ئاهەنگی پرسەی " نەجدەت" لە شاری لوند
ئاهەنگی پرسەی : نەجدەت" لە شاری لوند
لەگەڵ نەجدەت و عەلی جزیری و چەند برادەرێکی تر بە شارەکانی سکۆنه دەگەڕاین بۆ پیتاک کۆکردنەوە، بۆ چالاکیەکانی کۆمەڵەی کوردی لە شاری مالمۆ.
ڕۆژێکیان نەجدەت کە هەمیشە لەگەڵمان بوو ووتی:
نەخۆشم و کاتی دکتۆرم هەیە.
دواتر کە بینیمانەوە و ووتمان:
ها نەجدەت چی بوو؟
ووتی : وەڵا دەمرم.
بە گاڵتە تێگەیشتین و خۆی گەنجێکی 30 ساڵەی قسە خۆش بوو.
ووتمان : نەجدەت واز لە گاڵتە بێنە، بەڕاستی چی بوو.
ووتی : وەڵا درۆ ناکەم، دکتۆر پێی ووتم شێرپەنجەکەی جگەرت تەواو بووە و 3 حەفتەی تر دەمریت.
پێش ئەوەی بمرێ ئاهەنگێکی بۆ ماڵئاوایی لە هاوڕێ و دۆستانی ساز کرد. چونکە ووتی ناتوانم هەموویان بەسەر بکەمەوە.
نەجدەت خەڵکی باکووری کوردستان و لە تورکیا قاچاخ بوو ، ساڵانێک بوو دایک و باوک و ماڵباتی خۆی نەبینی بوو، زۆرمان پێ ووت پێش مردن بڕۆ سەردانیان بکە.
ووتی: کە ووڵاتم بەجێهێشت کوڕێکی گەنجی جوان بووم، نامەوێ بەم نەخۆشیەوە بمبیننەوە، با هەر وێنە کۆنەکەی من لە زەینی دایکم و باوکم و خانەوەداکەمدا بێت.
پاشان نەجدەت کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانێکی شاری لوند بەخاک سپێردرا.
حاجی ئەترووشی
مالمۆ/ سوید
بەرواری شتنەوەی وێنەکان کە بەخەتی حاجی ئەترووشی یاداشت کراوە ڕۆژی 2000.2.21
سوپاس بۆ هەر بەڕێزێک کەزانیاری زیاتری لایە و لە کۆمێنت دەینووسێ.
مالمۆکورد.
بهروار: 07/11/2022
1075 جار خوێندراوهتهوه
|