مامۆستا حەسەن و ژنەکەی 🤣

کێشەی من و ژنەکەم بە پلەی یەکەم معاشەکەم بوو، ئەو دەیوت دەبێ بمکەیتە وەکیل و خۆی مانگانە بچێ لەبری من تەقاوتیەکە وەرگرێ و مەسرەف بکات و من ئیشێکی تر بۆ مەسرەفی خۆم بدۆزمەوە، من ڕازی نەبووم، مانگانە نیوەی معاشەکەم دەدایەو دەموت هەقی هیچ مەسرەفێکی ترم نیە، ئەویش ڕازی نەدەبوو، بەڵکو بەشەکەی خۆیشمی وردە وردە لێدەکێشامەوەـ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەنە جنێوو ناوناتۆرەی پێدەدام و ناشکوری دەکرد دەموت هاکا خوا غەزەبی زیاتری لێگرتین، سەرم لێشێوابوو، گێژبوبوم، ڕاست و چەپی خۆم لێتێکچوبوو، قسەی لەهەموو شتێکمدا دەکرد، هەر دەرکەوتمایە ڕەخنەباران و سەرکۆنەی دەکردم، تەنانەت دەیوت وەرە کەوڵەکۆنی تەقاوت و سەرەخۆرە با کارێکت بۆ بدۆزمەوە،  ئیشی مەتبەخ و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی پێدەکردم. هەستمکرد وردە وردە سوک و ڕسواو بێنرخم دەکات، منداڵەکانی لێهاندەدام، دەیوت بڕۆن ئەو کەرە پیرە بکەنە دەرەوە با کارێک بدۆزێتەوە، دەیوت شکور مناڵەکان ناچنەوە سەر تۆ، بڕیارمدا بۆ ئەوەی خۆم لەم دۆخە دوورخەمەوە ماڵ جێبهێڵم، یان بچم لای دایکم بمێنمەوە بەو بیانووەی تەنهایەو نەخۆشە، یان بەبیانووی کار؛ سەری خۆم هەڵگرم بۆ موسڵ و بەغا، وتم جارێ با سەرەتا شتێک بکەم، خشتەیەکم کە پێشتر ساڵانە بۆ سەعیکردنی خوێندکارەکانم دادەنا، بۆ هەفتانەی دوورکەوتنەوەم لە ماڵ دانا، چەند مانگێک بوو ژوورەکەی خوارەوەم پاککردبویەوەو لەوێ دەمامەوە، وردە وردە هەموو جل و پێڵاوەکانم کە هەریەکە لە جێیەک بوون کۆمکردنەوەو هێنامنە ژوورەکەی خوارەوە، جلەکانم بردە بازاڕ ئوتووم کردن و پێڵاوەکانم بۆیاخ کرد، تەسبیحە ئەبڵەقەکەم دۆزیەوە، نوێژی بەیانیم کرد، زۆر گریام و دوعامکرد خوا یان بمکوژێ یان دەرووم لێبکاتەوەو لەم دۆخە ڕزگارم بکات، هێشتا تاریک و ڕوون بوو، قات و بۆینباخم لەبەرکرد، ویستم پێش ئەوەی ئەوان لەخەو هەستن بەدزییەوە بچمە دەرەوە، تومەز خێزانم بەخەبەرەو چاودێری جوڵەو خشەخشەکانم دەکات، هەر چوومە حەوشە؛ یەکێ لەپەنجەرەکەوە هاواری کرد:
- تڕحێو، هەڵیتڕێنە بارت سەنگینە، تازە فریای ناکەوی، ئەوەی بە بێوەژنی دەیکەی بەکچێتی بتکردایە.
لامکردەوە وەک شەیتان هاتە بەرچاوم، زۆر لێی ترسام، وتم ئەگەر بەم بەیانی زووە قیروسیا دەکەم و بۆی دەگەڕێمەوەو دەقێکی باشی دەدەمەوەو دەم و فڵقی دەشکێنم، لە ترسی کێشەو باری لاری خۆم و نەزانینی هەڵوێستی مناڵەکانم نەموێرا، ئەو مناڵانەی دابوویانە پاڵی دایکیان و سیقەم پێیان نەمابوو، مەگەر خۆم بزانم بە چ کوێرەوەریەک بەخێوم کردوون، مناڵەکان لە شیڕەی دایکیان هەستابوون و بەو قسانە پێدەکەنین و منیان بە شایستەی ئەو لاقرتیانە دەزانی، بڕیارمدا وەڵام نەدەمەوەو شەڕ بۆخۆم و ماڵ و مناڵ دروست نەکەم ..
خشتەکەم وادانابوو بەیانی بچمە چاخانەی عەبەو شۆربایەک بخۆم، چایەکە ببەمە چاخانەی شەعب و چەند جەریدەیەک کە خۆڕایی بوو؛ هەڵگرم، پاشان دەچوومە باخی گشتی یان پارکی دایک و هەندێ دەگەڕام و جەریدەکانم دەخوێندەوە، هەمووجار لەوێ کەسێکی پیر یان هاوڕێیەکی کۆنم دەدۆزیەوەو دەردەدڵی خۆمان دەکرد، زۆریان کێشەیان نەبوو، من لەهەموویان نەگبەتتر دیاربووم، هەنێ لەجەریدەکانم دەدا بەو پیرانە، پاشان دەچوومە چاخانەی تەقاوت و پیرەکان کە پڕبوو لە دووکەڵی جگەرەو تەقەی دۆمینە، جەریدەکانی ترم لەوێ دادەناو دەیانخوێندەوە، کاتی نیوەڕۆ دەچوومە مزگەوتی گەورە نوێژم دەکردو قورئانم دەخوێندو دوعای زۆرم دەکرد، سەرخەوێکم دەشکاند، سەردانی دایکم دەکردو پێویستییەکانیم بۆ دەکڕی، ئێوارە دەچوومەوە ماڵەوە، نەخشەی ڕۆژانەی من ئەمە بوو، خەریکبوو لەم شتە دووبارانەش بێتاقەت دەبووم، ڕۆژانە بۆ ئەوەی تووشی مەلەل نەبم؛ هەنێ گۆڕانکاریم لەبەرنامەکەدا دەکرد، دەگەڕام و سەرم بە هەموو کون و کەلەبەری بازاڕی شاردا دەکرد، دەچوومە مەزاتخانەو کتێبخانەو مزگەوتەکان و تەنانەت گۆڕستانی سەیوانیش، لە چاخانەی شەعب دەعوەتنامەی کۆڕو پێشانگا هەڵدەواسرا، دەچوم بۆ ئەوانەش ..
ڕۆژێک بە مل لاری لە حەوزە وشکەکە دەست و تەسبیحەکەم خستبووە پشتم و سەیری ڕێزە دووکانەکانی لای عارفی عەتارو ئەوانم دەکرد، ژنێک هاتە پاڵم هەواڵی ڕەنگە خەنەی مەیلەو سوری لە دووکاندارەکە پرسی بۆ قژی، منیش باڵام بەرزتر بوو سەیری قژیمکرد زۆر جوان دایهێنابوو دەقیگرتبوو، فێربووبووم لە خۆمەوە هەموو پرسیارێکم لە دووکاندارو خەڵک دەکرد، لەخۆمەوە وتم:
+ ڕەنگی قژت هی ئەو خەنەیەیە؟
- (بەڕووخۆشییەوە): بەڵێ. 
+ ماشەڵا؛ زۆر جوانە.
- (سەیری قژیکردم): تۆش دەتوانی ڕەنگێکی جوان بۆ قژت هەڵبژێری سوننەتە. (لێم وردبوویەوە): تۆ مامۆستا حەسەن نیت؟
+ بەرێ وەڵا، ئەی جەنابتان کێن؟!
- مەرحەبا مامۆستا گیان، دە ساڵە چاوت بۆ دەگێڕم، دەموت ئاخۆ چی بەسەرهاتبێ.
+  مەرحەبا سەرچاوم، چەنابت مامۆستا شلێری شێخ فەرەج نیت؟
- بەڵێ مامۆستا گیان، ئەوە بۆ وا کزو بێ تووک دیاریت؟ تۆ لە چوارتا چەند جوان و پێکەوتە بوویت.
+ مامۆستا گیان ئەی لەکەیەوە هەین و تەمەنێکمان بەڕێکردووەو هەروا دەبین؛ هەموو گۆڕاوین.
 (مامۆستا شلێر ٣٤ ساڵ پێشتر لەچوارتا لای من مامۆستای کوردی بوو)
 - چاوم ڕۆشن بوویەوە، خۆزگەم بەوکاتانەی چوارتا، چەند دڵخۆش بووین، ئێستە بەدەست حکومەتی کوردییەوە ژیانمان بووە بەغەم.
+ ئەی هەواڵی ماڵی باوکت و دایکت چیە، حاڵی خۆت چۆنە؟
- وەڵا باوک و دایکم عەمری خوایان کردووە، بەس شیلانی خوشکم ماوە، ئەویش وەک خۆم خانەنشین بووە.
+ خوا لێیانخۆش بێت؛ بەداخەوە، ئەی خۆت دوای چوارتا کوێ کەوتی چیت بەسەرهات هەر نەمدیتەوە؟
- ئەوە بوو لەچوارتا بووم شومکردو بەو هۆیەوە گوازرامەوە، ١٠ساڵ بوو شووم کردبوو، عەلی مێردم لە شەڕی عێراق ئێران کوژرا، ئیتر تەنها کەوتم و دووایش خانەنشین بووم.
+  ماڵتان لەکوێیە؟
- وەڵا لەبەکرەجۆم، کە عەلی شەهید بوو عەرزیان دامێ و بۆیانکردم بە خانوو سەیارەیان دامێ و ژیانم باش بوو؛ ئێستە خانەنشینیەکە دەخۆم، شکور بۆ خوا هەر ئەوەیە تەنهام دەنا وەزعم باشە..
+ یەعنی تەنها کەوتووی؟
- ئەرێ وەڵا ناشوکری نەبێ مناڵمان نەبوو تەنها مامەوە، ئەوەشی مناڵی بووە ڕۆشتوون و هەروەک من تاک و تەرا کەوتون، من گیانم بە شیلانی تاقە خوشکمە بەزۆری سەردانم دەکات.
 (شلێر چوار پێنج ساڵێک لە من بچوکتر بوو، بەڵام چونکە مناڵی نەبوو زۆر جوان و توندوتۆڵ مابویەوەو نەگۆڕابوو، پێشتر لە چوارتا لە مەکتەبەکەم مامۆستا بوو، من ژنم نەبوو، داوامکرد، وتی بەخوا داواکراوم بۆ کوڕە شێخێک، پیرۆزباییم لێکرد، شلێر ئێستە تەمەنی لەسەرووی پەنجاکانەوەیە.)
- ئەی مامۆستا حەسەن تۆ چیت بەسەرهات، لەگەڵ خانەنشینەکە کارێک ناکەیت؟
- نەوەڵا منیش خانووی خۆمەو خانەنشینەکەم باشە ئەگەر ماڵەوە بهێڵن.
- بۆ ماڵەوە چیانە؟
- تۆ جارێ خەنەکە وەرگرە، بەخوا پارەکەی لەسەر منە.
(داخی زۆرم لە دڵا بوو، هەموو باری خراپی خۆم لە نووکەوە بۆ گێڕایەوە، زۆری پێناخۆش بوو، وتی دەستم بشکێ، لە خۆیەوە بە پێکەنینەوە وتی)، خۆزگە هەر ئەوکاتەی چوارتا شووم بەتۆ بکردایە کە داواتکردم، زۆرم حەزدەکرد، دوو سێجار کە نەگوازرابوومەوە خەریک بوو پەشیمانببمەوە، لای دایکم باسمکرد، وتی نەخەڵەتابی قسەی وا بکەیت، نەیهێشت، وتی ئەوان شێخ نین باوکت قبوڵی ناکات، ئەگەر ئەوکات ببوایە؛ ئاواشم بەسەر نەدەهات و تۆش ئاوات بەسەر نەدەهات.. 
ئەوەندە خۆش وتی، منیش لەخۆمەوە بە پێکەنینەوە هات بە دەمما وتم: یەعنی ئاواشت بۆ کردووم و من بەخۆم نەزانیوە، وتم جا نەچووە بچێ، دایکم هەمووجار دەیوت فاڵیان بۆ ئەخیری تەمەن گرتوەتەوە، ئەوسا بە گەنجی ڕازی نەبوویت، بەڵکو بەم پیرییەی هەردووکمان شتێک بە شتێک بکەین و یادگارییەکانی چوارتا بگێڕینەوە.
شلێر بە پێکەنینەوە وتی: جا حەدم چیە لەتۆ زیاتر بم، من زۆر لەگەڵت ژیاوم، پیاوێکی جوان و هەڵبژاردەیت، لە چوارتا بۆ ئەو غەریبی و دوورییەی من زۆر باش بوویت، مۆڵەتی زۆرت دەدامێ و دائیمەن دوعای خێرم بۆ دەکردی و دەمگوت خۆزگە جارێکی تر ئەمدیەوە، تۆ قابیلی هەموو ئافرەتێکی باشیت..
+ وەڵا ئەم ئەخیرەی تەمەنم خراپ هات بەدەستمەوە، بەڵکو تۆ فریشتەی خوابیت و خوا ناردبێتی و هاتبی بەدەممەوە ژیانم بۆ قەرەبوو بکەیتەوە.
شلێر وتی: بەس ئەم داخوازییە لەم سەرەڕێیە ناکرێ، وەرە بچینە ماڵی خۆمان و دەردە دڵی خۆمان بکەین و یادگاریەکانیش بگێڕینەوە (دوای کەوتم، لە خۆمەوە چوومە ناو داڵغەو خەیاڵێک، بیرم لەخۆم و دووعاکانم دەکردەوە، وتم کورە دەی، با ئەمەش بچێتە پاڵ خەمەکانی ترم، خۆ ژنەکەم دەیوت تڕت چووەو تست ماوە، تازە فریای ناکەوی، بەڵام ئەگەر خوا حەز بکات ئەمە هەلەو لانەیەکی گونجاوە، خۆی بەپێی خۆی هاتووە، دەبێ فریای خۆم بکەوم دەنا فەوتاوم)

ماویەتی

به‌روار:  27/03/2023
614   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   814
کۆی سه‌ردان:   29238757