مامۆستا حەسەن ژنەکەی مارەکرد / بەشی دوو 🤣
من هەروا دوای ست شلێر کەوتبووم لە بازاڕ، بردمی بۆ لای بەلەدێکە، نیوکیلۆ قیمەو چەپکێ کەرەوزو هەنێ سەوزەی کڕی، لە خوارترەوە نانی گەرمی کڕی، منیش عەلاگەم لەگەڵ هەڵگرت، لە ڕێگە هەنێکیش خۆم قیت و گورجوگۆڵ کردەوە، بەدەم قسەوە بردمی بۆ گەراجی ئەودیو جادەی کاوە، بەسەیارەیەکی جوان بەڕێکەوتین، ماڵیان دوور بوو، چووینە گردەکەی بەکرەجۆ، بەردەمیان باخێکی گەورەی چڕ بوو، داری باخەکە سێبەری بۆ خانووەکە کردبوو، وتی دامەبەزە، سەیارەکەی بردە گەراجی ماڵەوە، خانوو و باخێکی جوانی پڕ گوڵو گوڵزاری خۆش، سەلامم کرد، موبەڕیدەی داگیرسان، لە ژوورێک خۆی گۆڕی، قیمەکەی شێلاو دەستیکرد بە شفتە سورکردنەوە، بۆنی خۆشی شفتە دەرو ناوی ماڵی گرتەوە، هەرچەند وتی دانیشە ئیسراحەت بکە، چاکەتەکەم لابردو بۆینباخەکەم شلکردەوەو دەستم شۆردو سەوزەو بیبەرو تورو شتەکانم چاککرد، وەک ماڵی خۆم دەهاتە بەرچاوم، سەوزەو دۆو تەرتیباتی لەسەر مێز ڕازاندەوە، وتی:
- دەزانی ئەم شفتە چیم بیردەخاتەوە؟
+ نەوەڵا..
- لەچوارتا وەعدمدا شفتە بۆ مامۆستایان بکەم، نەقڵ بوومو بۆم نەکرا.
+ ماشەڵا بیرت چەند تیژەو چاکت لەبیرە، بەدەم قسەو پێکەنینو گێڕانەوەی یادگارییەکانی چوارتاو هەواڵی مامۆستاکانی ئەوکاتە، هەموو نانو شفتەکەمان تەواوکرد.
شلێر وتی: بەخۆشی تۆوە بوو دەنا بەخوا قەت ئەوەندەم نەخواردوە.
وتم: گوێ مەدەرێ؛ کەسمان شکور زەختو شەکرەمان نیە، شفتەش ئاوکێشە خۆی حەل دەکات.
(ساردیی ساردی هێناو کردمان بەسەریدا، من چووم نوێژی نیوەڕۆم کرد، ئەویش ون بوو، پاشماوەیەک بەجلی نوێژەوە هاتەوەو چایەکی گەرمی دەمکرد؛ خواردمانەوە، وەڵا بەو جلە سپیە نوێژانەوە لەحۆری بەهەشت دەچوو، دانیشتبووین، شلێرخان سەرێکی باداو بە بزەوە سەیرێکی کردمو وتی:
- جا فەرموو بزانم ئەمرت بەچیە؟
+ وەڵا شلێرخان گیان نازانم چی بڵێم، ئەم یەک دۆزینەوەو یەک بینینو دەعوەتو شفتە بەلەزەتو دانیشتنە خۆشە؛ هەردووکمانی جارێکی تر دڵخۆشو سادە کردەوە کە ئاسان هەموو شت باسبکەین..
- ڕاستە بفەرموو.
+ شلێرخان گیان؛ ئەمە لە قەدەری خوادا نەبێ؛ لەفکری کێدا هەبوو دوای ٣٥ساڵ منو تۆ جارێکی تر یەکتر بدۆزینەوە، وانیە؟!
- وەڵا ڕاستە لەنسیبو قەدەری خوادا نەبێ؛ لەعەقڵی کەسا نەبوو.
+ لەوانەشە ئەم نسیبە؛ مەیلی خوای گەورەی لەسەربێو ئیشێکی خێری پێمان هەبێتو خوا قەڵەمی لێدابێ.
- بەرێ وەڵا؛ ئامەنتو بیلا، ئیمانم بەخوا هەیەو هیچ شتێ بێ ئەمری ئەو نابێو ناکرێ.
بە پێکەنینەوە وتم: جا هەر لەسەر داوا کۆنەکەی ٣٥ساڵ لەمەوبەرو چوارتاو خۆیشت وتت ئەوکات دڵت بەمنەوە بووەو ویستوتە واز لەدەستگیرانەکەت بهێنی بۆ من، من جارێکی تر ئەو داوایە لەجەنابت دووبارە دەکەمەوە، بەڵام ئەمجارە منافیسم نیەو هەر دەبێ قبوڵی بکەیت، نەک شەکراو ئەوە شفتەکەشمان خوارد.
شلێریش پێکەنیو وتی: بابە وەڵا تەواوت کرد، خۆت بڕیتو خۆت دووریتو پرست بەمنیش نەکرد، وەڵا ڕاست بڵێم من ماوەیەکە دوای خانەنشینەکە زۆر هەست بەتەنهایی دەکەم، چەند ساڵە لەم خانووەدا بەتەنها ماومەتەوە، شەوو ڕۆژ بەو باخو گوڵانەوە خۆم خەریک کردووە، تا ئێسە نەمهێشتووە قسەیەکی خراپو گومانێک بێتە سەرم، لەگەڵ مامۆستاکانی هاوڕێم لەمەکتەب هەرچەند خانەنشینم، بەڵام پەیوەندیم زۆرە، بۆ هەموو دەعوەتو سەیرانو خۆشییەکی قوتابخانە بانگم دەکەن، تەنانەت دڵێن دەبێ شیلانی خوشکیشت بێنی، بەخوا بۆ ڕۆژی خانەنشینەکەم ئاهەنگێکیان بۆ گێڕاوم؛ بۆ وەزیریش نەکراوە، هەموو قوتابخانە خۆی گۆڕیبوو، مدیری تەربیە هاتبوو خەڵاتی خۆیو وەزیری پێدام، هەموو خوێندکاران بەدەم گریانەوە سرودی خوا حافیزیان بۆ دەوتم، گوڵبارانیان دەکردم، لەناو ئاپۆرای مامۆستاکان خەڵاتبارانو گوڵباران کرام، هەموو مامۆستاکانو خۆمو شیلانی خوشکیشم لەخۆشیانو لەخواحافیزیدا دەگریاین، ئاهەنگێک بوو ڕۆژی تەعینەکەم ئەوەندە دڵخۆش نەبووم، بەخوا دوای ئەوە سێ ڕۆژ لەماڵەوە لەخۆشی ئەو ڕێزو بەڕێکردنو ئاهەنگە گریاوم، شیلانی خوشکم زانی بەلامەوە قورسو گرانە هەفتەیەک جێینەهێڵاوم، عەسرانو شەوان مامۆستایان تا مانگێک بەردەوام دەهاتن بۆلام، جیابوونەوە لەهاوڕێو خۆشەویستان زۆر قورسو سەختو زەحمەتە، منیش حەفتەی دوو ڕۆژ دەچوومەوە بۆ لایانو شیرینیو ساردیو کێکو محەلەبیم بۆ دەبردن ..
(شلێر بەدەم گریانو فرمێسکەوە ئەمانەی دەگێڕایەوە، هەڵسام دوو کلێنسم بۆ هێناو وتم):
+ ئیتر بەسە با منیش خەڵاتو ئاهەنگو ڕێزو بەڕێکردنەکەی تەقاوتیەکەی خۆمت بۆ نەگێڕمەوە، دەنا ئەوەندەی تر دەگریت..
- چۆن بوو وەڵا حەزدەکەم.
+ وازم لێبێنە شلێر گیان، بەخوا ئەگەر تەقاوت یەک کەس بووایە دەمکوشت، بڵێم چی کە یەک میللەت پیرو نەخۆش خانەنشینەو ڕۆژانە لەلایەن هەمووانەوە سووکایەتیمان پێدەکرێت.
- ئەم قسانە یەعنی چی؟
+ وازبێنە با هەر لەدڵی خۆمدا بێت، جارێتر منیش چیرۆکی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە.
- باشە دەی، بچۆ سەر داخوازییەکەت، بەخوا دوای مردنی شێخ عەلی مێردم، ١٠ جار پێغامو داواکارم هاتووەو قسە زۆر کراوە، حەزم بەهیچ نەبووە، خێزانی قوتابخانەم ئەوەندە لا خۆشو گونجاو بوو؛ هەموو شتم لەبیرچوبوویەوەو هەستم بەتەنهایی نەدەکرد، بەڵام دوای خانەنشینەکە لەگەڵ ئەو هەموو ئاهەنگە ئەوە ماوەیەکە بەتایبەت دوای مردنی دایکی ڕەحمەتیم زۆر هەست بەخۆفو تەنهایی دەکەم، هەر لەمەراقو خەفەتیشدا بوو ئەمڕۆ هات بە سەرمدا بێمە بازاڕو هەندێ شتیش بکڕمو تووشم بەتووشی جەنابتەوە بوو، جاتۆ سەیرکە خەو چۆنە، شەو لەخەوما گەنجو جوان بووم وامزانی هەر مامۆستام لەچوارتا، دایکم وتی؛ شلێر گیان ئەگەر ئەمجارە چوویتەوە بۆ چوارتا؛ منیش لەگەڵت دێم، یەک دوو ڕۆژ لات دەمێنمەوە، وتی؛ نەختێ قیمەو گەڵامێو دێنمو شفتەو یاپراخ دروستدەکەین، ئەمە خەوەکەیە، من نەچووم بۆ چوارتا؛ تۆ هاتی بۆ ماڵم.
+ دە تەواوە؛ ئەوە لەخەویشدا دایکت ڕازی بووە، خەریکبووە بەپێی خۆت بتهێنێ بۆ لام، ئەوە شفتەکەمان خوارد یاپراخێکیش قەرزاری.
- باشە قبوڵمە، بەڵام حەزدەکەم باسی ژیانی خۆتم بۆ بکەی هەرچەند بەپچڕچڕی هەندێکت بەدەم ڕێوە باسکرد؟
(هەموو شتی خۆم بەبێ پەڕاندنو شاردنەوە بەدرێژی بۆ گێڕایەوە، دۆخی منی پێ ناخۆش بوو، وتی هەقی ئەوەت نەبووە، بەڵام بەڕاستی شلێر کچەکەی چوارتا نەمابوو، ئەوکات زۆر حەڕووک بوو، لەڕووی عەقڵییەوە زۆر گەورەو بەرزو پێشکەوتوو بووە، پاکو ڕاستو دڵگەورە)
شلێر وتی: هەر بۆ ئەوەش بێ لایەک لە تۆ بکەمەوەو پاداشتێکی ئەو چاکانەت بدەمەوە کە لە چوارتا لەگەڵت کردم ڕازی بووم، نەک هەر ئەوە، بەڵکو کێشەی خۆتو مناڵەکانیشت ئەگەر پارەبێت وەک باستکرد خوا حەزبکات پێکەوە چاری دەکەین، ناهێڵم تۆش لەوان تەوەلا بیت.
شلێر وتی: من هانت نادەم لەژنو مناڵەکانت دوورکەویتەوەو بەرەڵایان بکەیت. تۆ یەک لایەنە باستکرد، گوێمان لەولاش نەگرتووە، دەنا ڕەنگە خەتای تۆشی تیابێت، هەرچی بێت؛ غەمت نەبێ؛ ئەوەش چاردەکەین.
شلێر وتی: سبەی شیلانی تاقە خوشکم بانگ دەکەمو پرسو ڕایەکیش بەو دەکەمو وەڵامت دەدەمەوە.
(سبەی عەسر شلێر تەلفونی بۆ کردم کە هەموو شت بەدڵی تۆیە، منیش سوپاسی خوام کردو زۆر مەمنونی لوتفی ئەویش بووم) پێموت: هەر ئەمشەو مەلا غەفوری پورزام دێنم، ئەو هەموو کێشەکەی من دەزانێ، تۆش شیلانی خوشکت بانگ بکە بۆ شایەتیو وەک وەلی ئەمری تۆ.
بۆ شەو لەگەڵ مەلا غەفوور بەسەیارەکەی هەندێ شیرینیو ساردیمان کڕی، چوینە ماڵی شلێر، ئەویش شیلانی خوشکی هێنابوو، مامۆستا ناوی خوای لێهێناو هەنێ پێشەکی وت، وتی مادام پیاوەکەی مردووە، کەواتە خۆی وەلی ئەمری خۆیەتی، منو خوشکیشی وەک شایەت، لەسەر سوننەتی خواو پێغەمبەر مارەتان دەکەین. هەرچەند شلێر وتی؛ مارەییو هیچم ناوێ، بەڵام مامۆستا وتی؛ نابێ دەبێ پێنج مسقاڵی حازریو هەنێ قەرزی بۆ دیاری بکەین، کاکە مەلا وتی؛ مادەم ماڵەکان زۆر دوورن لەیەک، جارێ هەروا بە سووکە نهێنی بیهێڵنەوەو ژیرانەو بەحیکمەت کاری خۆتان بەڕێبکەن، بەڵام با شلێرخان لای هەندێ ناسراوی نزیکی باسی بکاتو کەمێک لەنزیکەکانی بزانن، تۆش دەتوانی لەماڵەوە بڵێیت ئیشێکی شەوانەم دۆزیوەتەوە. هەموو شت تەواو بوو، مامۆستا غەفور خۆی ڕۆشتەوە، ئێمەش بە سەیارەکەی شلێرخان؛ شیلان خانمان بردەوە، پاشان لەڕێگەی گەڕانەوە چووین بۆ بازاڕی خەجێ خانم، نەیهێشت من دابەزم، ناوەشکێنەو سەموونو قەیماغو ماسی کڕی بۆ نانی بەیانی، پاشان چوینە شیرینی حەلوانی، نەیهێشت دابەزم، چەند جۆرێ شیرینی کڕی، پاشان دۆندرمەی هێناو هەر لەسەیارەکەدا خواردمان، هەر بۆ خۆشی بەدەم قسەوە بردمی بۆ سەرچنارو سەهۆڵەکەو درەنگی شەو هاتینەوە ماڵەوە، شلێرخان بەیانی زوو هەڵیساندم، کۆمەڵێ عەلاگە میوە کۆنو شیرینی کۆنی ناو سەلاجەکەی بۆ پێچامەوەو وتی:
- بڕۆرەوە لەگەڵ ئەوان نانی بەیانی بخۆ؛ با گومانت لێنەکەنو ئەویتری خۆت عاقڵانە وەک کاکە مەلا وتی؛ ڕاییکە.
+ ئەی قەیماغو ناوەشکێنەکە؟
- (بە پێکەنینەوە)، دەبڕۆ ماڵت ئاوابێ خۆ هەمووی ناحۆمو دونیا هەر ئەمڕۆ نیە. لەمەولا دەبێ نەرم مامەڵە بکەیت، ئەمڕۆ کە چوویتەوە سەلام بکەو دانیشە لای خێزانتو بڵێ هاتووم ڕێکبکەوین، پێی بڵێ ئیشی تازەم دۆزیوەتەوە، لەمەولا معاشەکە دەکەمە چوارکەرت، سێ بەشی بۆ ئێوە یەک بەشی بۆ خۆم، بەمەرجێ ئیتر سەرو دڵم نەگری.
تاریک و ڕوون بە سێ عەلاگەی پڕەوە چوومەوە ماڵ، سڵاوم کرد، خێزانم وتی:
- خێر ئیشەڵا.
+ خێر دەبێ ئیشەڵا. وەرە ژووری خوارەوە قسەت لەگەڵ بکەم.
- ئادەی فەرموو بزانم چیت پێیە؟
+ ئافرەت گیان، بەتەمام لەمڕۆوە ببمە پیاوێکی ترو ببمە خێر بۆتانو هەر خێرتان بۆ دێنم، بەمەرچێ بڕیار بدەی سەرو دڵم نەگریو واز لەقسەو تەعلیقو شەڕو هەرا بهێنی.
- ئادەی پزانم خێرەکەت چیە؟ بڕوات پێناکەم، لەدوێنێوە لەکوێ بوویت؟
+ تۆ نەتوت هیچت لێ نایە؟ دەی ئەوەتە کارێکی شەوانەم دۆزیوەتەوە، ئیشەڵا بەڵکو ئیتر شەوان لەکۆڵتان ببمەوەو زۆر نەیەمە بەرچاوتان، بڕیارمداوە لەمەولا معاشەکەم دەکەمە چواربەش، سێ بەشی بۆ تۆ؛ یەک بەشی بۆخۆم، وەعدبێ ئەوەی خۆشم هەر بۆ ئێوە خەرجبکەم.
(ژنە پێکەنیو پێی خۆش بوو، خواخوای بوو لەکۆڵیان بێتەوە، وتی:
- ماشەڵا گەنجیت، بەڵکو ئەمجارە ڕاست بکەی، پارەی ئیشەکەت چەندەو لەکوێیە؟
+ جارێ با مانگی بڕوا بزانین ئەتوانم.
- ئەی بۆ ناتوانی بەوگەڵو گیپاڵەوە، هەرچی بجوڵێ خوا پەکی ناخات، تۆ هەر دانیشی بەدیار منەوە چیت دەستدەکەوێ، باشە ڕازیم بەمەرجێ بیبەیتە سەر، من بێدەنگ دەبم بەمەرجێ مانگانە ئەو پارەم بدەیتێو هەنێکیش لە ماڵ دووربکەویتەوە، بەیانیان بێرەوە چاو ماسەکەت بۆ حازر دەکەم، هەر لەم ژوورەی خوارەوە تا نیوەڕۆ بخەوە، دوای نیوەڕۆ بچۆ بازاڕو هەوایەکی باڵت بدەو شتێکمان بۆ بێنەوە، خۆت بگۆڕە بەقاتەوە چۆن ئیشکراوە، ئیتر بچۆ سەر ئیشەکەت بەڵکو تا سەربێ؟
(خوای گەورە بەهۆی شلێرەوە ئەو دەرووەی لە منی کردەوە؛ لەکەسی نەکردۆتەوە، هەموو بەیانیەک دوو سێ عەلاگەی شلێرانە هەڵدەگرم، زۆرجار جگە لەشیرینیو میوە؛ گەڵامێوو سڵقو سەوزەو شتی تریشی بەپارەی خۆی دەکڕیو دەمهێنایەوە بۆیان، نانو چایەکی گەرموگوڕم دەرخوارد دەدات، تا نیوەڕۆ دەخەوم، عەسر دەچمەوە سەر ئیشەکەم، ژنی تازەش نانی ئێوارەیەکی گەرمو نەرمو چەورم بۆ ئامادەدەکاتو پێکەوە دەیخۆین، قاتو کراسێکی جوانو بیجامەو جلێکی شەوانەی ناسکی بۆ کڕیبووم مەگەر لەحەلقەی تورکیدا دیبێتم، زۆر ئێوارانیش لەپێش سەیارەی بووکەخانەوە سواردەبووم بەرەو چێشتانەکانی سیتەکو ناوشار، بووکە گیانیش خۆی دەدا لەتەل، پاشان دەچینە شیرینیو دۆندرمەخانە، بەیانیانیش لەخەوی خێر بەئاگام دەهێنێو بەعەلاگەی پڕەوە ڕاییم دەکات بۆ کەلاوە کۆنەکە، ژنەش لەبۆڵەبۆڵ کەوتبوو، کەمێ خزمەتی دەکردم، منیش بەو کەمە ڕازی بوومو دەموت خوا یارمەتیو حەوسەڵەم بدات بەردەوام بێ، ڕاستیەکەی ئێستە وەک گای دابەسەی ناو جۆگەم لێهاتووە، لەهەردوو بەرە دەخۆم و دەخەوم، هەندێکیش لەنرخو کەسێتی جارانم بۆ گەڕاوەتەوەو چوار مانگیشە گوێم لە شیڕەی حەلاو نەبووە..
بەشی دووەم و کۆتایی
حەسەن مەحموود حەمە کەریم
بهروار: 27/03/2023
409 جار خوێندراوهتهوه
|