مەرجی ئەردۆغان بۆ سوریا دژایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە
پێدەچێت روسەكان بیانەوێ‌ جموجۆڵێكی نوێ‌ لەسوریاو ناوچەكە بكەن، بیانەوێ‌ لەرێی لەیەكتر نزیككردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە هەژانێك لەدۆخی سوریا دروستبكەن، ببێتە مایەی فشار بۆسەر ئەمریكا لەسوریا، بەڵام بەپێی ئەو واقعەی هەیە پێدەچێت ئەو هەوڵەی روسیا تەنها چنگەڕنی بێت، شتێكی لێ‌ شین نابێت. لەبەرامبەردا توركیا دەیەوێت بەئاسایی كردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق فشار لەسەر ئەمریكا دروستبكات.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەنێوانگریی روسیا، هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای جاسوسی توركیا (میت) سەردانی دیمەشقی كردو لەگەڵ عەلی مەملوك یاریدەدەری سەرۆكی سوریا بۆ كاروباری ئەمنی كۆبویەوە. پێدەچێت كاربەدەستانی دیكەی سوریاشی بینبێت.
روسەكان یارییەكی نوێ‌ لەناوچەكە دەكەن، دەیانەوێ‌ لەسەر پرسی هاوبەش ئەنقەرەو دیمەشق لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكەنەوە. روسیا ببێتە مایسترۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو بەپێی ئاوازی خۆی ئاڵۆزییەكان بگۆڕێن. هانی هەردولا دەدەن پرس و باسی ناكۆك لەگەڵ یەكتر نەهێننەگۆڕێ، هەردولا لەو دانیشتنانە شتێكیان دەستكەوێت و لەو نێوانەشدا ببێتە مایەی فشار بۆسەر ئەمریكا لەسوریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دزەی كردووە، لەو دیدارەدا هاكان فیدان چەند پرسێكی خستۆتەڕوو وەك سەرەتایەك بۆ هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانیان، یەكەمیان: پرسی گەڕانەوەی ئاوارەكانی سوریا لەتوركیا كە بەنزیكەی 4 ملیۆن كەس دەخەمڵێندرێت. دووەم: دژایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، توركیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاوكاریكردنی دیمەشق لەوبارەیەوە.
لەبەرامبەردا سوریا ئامادەیی گفتوگۆی دەربڕیوە، بەمەرجێك پرسی گێڕانەوەی ناوچە داگیركراوەكانی سوریا لەلایەن توركیا ببێتە بەشێك لەگفتوگۆكان، بەڵام توركیا باسكردنی ئەو پرسەی بەتەواوی رەتكردۆتەوە.
لەو كەین و بەینەی نێوان توركیاو روسیاو سوریا، هەریەكە لەروانگەی خۆیەوە دەیەوێت شتێكی دەستكەوێت، بۆیە ئێستا زەمینەخۆش دەكەن بۆ دیدارێكی لوتكە لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، كە لەوانەیە لەمۆسكۆ یاخود لەسەمەرقەند بێت.
روسەكان دەیانەوێ‌ فشار بخەنە سەر ئەمریكاو پرسی چارەسەری بارودۆخی سوریا گەمارۆبدەن و بەتەواوی بیهێننە ژێر چنگی خۆیان. لایەنە ناكۆكەكان كۆبكەنەوەو پەنجەرەیەك بۆ ئەمریكا لەسوریا نەهێلنەوە بۆ یاریكردن. واتە ئەنقەرەو دیمەشق لەلایەك و دیمەشق و كورد و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەكی دیكە كۆبكەنەوە.
بەر لەچەند رۆژێكیش وەزارەتی دەرەوەی روسیا چەند گروپێكی جیاوازی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كۆكردەوە لەنێوانیاندا نوێنەری كورد (ئەنجومەنی سوریای دیموكرات) ئامادەبوو.
هەموو ئەو ئاماژانەی بەردەستن، روسەكان دەیانەوێ‌ لایەنە ناكۆكەكانی سوریا لەیەكتر نزیك بكەنەوەو سەرئەنجام پرسی چارەسەری سوریا بخەنە ژێر كاریگەری خۆیان و ئەمریكا لەگفتوگۆی چارەسەری سوریا كەمێك دووربخەنەوە.
سەبارەت بەتوركیا، ئەنقەرە لەئەمریكا بەتەواوی بێئومید بووە لەهەوڵی دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر كورد لەسوریا. چونكە خەمی گەورەی تورك لەسوریا، گەشەكردنی پرسی كوردە لەو وڵاتە، بۆیە هەرچی دەیكەن و كردوویانە، بۆ لاوازكردنی كوردە لەسوریا. لەبەرامبەر دژایەتیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (كورد) توركیا ئامادەیی پشتیوانیی سەربازیی و سیاسی خۆی دەربڕیوە، بەدڵنیاییەوە ئامادەی ماتكردن یاخود سڕكردنی ئەو گروپانەش دەبێت كە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پشتیوانیان دەكات.
جگە لەمانەی سەرەوە، هاوكات ئەردۆغان دەیەوێ لەگفتوگۆی نێوان خۆی و ئەسەد چارەسەری چەند پرسێك بكاتە كاڵایەكی بەنرخی هەڵبژاردنی ناوخۆی وڵاتەكەی كە بڕیارە هاوینی داهاتوو بكرێت. بەڵكو بتوانێت كەمێك حزبەكەی پێ‌ هەستێتەوە كە پێشبینی دەكرێت شكستێكی گەورە بێنێت، بەتایبەتیش پرسی گێڕانەوەی ئاوارەكانی سوریا كە لەلایەن نەیارانی ئەردۆغان بەبارگرانی بۆسەر ئابوری توركیا ناویان دەبەن.
سەبارەت بەئەمریكا لەسوریا. ماوەیەكە ئەمریكا جیاواز لەجاران مامەڵە لەگەڵ دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەكات. تا دوای هەڵبژاردنی جۆ بایدن، ئەمریكا هیچ سیاسی لێدوانێكی لەبارەی رۆژئاوای كوردستان نەبوو، بەڵكو تەنها هاوكارییكردنی سەربازیی و پرسی دژایەتی تیرۆر لەزاری لێپرسراوانی ئەو وڵاتە دەبیسترا، بەڵام ماوەیەكە بەدەنگێكی دلێرتر باسی رۆژئاوای كوردستان دەكەن و دیدارو چاوپێكەوتنەكانیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لەراگەیاندن بڵاودەكەنەوەو ناڕاستەوخۆ هەم توركیاو هەم روسەكانیان ئاگاداركردۆتەوە كە دەست بۆ رۆژئاوای كوردستان نەبەن. هەروەك بەر لەماوەیەك لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا سەردانی كەمپی هۆلی كرد، كە ئەمە یەكەمجارە ئەمریكا بەئاشكراو راگەیاندنەكانەوە، باسی چارەسەری پرسی كامپی هۆل بكەن، وەك ئەوەی بڵێین چاودێری رۆژئاوا دەكەین و هاوكاریانین لەچارەسەری پرسە ئاڵۆزەكان.
جموجۆڵی نوێی ئەمریكا، لەژێر فشارو گازندەی رێڤەبەری خۆسەربوو لەسیاسەتی ئەمریكا، لەلایەك گلەییان لەبارەی ناڕۆشنی سیاسەتی ئەمریكا سەبارەت بەپرسی چارەسەری كورد لەسوریا لەمیدیاكان زەقكردەوە، لەلایەكی دیكە دەستیان بەگەڕێكی دانوستانكرد لەگەڵ سوریا بەنێوانگری روسەكان، ئەمەش بووە مایەی فشار بۆسەر واشنتۆن و لەلایەك توركیایان لەئەگەری هەر پەلامارێك بۆسەر رۆژئاوا ئاگاداركردەوەو لەلایەكی دیكە دڵنیاییان دایە كورد كە دەستبەرداری گفتوگۆبن لەگەڵ دیمەشق ئەوان گرەنتی پاراستنیان دەكەن.
سەرتیپ جەوهەر
به‌روار:  21/09/2022
399   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   670
کۆی سه‌ردان:   29261994