"ھەر کوردێک لە سەدەی بیستدا لەدایکبووبێت وەک مرۆڤێکی دڵشکاو لەدایکبووە!"

دەمەتەقێیەک لەگەڵ ڕووناکبیر (مەریوان وریا قانع)... بەشی ٢
تـوانــا ئـەمیـن: کاک مەریوان لەبەشی یەکەمدا پرسیارێکم لێکردیت، وابزانم وەک ئەوەی دەمویست وەڵامەکەیم وەرنەگرت، بۆ دڵشکان وەها و بەوشێوەیە تێمایەکی گەورەیە –بەتایبەت لە شیعرەکانتدا- ئێستا خۆمانە پێم بڵێ؛ کێ دڵێ شکاندوی و چەند جار دڵت شکاوە...؟

د.مەریوان وریا قانع: پێموایە ئەم پرسیارەیان پرسیارێکی گرفتئامێزە، وەڵامەکەی ئەوە نییە من ژمارەیەکت بدەمێ و بڵێم لە فڵان ڕۆژ و فڵان مانگ و فڵان ساڵدا فڵان کەس یان فڵان ڕووداوە یان فڵان دیاردە دڵی منیان شکاندوە. باوەڕناکەم ھیچ مرۆڤێک ئاماری دڵشکانەکانی خۆی ھەبێت، ئەگەر بەم ڕێگایەدا بڕۆین ئەوا دەبێت زاکیرەی خۆم ھەڵبکۆڵم و مێژووی پەنجا ساڵی تەمەن ھەڵدەبەمەوە. باوەڕناکەم ئەمەش بمانگەیەنێت بە ھیچ شتێک. با ئێمە خۆمان بەھەڵەدا نەبەین و شتگەلێک نەڵێین پەیوەندیی بە واقیعی ژیانمانەوە نەبێت، دەکرێت لەسەر ئەو خاڵە ڕێبکەوین کە ھەم تۆ و ھەم من کوردین، کوردی زمانی سەرەکییمانە و ساڵە گرنگەکانی تەمەنمان لە کوردستاندا بردۆتەسەر، یادەوەرییەکمان ھەیە پڕیەتی لە تەفاسیلە وردەکانی مێژووی کورد. بێگومان ھەریەکێکمان ئەم کوردبوونەی بەشێوازی جیاواز ژیاوە و دەژیی، ھەریەکێکمان بەشێوەیەکی جیاواز ئەم کوردبوونەی داڕشتوە و کردویەتی بە شوناس یان بە بەشێک لە شوناس، یان بە شتێک کە بەردەوام لێی ڕایکردبێت و لەدوای خۆیوە جێیھێشتبێت.
بەڵام ھەموو ئەمانە لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە ئێمە کوردین و کوردبوون بەشێکی بنەڕەتیی ئەزموونی مرۆڤبوونی ئێمەیە لەناو دونیادا. ھەم ئەوەمان کە باوەش بە کوردبوونی خۆیدا دەکات کوردە و ھە ئەوەشمان کە لێی ھەڵدێت کوردە. لە دۆخی مندا ھیچ شتێک بە ئەندازەی ئەزموونی ٢٥ ساڵی ڕابردوو، کە ئەزموونی مەنفایە، کوردبوونی منی نیشان نەداوە. مرۆڤ لە مەنفادا زووتر و ڕوونتر بۆی دەردەکەوێت چییە و چی نییە، یان دەیەوێت کێ بێت و کێ نەبێت... ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کوردبوون لە پەیوەندیدا بە دڵشکانەوە چ مانایەکی ھەیە؟ چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەزموونی کوردبوونی من و ئەزموونی دڵشکانی مندا ھەیە؟ بۆئەوەی بەڕەھایی قسە نەکەم پێویستە سیاقەکان کۆنکریتتر و ڕۆشنتر بکەم. ئێمە ھەردووکمان ھەڵگری جۆرێک لە ئەزموونی کوردبوونیان کە وردەکاریی و ھێڵە گشتیی و تایبەتەکانی لەسەدەی بیستەم و لەسەدەی بیست و یەکەمدا دروستبووە و دروستدەبێت. ئەمەش مانایەکی زۆر تایبەت و شوناسێکی زۆر تایبەت و ناوەڕۆکێکی زۆر تایبەت بەو کوردبوونە دەبەخشێت. بێئەوەی بکەوینە ناو قوڕ و لیتەی ناسیۆنالیزم و کوردایەتیی و قەومچێتییەکیی ناشیرینەوە، دەکرێت بڵێم ھەر کوردێک لە سەدەی بیستەمدا لەدایکبووبێت وەک مرۆڤێکی دڵشکاو لەدایکبووە. سەدەی بیستەم بۆ مرۆڤی کورد سەدەی دڵشکانە. ئەوەی نووسەران و شاعیرانی ئێمە لەم سەدەیەدا بخوێنێتەوە، ئەوەی گوێ لە مۆسیقای ئەم سەدەیەی ئێمە بگرێت، ئەوەی لە ئەزموونی ئیمادارە ڕاستەقینەکان ڕابمێنێت، ئەوەی شۆڕشگێڕ و مرۆڤە یاخییەکانی ئەم سەدەیەی ئێمە بناسێت، دەزانێت چ دڵشکانێک لەناو ڕۆح و جەستە و حەز و ئارەزو و خەون و چاوەڕوانییەکانیدا ئامادەیە. من لە وەڵامی پرسیاری پێشودا باسی دەرکردنی ئادەمم لە بەھەشت کرد وەک ھۆکاری دروستبوونی دڵشکانێکی دووجەمسەرە لەسەرێکەوە خودا دڵی لە مرۆڤ شکا و لەسەرێکی دیکەوە مرۆڤ دڵی لە خودا شکا. ئەم جۆرە دڵشکانە دەکرێت ناوی ”دڵشکانێکی ئەنتۆلۆژیی“ لێبێنین. دواتر لەپاڵ سیگمۆند فرۆیددا باسم لەوەکرد مرۆڤ کە ڕەحمی دایکی بەجێدەھێڵێت و دێتە ناو دونیاوە، تووشی دڵشکانێکی تر دەبێت کە دەشێت بە ”دڵشکانێکی ئەنترۆپۆلۆژیی“ ناویبنێین. پێموایە ئەزموونی کوردبوون لەسەدەی بیستەمدا ئەزموونی ھەبوونی دڵشکانێکی تریشە، لەپاڵ ئەو دوو شێوازەی سەرەوەدا. لەسەدەی بیستەمدا کورد کە دێتە ناو دوانیاوە دەکەوێتە ناو مێژو و سەردەم و ڕۆژگارێکەوە کە داننان بەبوونی ئەودا وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، وەک مرۆڤێک کە دەتوانێت مرۆڤبوونی خۆی بەشێوەیەکی ئازاد بژیی نائامادەیە. ھەر کوردێک لەم سەدەیەدا لەدایکبووبێت کەوتۆتە جەنگێکی ڕاستەقینە لەپێناوی دانپیانان و ڕێزگرتنی مافە ھەرە سادەکانیی. دەکرێت ئەم جۆرە تایبەتەی دڵشکان بە ”دڵشکانێکی مێژویی“ ناوببەین. با واز لەو قسە ئەبستراکت و تیوریانە بھێنین و کەمەکێک باسی خۆمت بۆبکەم. من لە خێزانێکی زۆر ھەژاردا لەدایکبووم و گەورەبووم، ھەژرییەک کە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی بە خوێندەوارایی و شیعر و نووسینەوە ھەبوو. ھەژاریی قانع ھەژارییەکە لە پەیوەندییدا بە شیعر و شاعیربوونەوە، بە وێناکردنێکی خوێندەورانەی دونیاوە، بە تەسلیمنەبوون و بێدەنگنەبوون و کۆڵنەدان لە بەگژاچوونەوەی ئەو دونیایەدا. تێکەڵبوونی ھەژاریی بە خوێندەواریی، یان ھەژارکەوتن وەک دەرەنجامی خوێندەواربوون بۆخۆی دڵشکانێکی گەورەیە، وردتر بدوێم، ئەمە ژێرخانە مادیی و نەفسیی و ڕەمزییە گەورەکەی دڵشکانە لە ژیانی مندا کە لە خێزانێکی لەو بابەتەدا ژیاوە و گەورەبووە. لەسەرێکی دیکەوە من لە خێزانێکدا لەدایکبووم و گەورەبووم پڕبوو لە شییعر و کتێب و سیاسەت، باوکی من سەرجەمی شیعرەکانی قانع و بڕێکی زۆری شیعرەکانی حاجی قادر و حافز و سەعدیی و فیردەوسیی لەبەرە. ڕۆژگارێکی درێژ پێشمەرگەبووە. شیعر و کتێب و سیاسەتیش لە دونیای ئێمەدا ڕەچەتەی ھەرەسەرەکیی ھەژارکەوتنی زیاتر و زیاتر بووە.. بەڵام ھاوکات سەرچاوەی دروستبوونی ھۆشیاریی بە ھەژارییش بووە، ھۆشیاریی بەگژاچوونەوەی ھەژاریش. ژێرخانی دووهەمی دڵشکانی من لەدایکبوونی ئەم ھۆشیارییە یاخییەیە بە ھەژاریی و ناھەقیی، ھۆشیارییەک بەشێکە لە منداڵیی و گەنجێتیی من. ئێستا کە تۆ دەپرسیت ”خۆمانە پێم بڵێ؛ کێ دڵێ شکاندوی و چەند جار دڵت شکاوە؟" دەمەوێت پێتبڵێم ئەوەی پەیوەستە بە دڵشکانی منەوە و لەگەڵ منیشدا بە دڵشکانی ژمارەیەکی ھێجگار گەورەی مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کوردبوونە. کوردبوون ڕەچەتەیەکی گەورەیە بۆ دڵشکان. کە دەشڵێیت چەندجار دڵت شکاوە؟ لە وەڵامدا دەڵێم بێژمارە و بێحیساب، دڵشکان بەشێکی ناوەکیی ژیانی منە، بەشێکە لەو پەیوەندییە کە بەدونیا و دەوروبەروە گرێمئەدات، ڕەنگە زەحمەتبێت سەردەم و قۆناغێک بدۆزمەوە تیایدا ھەستم بە دڵشکان نەکردبێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــ
پەیجی توانا ئەمین
به‌روار:  01/08/2022
329   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...

ڕۆژی هەینی 2023.3.31 ئیلڤا یۆهانسۆن بەرپرسی کاروباری ناوخۆ لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند:
پەرلەمانی ئەوروپا  بڕیاری داوە ڕەگەزنامەی ووڵاتانی ئەوروپی لەو پەنابە درێژه‌ ...

بەشی دووهەم

سەیر لەوە دابوو جەنگی عیراق و ئێران 10 ساڵێک ئەبوو کۆتایی هاتبوو، شەڕی ناوخۆی کوردیش بە ئازایەتی ئەمەریکا تازە بەتازە تەفەنگەکانی هەردوو بەرەی سا درێژه‌ ...
بــــــاوكــــــــم

گۆران مەریوانی

من پێم گۆتبوو،
كه‌ هاتمه‌وه‌،
باوه‌شێ خۆشه‌ویستی دێنمه‌وه‌،
درێژه‌ ...

کەسێک دەناسم، کە کاتی خۆی لە ساڵی (1984) فیراری کرد، واتە لە خزمەتی سەربازی ڕایکرد. دەستی خۆشبێ کە لە سەربازی ڕایکرد، چونکە لەلایەک خزمەتی حکومەتی بەعس و ڕژێمی سەدامی نەکرد درێژه‌ ...

تێبیی:نامە و تەلەفوونم لە دەرەوە بۆ دێت، دەپرسن بۆ 
 لەم شۆرشەی ژینا دا بێدەنگم!؟ بۆ چالاکیم نییە؟
ڕاستە بە داخەوە لە هیچ کام لە خۆ پیشاندانەکانی دە درێژه‌ ...

ڕۆژی 1947.3.30 

کە لاشەی ساردی چوارچرا
وەکوو ھێشووی سەرما بردوو لە سێدارە کرانەوە 
دار.. بەجێ ما 
ھەژارانی سابڵاخ بردیان& درێژه‌ ...
پیاوێکی داربەڕوولەیی کاتی خۆی سەرباز دەبێ و بەگرەوکردن سەربازەکانی لات کردووه و، سەری مانگان نیوەی فەوجەکە کەمووچەیان وەرگرتووه قەرزاری  بوون.
لای ئامر شکاتی لێدەکەن و درێژه‌ ...

باوکم ڕقی لە هەرشتێك بوایە، بەندە دەیکرد، ئەو زۆر ڕقی لەوە بوو من بچم بۆ سینەما، دەیووت حیز دەبیت کەچی من لە داخی ئەو لە بلیتبڕەکە زیاتر لە سینەما بووم. ڕقی لەوە بوو من مەل درێژه‌ ...

کوڕێکی گەنج بە دکتۆرەکەی دەڵێت دکتۆرگیان دەمەوێت بۆ هەتا هەتایە بژیم قەت نەمرم  تکایە یارمەتیم بدە..
دکتۆرەکە دەڵێت کوڕم تۆ ئێستا حاڵت زۆر باشە هیچ کێشەیەکی تەن درێژه‌ ...

باوکێک هەشت ڕۆژە لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەیەتی لە بەنداوی دەربەندیخان

مام عبدالله پێش هەشت ڕۆژ کاکە سامانی کوڕی بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیانەوە لەگە درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   960
کۆی سه‌ردان:   27561877