ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات/ بەشی دووەم
خەونەکەی خۆتم پیشاندە
ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات

بەشی دووەم
ئەلتەرناتیڤ لە کێ و لە کوێوە دەست پێدەکات؟

ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت، هەڵگری نیشانەیەکی گرنگە، پێمان دەڵێت ئایدیای شۆڕش تا ئێستا ئایدیایەکی زیندووە. ژیان لە جیهانێکدا ئایدیای شۆڕش تێیدا مردبێت ئێجگار ترسناکە، بەڵام دەبێت بزانین، بە ڕاستی بەرەو جیهانێک هەنگاودەنێین ئایدیای شۆڕش هێدی هێدی تێیدا بەرەو مردن دەڕوات. دەوڵەتی ئێران لە ساڵانی ڕابوردوودا ستەمێکی بێوێنەی نواندوە، دەستی نەوەک لە هاوڵاتیانی سادە نەپاراستووە، سڵی لەوەش نەکردۆتەوە جوانترین قەڵەمەکانی وڵاتەکە لە نێوببات و گرنگترین هونەرمەندەکانی بخاتە زیندان. بەرامبەر سیستمگەلێکی لەم جۆرە کە لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی خۆرهەڵاتدا حوکمدەکەن، زیندوو ڕاگرتنی ئایدیای شۆڕش ئێجگار گرنگە، بەڵام شۆڕش تەنیا لە کاتێکدا وەک هێزێکی خولقێنەر و بەرهەمهێن و گۆڕانکار دەردەکەوێت، دەمێک بتوانێت سوڕی ڕاستەقینەی خۆی تەواوبکات. واتە لە تەقینەوەی ڕەمزییەوە بەرەو داڕشتنی پڕۆژەیەکی نوێ بگوازێتەوە. ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا، لوبنان، عێراق، هەرێمی کوردستان ڕوویاندا، نیشانەی ئەوەیە ئەم ڕۆحە گەلێک زیندووە، بەڵام ڕۆحێکە لە قەیراندایە.
لە ئەزموونی شۆڕشە گەورەکانی پێشترەوە، لە ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوە توندەکانی نێوان خەڵک و ڕژێمەکان لەم ناوچەیەدا، ئەو قەیرانە ڕوون و ئاشکرا دەبینین. دەبینین ڕۆحێکە ناتوانێت ئەوەی دەستی پێدەکات بیگەێنێتە کۆتایی. لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییەوە تا ئەمڕۆ ناوچەکە وەک گڕکانێک جارجار دەتەقێت و خامۆش دەبێتەوە، ئەوەی دەیبینین سەرەتایەکی خێرا و ئاسانە، هەڵچوون و حەماسێکی زۆرە لە ناکاو خاو دەبێتەوە و جەستەکە دەچێتەوە جێگای خۆی، وەک کۆی دیمەنەکە گرژبوون و خاوبوونەوەی جەستەی بیمارێک بێت، کە گوژمەکانی ئازار دەیگرن و بەریدەدەن... قەیرانەکە لەوەدا نییە ڕۆحی شۆڕشگێڕانە نائامادەبێت، بەڵکو لەوەدایە ئەم ڕۆحە سەرەتا دەتوانێت ئاگر بە فتیلەکەوە بنێت، بەڵام دواتر نازانێت چی لە ئاگرەکە بکات. ئەگەر ئەم کێشەیە بە قووڵی و بە وردی قسەی لەسەر نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، ئەکتی شۆڕش لەم ناوچەیەدا دەبێتە کۆمیدیا، وەک شانۆگەرییەکی لێدێت تەنیا بەشی یەکەمی بچێتە سەر سەحنە، شانۆگەرییەک چەندین جار دیمەنی یەکەمی دەبینین و دیمەنی دووەمی هەرگیز نایەتە سەر شانۆ. لە عێراق، سوریا، لبنان، کوردستان بینیمان ئەکتی شۆڕشگێڕانە، ئەکتێکە ناتوانێت بزانێت بەرەو کوێ دەڕوات. بانگەشەی ئەوە ناکەم بە تەواوی بزانم کێشەکە سەد دەر سەد لە کوێدایە، چونکە گرفتەکە لە یەک جێگادا نییە، بەڵام کۆمەڵێک وەڵامی گەمژانە هەیە، دەبێت هەر سەرەتا بیانخەینە لاوە تا بتوانین بیربکەینەوە، تا تێبگەین گرفتەکە چ چەشنە گرفتێکە.

یەکێک لەو وەڵامانەی دەبێت بیخەینە لاوە ئەو تێزە گەمژانەیە کە دەڵێت دوگمەی هەموو ئەم کێشانە بە دەست زلهێزەکانەوەیە، ئەوان پەنجە بە دوگمەکەدا دەنێن و شۆڕش دەست پێدەکات، پەنجە بە دوگمەکەدا دەنێن و دەکوژێتەوە. کێشەی ئەم وەڵامە هەر ئەوە نییە ڕاست نییە، بەڵکو کۆی ئەو ڕۆحە شۆڕشگێڕ و گۆڕانویستەی خۆرهەڵات، وەک ئاژەڵێکی پەت لە مل وێنادەکات، کەسێک کەی ویستی ئەم ئاژەڵە بەردەدات و کەی ویستی دەیگرێتەوە. تێزەکە بۆچوونێکی ڕاسیستانە، سادەبین، قەدەریی و قێزەونە کە هیچ شتێک بۆ کەرامەتی مرۆڤی شۆڕشگێڕ ناهێڵێتەوە، بەڵام هەڵە جەوهەرییەکەی ئەم تێزە لەوەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە هیچ هێزێک لە مێژوودا نییە و نەبووە و نابێت، بە تەنیا کۆی ڕەوتی مێژوو، سروشتی کۆی ململانێکان، دەرەنجامی کۆتایی هەموو ناکۆکییەکان بگرێتە دەست و دیاریبکات. ئەم هێزە وێنەیەکی خورافییە و زادەی عەقڵێکی ترساوە کە ناتوانێت بیربکاتەوە. وەڵامێکی سادەیە، عەقڵێکی بیرنەکەرەوە دروستیدەکات، کاتێک بوێریی ئەوەی نییە قووڵ لە کێشەکانی کۆمەڵگا و مێژووی خۆی بڕوانێت.
ئەم جۆرە وەڵامانە بۆئەوەیە بڵێن، هیچ شتێک لە توانای ئێمەدا نییە، هەموو شتێک هێزێکی نادیار دەیبات بەڕێوە کە خەڵکی ئەم دەڤه‌رە هێزیان بە سەریدا ناشکێت.
دوور لەم جۆرە وەڵامە بێسوودانە، پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ ئەم بزاڤەی ئێستا هەر دووبارەکردنەوەیەکی دیمەنی یەکەمی شانۆگەرییەکەیە، یاخود گوژمێکی دیکەیە بۆ پێشەوە. وەڵامی خودی ئەم پرسیارە لای ئەو هێزە مێژووییانەیە لە مەیداندان، بەڵام تێڕامان لە ڕەهەندەکانی، لەو گرێیانەی ئەم پرۆسەیە دەوەستێنێت، گرفتی دەخاتە بەردەم، ناهێڵێت بچێتە پێشەوە... وەزیفەی فیکرە.
لە بەشی پێشوودا باسم لە کێشەی داڕشتنی ئەلتەرناتیڤی مێژوویی کرد. هەموو بزاوتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، هەموو جوڵەیەکی شۆڕشگێڕ تەنیا کاتێک ماهییەتی دەردەکەوێت كه‌ دیاربێت بەرەو کوێ دەجوڵێتەوە. ئەفسانەی «ئەلتەرناتیڤ بوونی نییە» خورافەتێکی داتاشراوە، درۆیەکە لە درۆکانی سیستەم. ئەلتەرناتیڤ هەمیشە هەیە، بەڵام هەڵبژاردنی و دیاریکردنی و داڕشتنی بە ڕوونی بوێرییەکی مێژوویی دەوێت.
کێشەی هەرە گەورەی بیرکردنەوە لە ئەلتەرناتیڤ کاتێک دەست پێدەکات، لە شێوەی ناوەندێکی بیرکردنەوە و سەرکردایەتیدا بیبینین. زاڵبوونی عەقڵییەتی بەلشەفیکییانە لە خۆرهەڵات لە مەودایەکی دوورودرێژدا، ئەو وێنەیەی بۆ ئەلتەرناتیڤ خولقاندوە، وەک تەنیا پێویستی بە سەرکردایەتییەکی سەنتراڵ و بەهێز بێت، کۆمەڵێک سەرکردەی کاریزمی، ژمارەیەک کەسانی پێشڕەو کە دەکەونە پێش میللەت، لە ژوورێکدا کۆدەبنەوە و بەرنامەی بۆ دادەنێن، نەخشەی پاشەڕۆژی بۆ دەکێشن، سروشتی دەوڵەتی داهاتووی بۆ دیاریدەکەن، ئەم جۆرە لە ئەلتەرناتیڤ تا ئێستا سێبەری بەسەر عەقڵییەتی مرۆڤی خۆرهەڵاتییەوەیە. لەوەو پێش زۆر قسەم لە ڕیشە لینینییەکانی ئەم مۆدێلە کردوە کە هەتا پارت و گروپە دینییەکانیش پەیڕەویدەکەن. مۆدێلی «ڕابەر» «پێشڕەو» «باوکی گەورە».
لە خۆرهەڵات بە هەر لایەکدا بڕوانین تارمایی ئەم شێوازە لە تێڕوانین و بیرکردنەوە دەبینین. خەڵک دەجوڵێن، دەڕژێنە سەر شەقام، بەڵام هێندەی لە فیکری ئەوەدان زوو ڕزگارکەرێک دەربکەوێت لە بیری ئەوەدا نین خۆیان چارەنوسی خۆیان بگرنە دەست. ئەم شێوازە لە ئەلتەرناتیڤ لە سەدەی بیست و بیست و یەکدا چەند جارێک تاقیکراوەتەوە. دەوڵەتی ئێستای ئێران خۆی بەرهەمی ئەو شێوازەیە لە تێڕوانین، بەرهەمی پاشکۆیەتی مرۆڤەکانە بۆ سەرکردەیەکی کاریزمی کە مانای دین و مانای دونیایان بۆ دیاریدەکات، پێیاندەڵێت ئازادی چییە و فێریشیان دەکات بە چی بڵێن ئەخلاق. خواستی مرۆڤەکان بۆ ئەم جۆرە لە ئەلتەرناتیڤ، گرێدراوی ئەو دۆخەیە کە نیتشە بە «گەڕانەوەی ئەبەدی» ناوی دەنێت. وەک هێزێکی تاریک مرۆڤەکان بەرەو ئەوە ڕابکێشێت بە هەمان ڕێگادا بڕۆنەوە کە پیاڕۆیشتوون، وەک یادەوەرییان نەبێت، وەک هیچ لە مێژوو فێرنەبووبن.
ئەم مۆدێلی ئەلتەرناتیڤە ئەگەر هەندێ جار لە مێژوودا سەرکەوتبێت، تەنیا لە بەر ئەوە سەرکەوتووە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە، یاخود شێوە حوکمێکی هێناوە ترسناکتر و خوێناویتر لەوی پێش خۆی، وەک لە حاڵەتی شۆڕشی ڕوسی، چینی، کۆری، ئێرانی ... هتد بینیمان.
دەرگای ئەم مۆدێلە، قاپییەکی داخراوە، ئەو گروپ و هێزە کۆمەڵایەتییانە لێیدەدەن خواست یان بوێریی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیان نییە، خۆیان ناوێرن بیربکەنەوە و ناهێڵن کەسیش گوێی لە ده‌نگی بیرکردنەوە بێت، شۆڕش بە هێڵکارییەکی پێشوەخت کێشراو دەزانن نەخشەکەی بە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییەوە لە گیرفانیاندا بێت.
بۆ دەرچوون لەم جۆرە بیرکردنەوەیە، دەبێت شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوەمان دەربارەی سیستەم بگۆڕین.
سیستەم کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک نییە، بەڵکو هێزێک و ئۆرگانێکی پەلکێشە بە ناو هەموو ژیان و کۆمەڵگادا، لایەنی کەم لە چوار زۆن و ڕووبەری گەورەدا ئیشدەکات. یەکەم: کایەی دەوڵەت و دەزگا قانونییەکانی. دووەم: کایەی ئابووری بە هەموو ئۆرگان و بازاڕ و کۆمپانیا و ئەنستیوتە سەربەخۆکانییەوە. سێهەم: هەموو ئەو سەرخانە کولتوورییەی، ئایدۆلۆژیای باڵادەستی ناو کۆمەڵگا دیاریدەکات، وەک دین، داب و نەریت، ئەخلاق، پەروەردەی ناو خێزان، ترێندە هونەرییەکان، وەرزش، هێزگەلە کاریگەرەکانی وەک میدیا و سوشیال میدیا و ئینتەرنێت. چوارەم: ناوەوەی مرۆڤەکان و ژیانیان، هەڵبژاردن و ئارەزووەکانیان، ئەو ڕێساگەلانەی بۆ دیسپلین و ئاڕاستەکردنیان دەگیرێتەبەر، ئیدی لە دیسپلینکردنی زمانەوە تا دەگاتە سەر دیسپلینکردنی جەستە...هتد.
لە خۆرهەڵاتدا کۆی ئەم زۆنانە کە زۆنە سروشتییەکانی بوون و جوڵە و ژیانی کۆمەڵگان، لە ژێر فشاری ناسروشتی و بە جۆرێکی قاندراو بە ئایدۆلۆژیای تاکڕەهەند و یەک ئاڕاستە و سەرکوتکەرانە دەبرێنبەڕێوە. لە دادگاکانەوە بۆ قوتابخانەکان، لە مزگەوتەکانەوە بۆ ناو پەرلەمانەکان، لە ژووری خەوتنی خێزانەوە بۆ ژوورەکانی خوێندن لە زانکۆکاندا، تەوژمێکی سەرکوتکەر دەیانبات بەڕێوە کە دەرگای گفتوگۆ، دەرگای سەرهەڵدانی دیدی تر، ڕێگای بیرکردنەوەی لە مۆراڵی دیکە داخستووە.
هاواری ئەوەی «هیچ ئەلتەرناتیڤێک بوونی نییە»، لە هەموو ئەو دەمار و ئۆرگانە گرنگانەی کۆمەڵگاوە هەڵدەستێت. هەوڵبدە یاساکان بگۆڕێت، دادوەرەکان، پارێزەرەکان هاواردەکەن «هیچ جێگرەوەیەکی دی بوونی نییە، دادگا دەڕوخێت، شیرازە دەپچڕێت». هەوڵبدە زانکۆکان بگۆڕیت، لە ناو خودی ئەو زانکۆیانەوە هێزگەلی کۆنزەرڤاتیڤ ڕادەپەڕن و زانکۆ دەخەنەوە سەر ئەو دۆخەی ئێستای، هەوڵبدە توندوتیژی لە خێزاندا کەم بکەرەوە، هاواری ڕوخانی کۆمەڵگا و هەرەسی خێزان لە هەموو سوچێکەوە بەرزدەبێتەوە.
ئەم ئایدۆلۆژیا فاشیستییە باڵادەستە کە بە تەواوی دەمار و ڕەگوڕیشەی کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکاندا چۆتە خوارەوە، هەویرێکی پێکەوە شێلراوە لە ڕێنمایی دینی، ناسیونالیستی، جەندەری، لەسەر دژایەتی هەمەڕەنگیی و بە نیازی سەپاندنی تاکوێنەیەک بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا ئیشدەکات. تا قووڵتر و وردتر لە سەرەوە بەرەو خوار بکشێین، تا زیاتر بە میکانیزمی ئیشکردنی دەزگاکاندا بچینە خوارەوە، تا قووڵتر عەقڵییەتی بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردن لە ئۆرگانە گەورەکاندا شیبکەینەوە، تا بیروبۆچوون و نیگای ڕۆژانەی مرۆڤە سادەکان زیاتر بخەینە بەر خوێندنەوە و ڕاڤەکارییەوە، پتر و پتر بەر ئەو دیوارە دەکەوین کە ناهێڵێت گۆرانکاریی قووڵ بێتە ئاراوە. سیستمەکان سەنگەری خۆیان تەنیا لە بەردەم وەزارەتەکان و زیندانەکان و دەزگا دەوڵەتییە گرنگەکاندا لێ نەداوە، سەنگەرە قایمەکەیان لە هەموو ئەو جێگایانەدایە کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، لە کایەی ئابووریدایە، لە ئەخلاقدایە، لە ناو نەرێتەکاندایە، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بچوکەکاندایە، لە پەیوەندیی مرۆڤ و خودادایە، لە پەیوەندیی ژن و پیاودایە، لە فۆرمی خوێندندایە، لە بەشی تاریکی دەرونی مرۆڤەکاندایە.
بە کورتی هەموو ئەم جێگایانەی لە کۆمەڵگاکانی تردا بەردەوام دەستکاری دەکرێن، ڕیفۆرم دەکرێن، میتۆدەکانی ئیشکردن لە نێویاندا دەگۆڕێت، فیکر و زانست دەخرێنە کار لە بەرەو پێش بردنیاندا، لە خۆرهەڵات لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنەوە بۆ ئەمڕۆ، گۆڕانکاری لەم بوارانەدا ملکەچی هیچ دیالۆگێکی عەقڵی و ئەخلاقی نییە و نەبووە، بەڵکو ملکەچی پێداویستییە کورت و کاتییەکانی ئەو هێزانە بووە کە لەو بوارانەدا باڵادەستن. سیستەم لە کۆمەڵگای خۆرهەڵاتیدا سەنگەری خۆی لەو جێگایانەدا لێداوە، دەرگا ئاسنینەکانی خۆی لەو کایانەدا کڵۆمکردوە، کۆمەڵگای داخراو لەو خانە و لەو ژوورە تاریکانەدا گەورە بووە کە ناهێڵێت دەستکاری بکرێن و گۆڕانکاری و ڕیفۆرم بیانگاتێ. پاسدار، ئاسایش، شەبیحە، گورگە بۆرەکان، حەشد... هتد، زادەی ئەو هەموو کونجە تاریک و داخراوەن کە وەک بەشێکی سروشتی کۆمەڵگا و کایەی سیاسی وەرگیراون. لە ناو ئەم خانە تاریکانەدا مرۆڤگەلێک دروستدەبن ناتوانن خاوەنی هەستی هاودەردی بن لەگەڵ مرۆڤدا. کۆمەڵگای داخراو مرۆڤێک دروستدەکات هەستی هاوئازاری تەنیا بۆ جنسی خۆی، بۆ نزیکانی خۆی هەیە، ئەخلاقی تەنیا بەشی ئەوە دەکات بەزەیی بە نزیکەکانی خۆیدا بێتەوە. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا نەتەوە ڕقی لە نەتەوە، بیروڕا ڕقی لە بیروڕا، پیشەدار ڕقی لە هاوپیشە، ژن ڕقی لە پیاو، پیاو ڕقی لە ژن، شار ڕقی لە شارە... واتە کۆی سیستەم لەسەر «یه‌كتری له ‌یادکردن» و کوشتنی هەستی «هاودەردی» بۆ یەک دروستدەبێت، ئەوەی لەم کۆمەڵگایانەدا قسەدەکات تەنیا ئەو دیوار و بەربەستانەیە مرۆڤەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە، ئەو ڕقە دینی و ناسیونالیستی و جەندەرییەیە لە هەموو شوێنێکەوە هەڵدەقوڵێت.
لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا کاتێک هەستی هاودەردیش دەردەبڕدرێت، کاتێک باس لە پشتگیریی دەکرێت بە جۆرێکی وا گشتی، وا بێ ناونیشان، وا بێ ئەدرێس دادەڕێژرێت، ئەستەمە بە ڕوونی بزانیت کێ پشتگیریی چی دەکات... لە سیستمی وادا پەیامی مرۆڤدۆستی ئاڕاستەی مرۆڤێک دەکرێت ڕوخساری نییە، گشتییە، شوناسی نییە. پشتگیری لەم سیستمەدا چەشنێکە فارسێک ناوێرێت بڵێت من پشتگیریی کورد دەکەم، کورد وەک نەتەوە، وەک زمان، وەک مەخلوقێک کە دەموچاوێکی هەیە جیاواز لە من و خۆی مافی خۆیەتی سەربەخۆ خۆی پێناسەبکات. پیاو ناوێرێت بڵێت من پشتگیری لە ژن دەکەم، ژن وەک مەخلوقێکی ئازاد و سەربەخۆ و جیا لە من، مەخلوقێک خۆی پێناسەی خۆی دەکات، نەوەک من پێناسەی بکەم. مەهسا ئەمینی لە بەر ئەوە نەمرد دوو تاڵ لە قژی بەدەرەوە بوو، پێش ئەوە مێژوویەکی درێژ هەیە ئەو مەخلوقەی دروستکردوە كه‌ مەهسا دەکوژێت، ئەو کۆمەڵگایانەی دروستکردوە شتگەلێک بە ناوی «گەشتی ئیرشاد و پۆلیسی ئاداب» قەبووڵدەکەن. پێش ئەوە سیستمێک هەیە دەڵێت نابێت مەهسا خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت ژن خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت پیاو خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت کەمەنەتەوایەتییەکان خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن، نابێت کورد خۆی پێناسەی خۆی بکات، نابێت کەمایەتییە دینییەکان خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن. ئەلتەرناتیڤ لەوەوە دەست پێدەکات ئەو بنەمایە بچەسپێت مرۆڤەکان بتوانن شوناسی خۆیان دیاریبکەن، بێئەوەی مافەکانی خۆیان و هاودەردی و هاوسۆزی ئێمە بدۆڕێنن. ئەلتەرناتیڤ تەنیا لە ناو خانە داخراوەکاندا لە دایکدەبێت، لەو شوێنانەوە دروستدەبێت ئایدۆلۆژیای فاشیستی مرۆڤی دوژمن بەوانی تر دروستدەکات. ئەم سیستمە یەک یاسای گەورە دەیبات بەڕێوە «دروستکردنی بەردەوامی قوربانی» «دروستکردنی پەراوێز» «جیاکردنەوەی موقەدەس لە نەفرەتلێکراو» «کردنەوەی دەرەوەی بەردەوامی هەندێک شوناسگەل»، ئەلتەرناتیڤ بە دروستکردنی تەماهی «چونیەککردنی چۆنایەتی» لەگەڵ پەراوێزدا، لەگەڵ لێدراودا، لەگەڵ قوربانیدا دروستدەبێت، واتە بە گەڕانەوە بۆ هێزی پێناسەکردنی مرۆڤ بۆ خۆی، دژ بە هێزی پێناسەکردنی سیستەم بۆ ئێمە.
بە کورتی ئەلتەرناتیڤ هوشیارییە بە کۆی وێنەکە، بە بینینی بەشەکان، بە تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کارکردنیان، بە مامەڵەکردنی سیستم وەک یەکەیەک کە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە دەکشێت، بە تێگەیشتن لەوەی خەبات دژ بە سەرەوە جیانابێتەوە لە خەبات دژ بە خوارەوە، خەبات دژ بە سەرەوە کاتێک سەرناگرێت لەوەوە دێت میکانیزمێک نییە گرێی بدات بە خەبات دژ بە ڕێگرەکانی خوارەوە.

بەشی داهاتوو «هەڵوێست بە تامی فیدیۆکلیپ»
پەیجی بەختیار عەلی
به‌روار:  26/09/2022
93   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...

سەردەمی پێشمەرگایەتی ناسیاوێکیم ھەبوو لە گوندی قەرەچەتانی بناری پیرەمەگرون ،کە ئەچوینە قەرەچەتان من ئەبووم بە میوانی ناسیاوەکەی خۆم ، ئەو تەمەنی سەرو حەفتا بوو .
درێژه‌ ...
مەلایەک لە خوتبەی جوممعە باسی شەیتان و گوناحەکانی گوێ ڕایەڵی قسەکانی شەیتان دەکات و لە کۆتاییدا ئەڵێ مەیەڵن شەیتان وەسوەسەتان پێ بکات و گەر کردیشی هەرگیز بەقسەی نەکەن.
پاش ت درێژه‌ ...
عەلادین سجادی دەڵێ لە سەر حەوزی مزگەوتی شێخ قادری گەیلانی لە بەغداد دەست نوێژم دەگرت.
مام و برزایەکی گووندی کورد هاتن. برازاکە مەسینەکەی لە حەوزەکە پڕ کرد و چووە ناو تەوالێت درێژه‌ ...


عەتتاری نەیشاپووری لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا دەڵێت :-
سەگێکی گەڕی بێ لانە و برسی و پیس و پۆخڵ لەناو بازاڕ خۆی بەیەکێک لە شێخەکاندا دەماڵی ، شێخیش گویی نەدەدایە و درێژه‌ ...


هەرچەند هەمیشە دەیڵێم هەر چاکەیەک دەکەی نەباسی بکە و نە با کەسیش بزانێت، بەڵام گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە حەزدەکەم ببێتە وانەیەک بۆ زۆر کەس.

چیرۆکی ئەو کو درێژه‌ ...
دوو مناڵ شەڕیان دەبێ، یەکەمیان بە دووەم دەڵێ:
دایکت قەحبەیە.
دووەمیان ئەڵێ تۆ چوزانی؟
یەکەم دەڵێ:
دایکم دایکتی لە قەحبەخانە دیوە.😛
نوکتەیە درێژه‌ ...

شێخ بابە عەلی تەکیەیی جارێک لەگەڵ مەلا حسێنی پیسکەندی و مەلا عەزیزی مفتیدا ئەچن بۆ کەرکووک بۆ دیدەنی سەید ئەحمەدی خانەقا... ئاودەستەکانی خانەقا ئەو وەختە لە دەرەوەی حەوشەی درێژه‌ ...
لە کافتریایەکی سێ ئەستێرەدا، لە ئاپۆرەی هاندەرانی مۆندیالدا، لە تەنیشت چەندین سەیارەی گرانبەهادا، لە درەنگانی شەوی ساردی پایزی سلێمانیدا، ئەم منداڵە گوڵفرۆشانە لەسەر کاشییە ساردەکە درێژه‌ ...

ئێوارەی 2022.11.27

" کاک سەباح یاسین " پێشمەرگەی ئەیلول و یەکەم مەفرەزەی سەرەتایی شۆڕشی نوێیە.
کۆتایی 1978 هاتۆتە سوید و 10 ساڵ لە وولایەتی کالیفۆرنیا درێژه‌ ...
مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا بەنیازی ھێرشکردنە

فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئاشكرایده‌كات، تورکیا هێزی لەسەر سنوری کۆبانێ جێگیرکردوەو بەنیازی هێرشکر درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1407
کۆی سه‌ردان:   26832719