دیوەخانی سەر تەوالێت

شێخ بابە عەلی تەکیەیی جارێک لەگەڵ مەلا حسێنی پیسکەندی و مەلا عەزیزی مفتیدا ئەچن بۆ کەرکووک بۆ دیدەنی سەید ئەحمەدی خانەقا... ئاودەستەکانی خانەقا ئەو وەختە لە دەرەوەی حەوشەی خانەقاوە بوون، دیواری بەینی ئاودەستەکانیش بەرز نەبوون، هەر کەسە دابنیشتبایە ئەوی تەنیشتی لێوە دیار بوو.

نوێژی نیوەڕۆ ئەبێ و بابە عەلی ئەچێتە سەر ئاودەست لەو کاتەدا یەکێکی تریش دێت لەو دیوەوە دائەنیشێت، دەست ئەبا قوتوو جگەرەکەی دەربێنێ و جگەرەیەکی ئەداتێ و بەخێر هاتنی ئەکا، بەجل و بەرگەکەیا ئەزانێ بەقاڵە، دەست ئەکا بە سەوداکردنی سڵق و توور لەگەڵیا، کە ئێستا حۆقەی بە چەندە، لە گەرمەی قسەیەدا پیاوێکی تر دێت ئەویش لەم تەنیشتیەوە دا ئەنیشێ، دەست ئەبا جگەرەیەکیش؟ ئەدا بەو و بەخێر هاتنی ئەکا و چاک و چۆنی لەگەڵا ئەکا!

ئەویش بە تۆزاوی و جل و بەرگی جامەدانەکەیا ئەزانێ تووتنچیە، خەبەری تووتنی ئاغجەلەری لێ ئەپرسێ و موعامەلەی ئەوەی لەگەڵ ئەکا کە باقەی جگەرە ئێستا بە چەندە! ئەمجا هەڵ ئەستن و هەریەکە بە لای دەستنوێژی خۆیانەوە.

ئەم خەبەرە ئەگاتەوە بە سەید ئەحمەد، سەید و ئەو دەستەیە هەر لە منداڵی و فەقێیەتیەوە پێکەوە ڕەفیق بوون. سەید کە دائەنیشن ڕووئەکاتە شێخ بابەعەلی، ئەڵێ: بابەعەلی ئەو دیوەخانە چی بوو گەرمت کردبوو؟ بابەعەلیش ئەڵێ: سەید دیوەخانە و هەموو جۆرە قسەیەکی تێدا ئەکرێ، تۆ لەوێ نەبووی، لە باتی تۆش جگەرەشم دانێ و قسەشم لەگەڵ کردن بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبن! سەید ئەڵێ: بابەعەلی وا دەستی خۆتت وەشاند. هەر ئەوکاتە ئەمر ئەکا ڕیزە ئاودەستێکی ڕێک و پێک لە حەوشەی خانەقاکەدا درووست ئەکەن، تا ئەوان لەوێ ئەبن ئاودەستەکان تەواو ئەبن، ئەڵێ: بابەعەلی جوڕ. بابەعەلی ئەلێ: جوڕاو و جۆڕ!
ڕشتەی مرواری
به‌روار:  28/11/2022
507   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   762
کۆی سه‌ردان:   29260660