نوێژێک هەیە لە دڵدا دەکرێ


عەتتاری نەیشاپووری لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا دەڵێت :-
سەگێکی گەڕی بێ لانە و برسی و پیس و پۆخڵ لەناو بازاڕ خۆی بەیەکێک لە شێخەکاندا دەماڵی ، شێخیش گویی نەدەدایە و سەگەکەی دور نە دەخستەوە و دەڕۆیشت ، یەکێک لە هاوەڵەکانی کابرا ، وتی قوربان ئەم سەگە بۆ دور ناخەیتەوە ؟ شێخەکە وتی (ڕاستە ئەم سەگە زاهیرێکی پیسی هەیە ، بەڵام من باطنێکی پیسترم هەیە)

چۆن لە شتێک هەڵبێم و ڕاوی بنێم کە لە خۆمدا بە زیادەوە هەیە ، دەرونپیسی و خەیاڵپیسی و بینینی پیس و گوتنی پیس و بیستنی پیس ، خراپترە لە هەموو پیسیەکانی تر ،

پیسی ئەم سەگە ئەگەر بەریشمان کەوێت و لە تەنیشتیشمان بخەوێت بەئاوێک و کەمێک خۆڵ دەڕوات ، بەڵام پیسی دەروونمان تەمەنێکی دەوێت تا پاک دەبێتەوە .
...........................................
گۆماوێکی وەستاوی لێڵ لە ڕوبارێکی پرسی :-
چۆن چۆنییە ئاوا بەو شێوەیە خاوێن و بەخوڕی ؟
ڕوبار وتی من تێدەپەڕم .

ئەوەی بەدیار شتی بچوکەوە بوەستێ لێڵ دەبێت ،دەبێت وەک ڕوبار بەتەنیشتی یەکدا تێپەڕین گەر دەمانەوێت بەڕونی بمێنیینەوە .
.....................
نالی دەڵێت:-
(ئەم ئەرزە مەزرەعەی عەمەلە و گوڵخەنی ئەمەل
هەندی بووە بە مەسجید و، هەندی بە مەزبەلە)

زەوی کێڵگەی کردەوەیە و وەک تونی حەمام هەرچی تێکەی دەیسوتێنێت ، ئەوەی بە دەرونی پاکەوە بەرگڵاویش بکەوێت خودا وەک باشترین شوێن لێی وەردەگرێت ، ئەوەشی بەدەرونی پیسەوە بچێتە پاکترین شوێن خودا وەک چونی بۆ خراپترین شوێن لێێی وەردەگرێت

حەمدی وتەنی:-
(بەجل پاکی دروست نابێ نوێژی زاهیدی دڵپیس)

بەخۆ خەڵەتاندن و زاهیر و ڕیاکاری و دەست لەملان و ستایشی ڕوو بەڕوو، هەرگیز دایناپۆشی زەم و ئیرەیی و ڕق و دووڕووی و فیتنەیی و ڕاپۆرتی ناو دڵ.

چون لەڕاستیدا نوێژێک هەیە لە دڵدا دەکرێت نەک لەسەر بەرماڵ ، دەستوێژێک هەیە بە ئاکار هەڵدەگیرێت نەک بە ئاو ،
پیساییەک هەیە بە خەیاڵباشی و نیەتباشی لاچێت نەک بە قوڕ ،
پەرستشێک هەیە خاڵسەن بۆ خودایە نەک بۆخەڵکی، لە هەرشوێنێک بێت دەتوانی نییەتی لێبهێنیت ،
ڕۆژوویەک هەیە بە قسە ئەشکێت ، نەک بە خواردن ، گڵاوییەک هەیە لە خەیاڵەوە پیسمان ئەکات نەک بە بەرکەوتنی شتێکی تر.

نوقتە سەری دێڕ ..
هێمن عەبدولقادر
به‌روار:  02/12/2022
379   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   512
کۆی سه‌ردان:   29261439