ئێوارەکانی پێش جەنگی جیهانی سێیەم

١. گەر دوای جەنگ نەبینین خۆ پێش جەنگەکە و کاتی ڕوودانەکەشی دەبینین.
ئەمە خەیالێکی سیاسی یەکێک لەو ئێوارانە بوو کە بە درێژایی ڕۆژەکە گوێ بیستی تەپڵی جەنگی جیهانی سێیەمم. لە قۆناغەکانی خوێندنی زانستە سیاسیەکان زۆر تیئۆر و میتۆدی جۆراوجۆرمان خوێند کە باسیان لەوە دەکرد هیچ لایەک چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنێ و ئەوەی هەیە بۆ بەرمابەرکێی یەکتر واتە هاوسەنگی ڕاگرتنی هێزەکانە و هیچی تر. تەنانەت یەکێک لەو تیۆریە بێ مێشکانە دەیگوت ڕۆژئاوا دەبێ رێگە بدەن ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێ چونکەئەو دەم لاری هاوسەنگی هێزەکان نامێنێ، گەر هەموان چەکی ئەتۆمیان هەبێ ئیدی هاوسەنگی هێزەکان وادەکات کە کەسیان نەتوانن بەکاری بهێنن.
ئێستاش زۆر شرۆڤەکار و ئەکادیمیستی سیاسی دەبینی کە پشتێنیان لێ شل کردۆتەوە و دەڵێن کەسیان چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنن چونکە گەر بەکاریان هێنا ئەوا دەزانن هەموویان دەفەوتێن. قسەی ئاوها جگە لە تەمبەڵی لە بیرکردنەوە و تێڕوانین هیچ شتێکی تر نیە. ئەوانە لە بیریان دەچێ کە چەکی ئەتۆمی پێشتر بەکارهاتووە و ئێستاش ئەوانەی کە هەیانە بە ڕۆژی نیوەڕۆ هاوار دەکەن و دەڵێن "گەر وجودمان بکەوێتە خەتەریاتەوە ئەوا بێ یەک و دوو چەکی ناوەکی بەکاردەهێنین. خۆ ئەمە یاری کردن نیە." پۆتین لە لێدوانی پێرید وای گوت.
٢. هەموو وڵآتەکان و هێزەکان لە یەک حاڵەتدا چەکە گەورەکانیان بەکاردەهێنین ئەویش کاتێک بزانن جەنگ هاتۆتە بەردەم ماڵەکەیان. بۆ نموونە ئەمریکا کە زانی یابان جەنگەکەی هێناوەتە بەردەم ماڵەکەی, کە لە دیوی زەریای هیـندەوە پەلاماری خاکی ئەمریکایدا، ئەودەم ئەمریکا بێ سڵەمینەوە چەکی ناوەکی بەکارهێنا و ئەوە بوو یابان یەکسەر تەسلیم بوو. ئەمریکا نەک هەر موحاسەبە نەکرا بەڵکو بوو بە براوەی جەنگ و لەو ساتەوەش یابان لە ژێر نفوزی سیاسی نێودەوڵەتی ئەمریکادایە و بگرە ئەو و ئەلمانیا وەک ئینتیدابی ئەمریکا وان.
٣. جەنگ گەیشتۆتە بەردەم ماڵی ڕوسیا و بگرە بە گەلەکۆمەیەکی چەند دەوڵەتیی. وەک لە ڕێکەوتنەکانی ساڵانی ٩٠ و ٩١ی ئەمریکا و ڕوسیادا هەیە کە ناتۆ نابێ بگاتە سەر سنورەکانی ڕوسیا و ئەم ڕاستیە ئەمڕۆکە لە بەڵگەنامەیەکی نهێنی ئەمریکادا ئاشکرا بوو کە ئەمریکا بە ڕەسمی بە دوای ئەوەوە بووە کە ناتۆ بگەێنێتە سەر سنوورەکانی ڕوسیا تاکو رووسیا گەمارۆ بدا و ئیتر دەست بکات بە سیناریۆکانی دوای ئەوە کە هەموو دەزانین ئەو سیناریۆیانە چین!
٤. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵز پێرێکە ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا دەیەوێ ببێتە قوتبێکی گەورەی سەربازی لە ئەوروپا. بۆ ئەم مەبەستە سێ هەنگاوی ناوە: یەکەم ئەوەیە کە بووە بەشداریکەرێکی سەرەکی شەڕی ئۆکراین. دووەم، چەکی گەورەی بەرهەمهێناوە و بەتەمایە چەکی تازەتر بکڕێ لە ئەمریکا لەوانە فڕۆکەی جەنگی F-35 بە بڕی هەشت بلیۆن دۆلار کە دوو مانگ پێش ئێستا ئەمریکا بڕیاری فرۆشتنەکەی پەسەند کرد.
سێیەم، دەست بەسەرداگرتنی تەواوی کەرەستە و دائیرە و بەرهەمەکانی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی لە ئەڵمانیا کە ئەمە بە کردەیەکی جەردەیی حساب دەکرێ لە بازاڕی ئابوری نێوان دەوڵەتاندا. جگە لەمە، ئەڵمانیا دەست بەسەر سێ کۆمپایانی گەورەی وزەی تردا بگرێ بە بیانووی ستراتیجیەتی زامنکردنی وزە بۆ وڵات.
٥. هەنگاوی بە سەربازی کردنی ئەڵمانیا لە جەمسەرێکی ئابوری بەهێزەوە بۆ جەمسەرێکی سەربازی بەهێز واتە نەوت کردن بە ئاگری جەنگی سێهەمدا. جگە لە ئێستا، مێژووی ئەڵمانیا ئەوەمان پیدەلێت هەر کات ئەڵمانیا ویستبێتی لە عەقڵی سەربازی نزیک بووبێتەوە ئەوا هەم خۆی و هەم ئەوروپاشی لەگەڵ خۆیدا نغرۆی وێرانکاری کردووە وەک جەنگە جیهانیەکانی یەکەم و دووەم. ئێستاش کە بەتەمای ئەم هەنگاوە ئەوا ئەمریکا و بەریتانیا بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێدەکەن. هەم چەکی خۆیانی پێ دەفرۆشن و هەم لە توانا ئابوریەکانیشی کەم دەکەنەوە وەک ئێستا دەیکەن و وەک چۆنێش لە سەدەی رابردوو کردیان. گەڕانەوەی یەکێک لە بەهێزترین و پێشکەوتووترین جەمسەری ئابوری دنیا بۆ بەکارهێننای خەڵوزی بەردین ئەوا نیشانەیەکی ئێجگار خراپە. ئەوەی سەیرە بەلامەوە ئەوەیە کە ئەڵمانیا چۆن ئاوها بە ئاسانی کەوتە داوی ئەمریکاوە لە کاتێکدا هەموو ڕەهەندە ئابوری و ئاسایشی و جوگرافی و کێشوەریەکانیشی ئەوە بوو کە ڕوسیا بهێڵیتەوە وەک هاوبەشێکی ستراتیجی. کاتێک هەر یەکێک لەو ڕەهەندانە دەگری دەبینی ڕوسیا لە پێشتر بوو کە پەیوەندی لەگەڵدا هەبێ نەک ئەمریکا. ئەڵمانەکان باش دەزانن ئۆکراین سەربازگەیەکی ئەمریکی/ناتۆیی بوو لە هەشت ساڵی رابردوودا. گەر ئەوانیش لە جێگەی روسیا بوونایە ئەوا هەمان پەرچەکرداریان دەبوو.
٦. لەسەر بنەمای رڕاستیەکی مێژوویی: کاتێک ئەڵمانیا بیر دەکاتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بەشداریە گەورە مێژوویەی لە بواری فکر و فەلسەفەدا هەیەتی، کاتێک ئەڵمانیا بیر دەکاتەوە هەموو ئەوروپا بیر دەکەنەوە؛ کاتێک ئەڵمانیا شەڕ دەکات هەموو ئەورووپا دەکەوێتە جەنگەوە؛ کاتێک ئابوری ئەڵمانیا پێشدەکەوێت هەموو ئابوری ئەوروپا گەشە دەکات. کاتێک ئەڵمانیا تێوە دەگلێ لە شەڕی ئۆکرایندا هەموو ئەوروپا تێوەدەگلێن. بەهۆی ئەم ڕاستیە مێژووییانەوەیە کە ئەڵمانیا سەرداری ئەوروپایە و هەر ئەم سەردارێتیەشەیە کە بەریتانیا نایەوێ لە ناو یەکێتی ئەورووپادا بێت چونکە دەبێ بە پلە دوو لە دوای ئەڵمانیاوە.
٧. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخروی شەنگهای، ڕوسیا لەهەر کات زیاتر بە بەهێزیەوە دەرکەوت بەتایبەت دوای گوتەکانی شی جیانپینگی سەرۆکی چین. زیاتر لە نیوەی گۆی زەوی لەو ریکخراوەدایە، خاوەنی زیاتر لە سەدا حەفتای بەرهەمهێنانی کاڵاکانی جیهانیە و بەهێترین و گەشە سەندووترین جەمسەرە ئابوریەکانی جیهانی تێدایە لەوانە چین. شی ژینپئنگ بە ئاشکرا گوتی چین و ڕوسیا سیستەمێکی نوێی جیهانی دادەمەزرێنن. دوای ئەم وتانە پۆتین دەڵێ هەموو هێزوتوانام بەکاردەهینین گەر بزانین بوونمان لە مەترسیدایە و بۆ ئەمەش بەکارهێنانی چەکی ناوەکی ستراتیجیترین پلانی جەنگی ئێمەیە بۆ داکۆکی کردن لە خۆمان. ئەمە گاڵتە کردن نیە. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا یەکێک لە وڵاتە هەر گەورەکان و بەهێزەکانی دنیا لە زاری هەر گەورە بەرپرسەکانیانەوە هەڕەشەی چەند جارەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی بکات و دەڵێ بێ دوو دڵی بەکاری دەهێنین چونکە مەترسیەکان رۆژ بە رۆژ لەسەرمان زیاد دەکات.
ڕوسیا تەنها لە یەک حاڵەتدا بەکاری ناهێنێت گەر بێتوو هەرێمی دۆنباسک بکاتە وڵاتێکی سەربەخۆ و نەبوونی بە ئەندامبوونی ئوکراین لە ناتۆ. ئەمە دوو مەرجی سەرەکی روسیایە بۆ روونەدانی ئەو ئێوارەیەی ئەو هەواڵە جەرگبڕە ترسناکە وێرانکەرەی تیدا دەبیستین یاخود تێیدا روودەدات.
ئیدریس مستەفا
کەنەدا
به‌روار:  19/09/2022
298   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   834
کۆی سه‌ردان:   29258016