چیرۆكی بكوژەكەی مەلیكی عێراق

عەبدولستار سەبع عەبوسی كە ئەفسەرێكی سوپای عێراق بوو، بە بكوژی سەرەكی خێزانی هاشمییەكانی فەرمانڕەوای عێراق دادەنرێت كە رۆژی 14ی تەموزی ساڵی 1958 لە كۆشكی شاهانەی ریحاب كوژران. عەبوسی نە لە نێو شۆڕشگێڕاندا بوو، نە یەكێكیش بوو لەوانەی بانگەشەیان بۆ شۆڕش دەكرد، بەڵام پلەی نەقیبی هەبوو و بەرپرسی خولێكی مەشقی پیادە بوو لە خوێندنگەی پیادەی سەر بە سەربازگەی وەشاشی نزیك كۆشك.

دوای ئەوەی دەبیستێت كە سوپا جموجوڵی كردووە، دەستبەجێ بەرەو كۆشك دەچێت كە شوێنی حەوانەوەی خێزانی مەلەكی بوو و هەموویانی كوشت. بەجۆرێك سێ بۆمبی بازوكای 106 ملیمی ئاڕاستەی كۆشك كرد بۆئەوەی ناچاریان بكات خۆیان بەدەستەوە بدەن. بەوهۆیەشەوە دوكەڵ لە نهۆمی سەرەوەی كۆشك بەرزبۆوەو لەبەهێزی دەنگی تەقینەوەكەش، ناوچەكە لەرزی. پاشان ئاگر لە پەنجەرە شكاوەكان و ئەو بەلەكۆنەی كە بەسەر باخچچەی پێشەوەی كۆشكدا دەیڕوانی، بەرزبۆوە.

ئەو قوربانییانەی كە بەدەستی عەبدولستار عبوسی كوژران پێكهاتبوون لە:
*مەلیك فەیسەڵی دووەم: مەلیكی عێراق.
*شازادە عەبدولئیلاهـ بن عەلی هاشمی، وەسی پێشوی تەختی پادشایی عێراق.
*شاژنە نەفیسە، دایكی شازادە عەبدولئیلاه
*شازادە عابدیە خوشكی شازادە عەبدولئیلاه
*چێشتلیێنەرێكی بەرەچەڵەك توركی كە چێشتلێنەری خێزانی مەلەكی بوو.

دوو ساڵ پاش ئەوەی خێزانی شاهانەی عێراقی كوشت، عەبوسی تووشی نەخۆشی دەروونی بوو و ماوەی 10 ساڵ پێوەی گرفتار بوو. ئەویش بەگوتەی عەقیدی پەڕەشووتەوان، عەدنان محەمەد توری كە یەكێك بوو لەو كەسانەی دواتر لە نووسینگەی عەبدولستار عەبوسی كاری دەكرد و توانی متمانەی بەدەست بهێنیێت.

عەدان نوری دەگێڕێتەوە كە عەبوسی پێگوتووە: تۆ نازانیت لەوكاتەوەی كە مەلیك فەیسەڵم كوشتووە تامی خەوم نەچەشتووە، شەوانە دێتە خەوم و ئەم چوار پرسیارەم لێدەكات:

- پۆجی منت كوشت؟
- ئایا زیانم بۆت هەبوو؟
- هیچ هەڵەیەكم كردبوو؟
* بۆچی لەژیان بێبەشت كردم لەكاتێكدا هێشتا من مێردمنداڵێك بوو؟

كاتێكییش عەبوسی ویستی شێوازی ژیانی رۆژانە و كاركردنی خۆی بگۆڕێت، چووە كۆلێژی سەریازی و بوو بە مامۆستا و عەدنان نوریش هاوەڵی دەكرد. ئەوكاتەش هەر خەونی ناخۆش وازی لێنەدەهێنا بۆیە نوری ئاموژگاری كرد كە بەمەبەستی چارەسەركردن رووبكاتە روسیا. بەڵام ئەوەی ئاشكرا كرد كە سەردانی روسیای كردووەو لەوێش هەستی بە ئارامی نەكردووە.

لە دوایین دیداری نێوان عەبوسی و نوری دا، عەبوسی باس لەو خەونە دەكات كە بە شاژنە نەفیسەوە دەیبینی و دەیگوت: شاژنە نەفیسە دەبینێت كە لێی دەپاڕێتەوە و قورئانێكیشی لەسەر سەری مەلیك فەیسەڵ بەرزكردۆتەوە بۆئەوەی نەیكوژێت، بەڵام عەبوسی بە فیشەك وەلامی دەداتەوەو هەردووكیان دەكوژێت. پاشان دەنگی هاواری ژنان دەبیستێت كە دەڵێن: یەكتر دەبینینەوە.

عەبوسی لەبارەی یەكتربینینەوەی قیامەت پرسیاری دەكرد. نوریشی ئامۆژگاری كرد كە جارێكی دیكە چارەسەری دەروونی وەربگیرێتەوە. بەڵام ئەمجارە عەبوسی نەچوو بۆ چارەسەركردن، بەڵكو ساڵی 1970 بە گولـلەیەكی دەمانچە كۆتایی بەژییانی خۆی هێنا. ئەویش دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژییەكە، كە 10 ساڵیانی بەنەخۆشی دەروونی بەڕێكرد .

سایتی میللەت

وێنەکان عەبدولستار عەبوسی و مەلیک فەیسەلی دووەم
به‌روار:  15/07/2022
888   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   28
کۆی سه‌ردان:   30687825