خەیارو کۆفی☕ !

دوای ئەوەی شەش کیلۆ خەیاری ناسکی بەرهەمی خۆماڵی بۆ کێشامو ووتی فەرمو یەک هەزار دینار ئەکا،لە جێگای خۆما وەستامو دەیان خەیاڵ بە مێشکما هات.
شەرمم ئەکرد تەنها یەک هەزار دینار بدەمە دەستی خەیار فرۆشەکە ،هەرچیشم ئەکرد نەمئەزانی چ بیانویەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بڕێک زیاتر پارە بدەم.

ئاخر ئەوە چ کوفرێکە شەش کیلۆ خەیاری خۆماڵی بە هەزار دینار بێتو چوار کیلۆ کاڵەکی جوتیارانی کورد بە هەزار دینار بێتو تەنها یەک کوپی بچوکی قاوە بە سێ هەزار دینار یان لە هەندێ جێگای ترا کە بە حساب سێرڤسیان "ڤی ئای پیە" بە شەش هەزار.

بە دەست خۆم نەبوو نەمئەتوانی بەراوردێکی بچوک نەکەم.

ووڵاتی نەرویج بە حوکمی کەشو هەواکەی تەنها بڕێک سێوی ترشو ڕەقو لە هەندێ جێگاش بڕێک توی لێ دێتە بەرهەم،بەڵام نرخی یەک کیلۆ لەو سێوە ترشو ڕەقەی خۆیان یەکسانە بە چوارجار نرخی جوانترینو باشترین سێوی هاوردە کراو.
کەچی خەڵکی نەرویجی هەمیشە پارە بە سێوەکەی خۆیان ئەدەن.

نیشتمان پەروەری ئەوە نیە کە تۆ تەقە لە دوژمنەکانت بکەیتو سەنگەریان لێ بگریت ،بەڵکو نیشتیمان پەروەری ئەوەیە کە کاڵای ووڵاتەکەی خۆت لە هی هاوردە لا پەسەند تربێت.
نیشتیمان پەروەری ئەوە نیە ئاڵای کوردستان لە تورکیا بەرزکەیتەوە بەڵکو نیشتیمان پەروەری ئەوەیە بەرهەمی خۆماڵیت لە هی تورکی لاپەسەند تر بێت.

نیشتیمان پەروەری ئەوە نیە لە پای هەڵەی ئەفسەرێکی عەرەب خۆت بکەیتە گیڤاراو کوردایەتی بە خەڵک بفرۆشیت، کوردایەتی ئەوەیە هانی خەڵکی بدەیت خەیاری شارەزورو کاڵەکی پێوازو هەنجیری سەرتەک بە نرخێکی مەعقول بکڕن.
ساڵی پار ووڵاتی ئێران بە هەزاران تەن پەتاتەی خراپی خستە بازاڕەکانی کوردستانەوە ،لە هەمان کاتیشا پەتاتەی دەشتی هەولێر هەبوو،بەڵام خەڵکی تەنها بە بیانوی بڕێک هەرزان تر ژەهرەکەی ئێرانیان لا پەسەند تر بوو.

ئەوە چ کارەساتیکە سەتڵێک ماستی کوردی بێوەژنەکەی گەڕەکەکەی خۆت تەنها بە هەزارو پێنجسەد دینار بێتو تۆ بڕۆیت بەرهەمی تورکیو ئێرانی بخۆیت.

نازانین لەکامە گرفتی ئەم ووڵاتەوە دەست پێ بکەین.
نازانین خەم بۆ کامە خەمی ئەم نیشتمانە بخۆین.

حسێن علی شەریف
به‌روار:  04/08/2022
578   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   366
کۆی سه‌ردان:   29218679