لەخۆپیشاندانەکەی قامیشلۆ بەر غازەکە کەووتین

ئێوارەی 2004.3.12  لەگەڵ " زەردەشتی برام  و ئاگرۆی کوڕم "لە دیمەشقەوە گەیشتینە قامیشلۆ.
ئەو ئێوارەیە بوو  لە یاریگای قامیشلۆ هاندەرانی عەرەب وێنەکانی سەدامیان بەرز کردبوە و هاندەرانی کوردیش پەلاماریان دابوون.
چوار تا پێنج کوردیان شەهید کرد بوو.
بۆ بەیانی تەرمی شەهیدەکانیان بە خۆپیشاندانێکی گەورە بەناو بازاڕی قامیشلۆ برد بۆ ناشتن.
لە باڵکۆنی ئوتێلەکە ژمارەیەک کوردی هەندەران سەیرمان دەکرد و زۆربەمان ئەو غەدرەمان دەبینی و لە ناخدا دەکوڵاین.
کوردێکی بەریتانیا بە ڤیدیۆ گرتی، ئەمن هات بردیان.
لەنزیک ئوتێلەکەوە تابلۆی بانکێکیان شکاند.
خۆم هاوارم کرد و ووتمان:
بە قوربانتانین دەستکاری کەلوپەلی دائیرە مەکەن.
کە گەیشتنە ئاستی ئێمە و دەیانزانی خەڵکی باشوورین، هاواریان کرد :
بژی تاڵەبانی ... بژی بارزانی .
کاک جەلالی مەلا مستەفاش ڕێگەی گەڕانەوەی دیمەشقی لێ گیرا بوو ، پێکەوە سەیری خۆپیشاندانەکەمان دەکرد.
برادەرێک ووتی:
هاواری چی دەکەن ، ئەو سەرکردانە مەرحەبایەکی بەشار بە ئێوە ناگۆڕنەوە.
ئەو ڕۆژە دۆخی قامیشلۆ ئاڵۆز و ڕژێم  لە حەسەکەوە هێزیان هێنابوو.
بۆ نیوەڕۆکەی لەناو بازاڕ کەوتینە ناو خۆپیشاندانەکە و غازی فرمێسک ڕژێنیان بەکار هێنا و چاو و قوڕگی ئازار داین و بەپەلە   خۆمان کرد بە دوکانێکا ، خاوەنەکەی عەگالی لەسەر بوو، خەریک بوو بگەڕێینەوە ، بەکوردی ووتی وەرنە ژوورەو جامخانەکەی داخست.
ئەوە دووەمجار بوو دەچووینە قامیشلۆ.
ساڵی 1999 نزیکەی 10 ڕۆژ مابوومەوە.
زۆرم پرسیار لێدەکردن .
ئەوان زۆر هەژار و برسی بوون و دەیانووت:
بەیانی تا ئێوارە کار بکەین مەمرە و مەژی دەژین.
دەیانووت: ڕەگەزنامەی سووریمان نیە و مناڵەکانمان تا پۆلی 6 بۆیان هەیە بخوێنن و کە دەچین بۆ شام ، بۆ ئەوەی لە ئوتێل بخەووین ،دەبێ عەدەم تەعەڕوزی موخابەراتمان پێ بێت.
ڕێگای سەر ئاوەکە داخرا.
خۆم زۆر خەمی ئاگرۆم بوو کە تەمەنی چوار ساڵ و  سەرەڕای خەمی زەردەشتیش ، " یەک دەفتەر دۆلار" ی کاک شۆڕشم پێ بوو بۆی بەرمەوە ، کە دەترسام تووشی شتێک بین .
ناچار لە ڕەبیعەوە ڕۆشتینەوە ، کە بەقەراغ موسڵدا دەڕۆشتیت و قاعیدە چەند کەسیان لەناو موسڵ سەربڕی بوو، کەلە سەرەکانیان لەسەر تەنەکە پیشانی خەڵک دەدا بۆ تۆقاندنیان.
پاشان لە سلێمانی " دکتۆر حیلمی قەزاز" ئاگرۆی لە خەستەخانەیەکی ئەهلی خەتەنە کرد بە بەنجەوە، کە نەمادەوێرا لە سوید بۆی بکەین.
هەر دکتۆر حیلمییش مفاوەزاتی " 1984" خۆمی نەشتەرگەری فتق و بۆری میز کرد لە خەستەخانەی جمهوری.
ساڵی 1984  بە نووسراوێکی خەستەخانەی مەڵبەندی یەک کە " دکتۆر هەژار لە گووندی گوورگەیەر " بۆی کردین ، بۆ خەستەخانەی جمهوری و بە کوردی نووسرابوو ، بێ مۆریش بوو.
 بەو نووسراوەو بە دەمانچەیەکی مەکاریۆف کە لە " کاک ئاراسی حەمە لاوم " قەرز کردبوو و بە قەمسەڵەیەکی مغاویری  گەڕامەوە بۆ سلێمانی و لەگەڵ ئینزباتەکەی بەردەکی سەرا بوو بە قڕە قڕمان.
دەیووت دەمانچەیەک و قەمسەڵەیەکی مغاوڕیت لە بەردایه  و کیتابێکت پێیە نەتێی دەگەم نە مۆریشی پێوەیە.
ئەو قەمسەڵەیە زۆر جار لە بازگەکانی ئەزمڕیش کێشەیان بۆ درووست دەکردین و ڕقیان لێ بوو.
ساڵی 1983  کە کەرتی زیندان بووین لە حاجی مامەند، ئێران شاخی تالێر لە پشتی ناڵپارێزی گرت و ئێراقیش هێرشێکی گەورەی دەست پێکرد.
زۆر سەربازی ئێراقی هەڵات بوون و لەو ناوە پەرت وبڵاو بووبوونەوە.
ڕۆژێکیان بۆ جگەرە کڕین دەچووم بۆ دۆسەیەرە" جگەره لە حاجی مامەند نەمابوو" ، مەڵبەندیش کەوتبووە ناو جەبهەی شەڕی ئێراق و ئێرانەوە.
 لە پێچێکا دەنگە دەنگی عەرەبی دەهات ، کە سەربازەکانم بینی میلم لێهێنانەوە و ووتیان هاتوویان تەسلیم بین.
9 سەربازی نەگبەت بوون، یەکێکیان کورد و خەڵکی دهۆک بوو کە چاو ساغیان بوو، ئەو قەمسەڵەیەی لەبەر بوو کە زۆر تازە بوو، دەیووت ناتدەمێ بە پارەی خۆم لە حانووت کڕیوومە، بەزۆر لێم سەند 😛.
قەناسێکی تازە و ئاربی جیەکی تازە و ئاربیکەیەکی تازە و 6  کڵاشینکۆفی پاکیان پێ بوو.
بردمن بۆ بارەگای خۆمان.
دوایی بیستمەوە"  کاک بەکری حاجی سەفەری ڕەحمەتی و مەلا بەختیار" لەسەر قەناسەکە ڕێک نەکەووتوون و ناردوویانه بۆ " مام جەلالی ڕەحمەتی".
دەستکەووتی خۆشمان ئەو قەمسەڵەیە بوو ، کە برادەر نەیدەوویست بمانداتێ 😛
یەکەم وێنە :
ئوتێلەکەی قامیشلۆیە، چێشتخانەکان داخرابوون،  تەکسیەکمان بە کرێ گرت چوو لە حەسەکە کەبابی بۆ هێناین. وێنەکە کاتی کەباب وەرگرتنەکەیە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ

حەیف بۆ ئەو هەموو وێنەیەی کەبەو قەمسەڵەیەوە هەمانبوو ، پاش شەهید بوونی ئاسۆی برامان لە ترسی پشکنینی ماڵەوەمان شاردمانەوە و دواتر فەوتان.

سەیری وێنەکان بکە
به‌روار:  24/11/2022
701   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   677
کۆی سه‌ردان:   29231065