەناگەم دای بە بەردێکدا! باش بوو درۆکەم خواردی، سەرێکی گوماناوی لەقاندو هیچی تری نەووت.

پاسکیل
بە منداڵی زۆر حەزم لە پاسکیل بوو. ڕۆژێکیـــــــان دەمم سوتاو ووتم باوە پاسکیلم بۆ بکڕە! بەڵام ئەو بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەك لە داوای تولفێکی بێ تاوانی بێ گوناه، بەسەیرکردنێك بێدەنگی کردم. هەموو کۆدەکانی دەموچاوی باوکمم لەبەر بوو، یەکسەر تێگەیشتم کە دەڵێ دەمت داخەو باسی نەکەیتەوە ئەگینـــــــــا قەپۆزت دەشکێنم! منیش سەرم کزکرد و دووبارەم نەکردەوە. 
سامانی کەریمی عەلیئـــــــاغا کە هاوڕێی مناڵیم بوو پاسکیلێکی هەبوو، ڕەنگەکەی شینێکی کاڵ بوو، ئەو هەتیوە هەمووی کردبوو بە لەزگەی بنێشتی "بۆبی"!. ئەتووت پشیلەی خوێڕیم بە دوایەوە، ئەو لێدەخوڕی و منیش ڕامدەکرد لەگەڵـــــی. سوێم بووبۆوە بۆ سوڕێك، ئەویش قیرسچمەیەك بوو بۆ خۆی، نەیدەدا ئەیووت تۆ لێینازانیت، ناهەقیشی نەبوو من ئەو کاتە تازە هێشتا لە مەرحەلەی بۆڵبڕینــــــدا بووم.
رۆژێك سامان دڵی نەرم بوو ووتی وەرە سوڕێك لێخوڕە! خەریك بوو لە خۆشیدا باڵ بگرم. لەبەر ئەوەی نەمدەتوانی سەرەوژوور لێخوڕم ناچار پاسکیلکەم بە پــــێ برد بۆ سەرو لێژاییەکەی لای مزگەوتی تەکیەڕووتە، نزیك ماڵی حەمەتاڵ. من لە سامان باڵام بەرزتر بوو، بۆیە کوشنەکەم کەمێ بەرزکردەوە. پێملێـــــناو خل بوومەوە بۆ خوارەوە! لەیەکەم پایدەرەوە ئەمزانی کە خۆم دەکێشـــــم بە عەموودەکەی ئەوبەری ماڵی خۆماندا. سوکان بەدەستمەوە قورس قورس ئەتووت دەبـــــــــابە لێدەخوڕم، نە دەمتوانی پێچ بکەمەوە نەدەمتوانی ئیستۆپ بگرم. بە هەموو هێزو خێرایی خۆمەوە وەك بەران خۆم کێشا بە عەموودەکەی ئەو بەر ماڵی خۆمان، کوشن بەرزبۆوە و هەردوو گــونمی کەبس کرد بە خۆیەوە. زریکە لە گون و گورچیلەم هەستاو دوو مەتریش پەڕیــــــــمە ناو کۆڵانەکەوە. لەتاو ئازاری گونم خەمی هیچ شوێنێکی ترم نەبوو. 

تەلەفزیۆن
ئەو کاتە لەسەر جادەی کەریمی ئەلەکە، لە هۆدەو هەیوانێکی گڵی بچوکدا دەژیـــاین کە لە حاجی عەولکەریمی گونیەفرۆشمان بە کرێ گرتبوو. هۆدەیەکی سێ بەچوار لەگەڵ هەیوانێکی یەك مەتری و حەوشەیەکی دوو مەتری. بەس لە خانوو نەدەچوو بەڵام چونکە هەر خۆمان بووین، دڵمان زۆر پێی خۆش بوو. 
زۆر حەزمان لە تەلەفزێون بوو، باوکم قان دا تەلەفزیۆنمان بۆ بکڕێت، ئەویش لە ژێر فشاری مندا لە مەزاتخانەکە تەلەفزیۆنێکی مارکەی Ambassador ی چیکی شاشە ڕەش وسپی بۆ کڕین لە باوەڵە کۆن دەچوو، هەشت دوگمەی هەبوو، کە داتدەگیرسان دوو دەقە نەڕەنەڕی دەکرد ئینجــــا ئیشی دەکرد. شەوانە ئەو کاتانەی باوکم دەخەوت، بەندە بە دیــــــار فیلمی میسریەوە هەلەکەسەمام بوو. تازە بەرەو باڵقبوون دەچووم و تووکەبەرم چووز بووبوو، وەك هەر مێرمنداڵێك لەو تەمەنەدا وەخت بوو سوێـــــــــــــم بێتەوە بۆ ڕەسمی لا ڕانێك یان لەتە مەمکێكی ڕووت. فیلمی میسری بۆ ئەو تەمەنەی من باشترین پۆرنۆگرافی بوو، بە ئارەزووی خۆم " خ.ە.ی.ا.ڵ.م"  بە فیلمەکانەوە لێدەدا بە تایبەتی ئەو فیلمانەی کە هەیاتم یان فریدة صیف النصر ی تیــــا بونایە، زەرد دەبووم بە دیاریانەوە. ناخۆشترین شت بۆ من ئەوە بوو کە ڕەشەبا ئالێرەکەی دەجوڵاندو شاشەی تەلەفزیۆنەکە و مێشکیشـــم لەگەڵ دەبوونە تەرزە و دەهاتمەوە سەر سفر.

عومەر خەتات
ئۆسڵۆ
https://www.malmokurd.com/News-34187-2
به‌روار:  30/03/2023
332   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   163
کۆی سه‌ردان:   29663914