تەرمی گەنجێکی کورد لە یۆنان دیار نیە
چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گەنجێکی کۆچبەری کورد لە وڵاتی یۆنان گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، "تا ئێستا نازانرێت هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی چییە".

یەکێک لە هاورێکانی "ئەحمەد ئاراس مەستەفا" ئەو گەنجە کۆچبەرەی لە یۆنان گیانی لەدەستداوە، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پەیوەندی بەو قاچاخچییەوە کردووە کە "ئەحمەد"ی رەوانەی یۆنان کردووە و لێی پرسیوە کە ئەو گەنجە ناوی "هەژار"ە، بەڵام قاچاخچییەکە ناوەکەی بۆ راستکردووەتەوە کە ناوی "ئەحمەد ئاراس مەستەفا"یە و تا ئێستاش پاسپۆرتەکەی لای ئەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر "ئەحمەد ئاراس" لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی شاری ئەستەنبوڵ لە تورکیا کاری کردووە و لەوێ یەکترییان ناسیوە.

وتیشی، هەردووکیان لە تورکیا بەنیازبوون بەرەو وڵاتی یۆنان بەڕێبکەون، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ئەو پارەی پێویستی پێنەبووە نەیتوانیوە بڕوات، بەڵام "ئەحمەد ئاراس" پارەی پێبووە و بەرەو یۆنان رۆیشتووە.

چاوگەکە باسی لەوەشکرد، ئەو گروپەی "ئەحمەد ئاراس" لەگەڵیان رۆیشتووە پێیان راگەیاندووە، کە ئەحمەد سێ رۆژ لە بارهەڵگرێکدا کەبەرەو یۆنان رۆیشتووە ماوەتەوە و خواردن و ئاویشی پێنەبووە و توشی خوێنبەربوون بووە. دەشڵێت، ""من هیچ نازانم و ئاگادارنیم کە ئایا ئەحمەد پێشتر نەخۆشی لەگەڵ بووە یان نا".

دەشڵێت، کۆمەڵێک کۆچبەری دیکەی خەڵکی سلێمانی پێیان راگەیاندووە کە هاوڕێکەی گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، ئەو خۆی خەڵکی کفرییە و ئەحمەد ئاراسیش خەڵکی کەلارە و تەمەنی لە نێوان ٢٤ بۆ ٢٦ ساڵاندایە.

هاوڕێکەی ئەحمەد ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو کۆچبەرانەی لەگەڵ ئەحمەد دابوون لە ئیتاڵیا خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە، هەربۆیە نە ئەو و نە هاوڕێکانی ئەحمەدیش نازانن تەرمی ئەحمەد لەکوێیە.

باسی لەوەشکرد، پێش ئەوەی ئەحمەد ئاراس بەرەو یۆنان بەڕێبکەوێت، یەکێک لە هاوڕێکانی لە رێستۆرانتەکەی ئەستەنبووڵ بە قاچاخچییەکەی وتووە، "من دەبم بە کەفیلی پارەکەت دەداتێ با بڕوا".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی خراپی ژیانو قورسی گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم و دەستەبەرنەکردنی پێداویستییەکان و خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی هەرێم و دابینەکردنی ژیانێکی شایستە بە هاوڵاتییان و گەنجانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمەوە، بەهۆکارێکی دیکەی کۆچی گەنجان لە هەرێم بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا دادەنرێت. ساڵانە ژمارەیەک گەنج بەرەو دەرەوەی هەرێم کۆچدەکەن و بەشێک لەو گەنجانە بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان لەدەریای ئیجە دەخنکێن و بەشێکی دیکەیان لە ناو بارهەڵگر دا گیان لەدەستدەدەن.
ئێن ئاڕتی
به‌روار:  26/02/2023
762   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1304
کۆی سه‌ردان:   30095930