کوردی سوید دەتوانن داوای مافی پەنابەری لە نەرویج بکەن
بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی نەرویج پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەو کوردانەی لە سوید ترسیان لەوە هەیە گۆشەگیر یان رادەستی تورکیا بکرێن، دەتوانن لە نەرویج داوای مافی پەنابەری بکەن.

سەرەتای ئەم هاوینە، سوید و فینلاند بەمەبەستی چوونە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆوە، بە داواکارییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رازیبوون، یەکێک لە داواکاریەکانیش رادەستکردنەوەی 73 کەس بوو کە تورکیا بە تیرۆریست لەقەڵەمی دابوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی (dagsavisen)ـی نەرویجی، ئەو کەسانە ئێستا دەتوانن مافی پەنابەری لە نەرویج وەربگرن، ئەگەر وەك پەنابەر خۆیان تۆمار بکەن.

ئاماژە بەوەش درا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە نەرویج پاریزراو بن، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی نەرویجەوە بەشێوەیەکی ئاسایی هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکانیان دەکرێت.

پرۆفیسۆر تێرجە ئاینارسن، شارەزای یاسای نێودەوڵەتی و یاسای پەنابەران، سەبارەت بەو پرسە گوتی: رەنگە دۆخێکی سیاسی قورس بێتە ئاراوە، ئەگەر نەرویج پارێزگاری لەو کوردانە بکات کە تورکیا داوای رادەستکردنەوەیان لە سوید کردووە.

ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوەشدا، "دەسەڵاتدارانی تورکیا دەتوانن بڵێن ئەو رێککەوتنە پێشمەرجێک بووە بۆ ئەندامێتی ناتۆ و بەو مانایە دەبێت لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە قبوڵ بکرێت.

ئاینارسن دەڵێت، لە روانگەیەکی گەورەترەوە بە واتای لاوازبوونی توندی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ لە هەموو وڵاتانی ناتۆ دێت.

بە بڕوای ئاینارسن، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکەی ناتۆ هەرگیز نەدەبوو ئەو جۆرە رەشبگیری و مەرجە نایاساییانە بۆ ئەندامێتی ناتۆ قبوڵ بکەن.
k24
به‌روار:  09/08/2022
473   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   643
کۆی سه‌ردان:   29249719