بۆچی من نەبووم بە نووسەر ؟
بەشی یەکەم
هەموو مرۆڤێک خەون و خولیایەکی هەیە کە ببێت بە شتێک لە ژیان، هەیە خەون بەوە ئەبینێت ببێتە پینەچییەکی گەورە، هەیە خەون بەوەوە ئەبینێت ببێتە سینەماکار، دەلاک، فیتەری لۆری گەورە، چێشت لێنەر، هەیە خەون بە گەوادییەوە ئەبینێت، ماستاوچی و مامە حەمەیی..هتد..
لەوەتەی بیرم دێت هەر کتێبم خوێندەتەوە، هەموو کاتێک لەگەڵ خۆم قسەم کردووە،" هەتیو کاوە واز لە خوێندنەوە بێنە، بڕۆ بگەڕێ و پرسیار بکە چۆنچۆنی ئەتوانیت ببیت بە نووسەر؟".
ساڵی نەوەدەکان بوو، ئەو دەمە دنیا زۆر سارد بوو، بە قەمسەڵەیەکی شڕەوە خۆم کرد بە چایخانەی شەعبدا، قاورمەیەکم بە کەوەر و بەهاراتەوە خوارد، ناوسکی برسیمی تێر کرد، هەر ئەو پارەیەم پێبوو، بە پێ لەماڵەوە هاتبووم بۆ بازاڕ، حەزم لە چایەک کرد، نەمئەزانی بانگی بکەم یان نا؟، ئەو کات چا بەقەرز نەبوو، لە بێ پارەییش کەس چای بۆ کەس نەئەکڕی، خەڵک لەماڵەوە چای ئەخوارد ئینجا ئەهاتە دەرەوە، هەرچۆنێک بوو چایەکم بانکرد، تام و بۆنی زۆر خۆشبوو، دیارە هی ئەوە بووە کە پارەم لە گیرفاندا نەبوو...
چایخانەکە جمەی ئەهات، ئەی بۆ غەڵبەغەڵبەکەی ناڵێیت، چڕی دوکەڵی جگەرە ئەو ناوەی تەنیبوو، ئەو توانی لەرێگەی دوکەڵەکەی دەیان وێنەی لێ دروست بکەیت بە خەیاڵ.
بە ترس و لەرزێکەوە چاوم ئەگێڕا بۆ کەسێک ئەو پرسیارەی لێبکەم، پرسیارێک کە تا ئێستاش بێ وەڵام مایەوە، لەوبەرمەوە کابرایەکی باریکەلەم بینی، بە قایشەکەی ناوسکی خۆی گوشیبوو، نەمزانی لەبرسانە وای کردبوو یان ئەیویست کەسێک بدۆزێتەوە برنج و فاسۆڵیایەکی سادەی بۆ بکڕێت، چوومە تەنیشتییەوە و بە دوودڵییەوە لێم پرسی"خاڵە گیان چۆن ببم بە نووسەر؟"
کابرا سەیرێکی کردم و هیچی نەووت، دیاربوو نووسین عەرزی گابوو، هەناسەی لەبەر بڕیبوو، ملی لە قاچە مریشکی ئەکرد، کوونە لووتەکانی ئەتووت لوولەی تۆپن ئەوەندە پەنجەی پێدا کردبوو..
دووبارە پرسیارەکەم لێکردووە، بە تووڕەیی وەڵامی دامەوە" نابینیت مەشغووڵی هێنان و بردنی بیرۆکەی رۆمانێکم، گەر ئەتەوێت ببیتە نووسەر بڕۆ بۆ یەکێتی نووسەرانی هەردوو حیزب، لەسەدا سەد یەکێکیان هەر سەر ئەگرێت".
سەر و شکڵی کابرا لە شێت ئەچوو، چونکە مەشغووڵی هیچ شتێک نەبوو، هەر ئەوەبوو سەری ئەلەقاند و بەدەم خۆیەوە ئەیوو" هەر ئەبێت بێگێم، هەر ئەبێت بیکوژم"، لێم پرسی ببوورە مەبەستت منە، بە خێسەیەکەوە سەیرێکی کرد و پێی وتم کێ کڵاوت بە گوو ئەپێوێت، من مەبەستم پاڵەوانی رۆمانەکەمە، بڕۆ لەبەرچاوم ونبە.
بیرۆکەکەی خراپ نەبوو بۆ چوونم بۆ هەردوو یەکێتی نووسەرانی حیزب، خوا کردی دوو نووسەر بە تۆمەتی ئەوەی کە شیعریان لە یەکتر دزیوە کردیان بەشەڕێک ئەوسەری دیار نەبوو، لەو بەینەدا بە فرسەتم زانی و فرتەم بۆ کرد و پارەی چاکەم ئەبێت ئەو چایچییە خۆی بیدات، ئاخر چایچی تۆ چیت ناو بیژیوانیت لەچی...؟
لەدڵەوە سوپاسی ئەو دوو نووسەرەم کرد، کە دوا جار شەڕەکەیان بەشەڕە تف کۆتایی پێ هێنا..
کاوە ڕووناک ڕۆمان
نیویۆرک
بهروار: 29/03/2023
214 جار خوێندراوهتهوه
|