بۆ مێژوو/ گەر ڕاپەڕین نەبوایە خوێن لاشەی دەبرد
گەرچی پێش ڕاپەڕین " شەهید کەمالی ئایشێ قەڵەو" ئاگاداری کردم و زۆریش هەوڵی لەگەڵمدا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەشداری ڕاپەڕینم نەکردووە.


ئێوارەی 1991.3.7 پاش گیرانی  " مونەزەمەی ئەنفالەکە" ی گەڕەکی بەختیاری ، بە سۆراخی دۆزینەوە و دڕاندنی  " کەفالەتێکی دایکم " کە ساڵی 1989  سەربازی فیرار بووم و   " بە نادیمەن" لە مونەزەی ئەنفالەکە لێیان وەرگرتین، کۆمەڵێک فایلی زۆرم بردەوە.
لە فاییلێکی گەورەدا کۆمەڵێ نامەی فەرمی لە نێوان مونەزەی ئەنفالەکە و شوعبەی بەعسی سلێمانی و " مەکتەب تەنزیم شیمال کە عەلی حەسەن مەجید بەرپرس بوو " و  سکرتاریەتی مەکتەبی سەدام حسەین ئاڵوگۆڕ کرابوون .


ڕاپۆرتەکان کە بەرز کرابوونەوە بە سیلسیلەی موراجەعە لە خوارەوە بۆ مەکتەبی سەدام ، ئەمە کورتەکەیەتی:
دیاردەی " موتەخەلیف و فیراری عەسکەری " بە شێوەیەک زۆر بووە ، کە کۆنتڕۆڵ کردنی لە توانا و دەسەڵاتی ئێمەدا نیە. 
دوا ڕاپۆرت لە مەکتەبی سەدام و بە ئیمزای خۆی ئەم بڕیارەی دەرکردبوو:
بەم نزیکانە " مەنعەتەجەولێک " لە شاری سلێمانی ڕادەگەیەنین و هەڵمەتێکی گەورە بۆ دەستگیرکردنی " فیرار و موتەخەلیف" بکەن و هاوکاری عەسکەریتان بۆ دەنێرین و دەبێ ئەم بڕیارە وەکو خۆی جێبەجێ بکەن:
بە ژمارەی 10- 15 کەس پێکەوە لەبەردەم مونەزەمەکان ڕەمی بکەن و بۆ هەر کەسێک کەبەشداری ئیعدام کردنەکان دەکات بڕی " 150"  دیناریان بدەنێ، هەر حیزبیەکیش ئامادە نەبوو بەشداری ئیعدامەکان بکات، خۆشی ئیعدام بکەن.
ئەم فایلەم دا بە " کاک نەبەزی مامۆستا موحەمەدی " ڕەحمەتی دراوسێمان کە ئێمە پێمان دەووت " نەبەزی نووسرەت خان" .
چونکە ئەمیش لە یەکەم چەکداری ڕاپەڕینی بەختیاری بوو لەگەڵ " شەهید کەمالی ئایشێ قەڵەو و وەستا جەبار" هەم دراوسێ و یەکترمان دەناسی ، هەمیش ڕۆشنبیر بوو.


تێبینی: سێ بەشی گەنجی کورد لەو کاتەدا فیراری جەنگی کوێت بوون، تەنیا لەماڵی خۆماندا 3 برا فیرار بووین


وێنەکە : شەهید کەمالی ئایشێ قەڵەوە بە کۆمەڵێک سەربازی دیلەوە.


شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  08/03/2023
779   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   346
کۆی سه‌ردان:   29232398