شێرکۆ بێکەس بۆ باشووری کوردستان
بابە بۆچی ئەسپەکەی "شێخ"
لە بناردا کەوت و گلا و
نەبوو بە "با" و
بە بروسکە و
سەرنەکەوتە سەر ترۆپکی
پاشەڕۆژ و شاخی ھەتاو؟!
- کوڕم.. ئینگلیز.. داوی ئینگلیز
ئینگلیز.. خستی
ئینگلیز.. گرتی
ئینگلیز.. کوشتی!
- ئەی بابە بۆ چرای ئاڵای
ناو بەفرانباری مەھاباد
لە تەمەنێکی زۆر کورتدا
کورتتر لە گوڵی دار چوالە و
کورتتر لە خەونی پەپوولە
پرشنگەکانی ھەڵوەری و
دڵی وەستا؟!
- کوڕم! فووی ڕووس
فووی "ستالین" و "سەڵتەنە" و
گۆڕینەوەی خوێنی کوردستان بە نەوت و
مەزاتە گەورەکەی دنیا!
- ئەی بابە ئەم "مانگ"ەی ئێستا
کە لە ئاسۆی خوێنمانەوە بوو بە خەونی
گۆیژە و مەتین و سەفین و
لە ناو سەری مێژوویەکی شەھیدەوە
خەرمانەی دا؟!
بابە... بابە ئەی ئەمەیان
ئەم مانگەیان
کێ ئەیکوژێ؟!
- کوڕم.. کورد خۆی.. ھەر خۆی و خۆی
کەسی تر نا
ئەمجارەیان خۆی ئەیکوژێ
خۆی ئەیکوژێ
خۆی و هەر
خۆی!!
شێرکۆ بێکەس
بهروار: 26/03/2023
171 جار خوێندراوهتهوه
|