لە درۆنەکانی کەلارەوە بۆ ئامینە کاکە باوە لە سوید


یەکێک لە ژێرخانە ھەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی ”مەسەلەی کورد“ لە سەدەی بیستەمدا مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی خواستە سیاسیی و فەرھەنگییەکانی خەڵکی کوردستانە. مامەڵەکردنی ئەو خواستانەیە, چەندیش بچووکبن, وەک کێشەیەکی ئەمنی و بەگژاچوونەوەشیان وەک سیاسەتی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، بوون بە بەشێک لە دانیشتوانەکانیان.
ئەم مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ە وادەکات کورد وەک کەمینەی ناو ھەریەکێک لەو وڵاتانە، زیاتر وەک ھەڕەشە وێنابکرێت و وەک ھەڕەشەش ماماڵەی خواستەکانی بکرێت. تورکیا لەم بوارەدا لە ھەر سێ وڵاتەکەی تر کە کوردیان بەسەردا دابەشبووە، توندڕەوتر و توندوتیژتر و دژەمافتر، بووە. نووسەری ئەمریکی ڕۆبرت ئۆلسۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەسەر مێژووی کورد، باس لەوەدەکات چۆن تورکیا لە ماوەی ١٤ ساڵدا، نێوان ساڵی ١٩٢٤ بۆ ،١٩٣٨ ھەژدە پەلاماری سەربازیی گەورە ئەنجامئەدات، لەو ھەژدەیە، ھەڤدەیان بەرامبەر بە کورد بووە. ئەم پەلاماردانە سەربازییە خوێناویانە یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەتاییەکانی مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی مەسەلەی کورد لە تورکیادا. ساڵانێکی درێژ ئەم فشارە سەربازیی و ئەمنییە گەورەیە وا لە کوردانی تورکیا دەکات بێدەنگبن، تا قۆناغی دروستبوون و سەرھەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی ساڵانی ھەفتادا.
لەگەڵ سەرھەڵدان و بەرپاکردنی خەباتی چەکداریش لەلایەن پەکەکەوە، گوتارێکی نوێ لەدایکدەبێت، گوتاری بە تێرۆریست ناسینی ھەموو ئەو ھێزە کوردییانەی لەو تورکیادا دروستدەبن. بە مانایەکی دیکە ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، تێکەڵ بە گوتارێکی نوێ دەکرێت کە گوتاری بە تێرۆریستکردنی ھەموو ھێزە کوردییەکانی ناو ئەو وڵاتەیە، تەنانەت گەر ڕێگای ناچەکداریی و مەدەنیش بۆ بڤەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، بگرنەبەر. ئەم گوتاری بەترێرۆسیت ناسین و ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنە لەمڕۆدا شێوەیەکی ھێجگار بەرفراوانی وەرگرتوە. کردنی کورد بە ”ئەویترێکی ناحەز“ و ”تێرۆریست“ ئەو زمانەیە کە تورکیای ئەم ساتە قسەی پێدەکات، نەک تەنھا لە پەیوەندیدا بە کوردەکانی ناو سنوورە سیاسییەکانی خۆیەوە، بەڵکو لە قسەکردنیشیدا لەسەر ھەموو ئەو کوردانەی تریش کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەکانی دەوڵەتی کوردیدا یەکناگرنەوە. لەمەدا ئەردۆگان ھەمان ئەو ڕوانینە کەمالیستییە دووبارەدەکاتەوە کە بەشێکە لە مێژووی تواندنەوە و پێشێلکردنی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا.

لە سەرەتای دەسەڵاتداریاندا لە ساڵی ٢٠٠٢دا، ئەردۆگان و پارتەکەی، ، ھەوڵی پیادەکردنی سیاسەتێکی جیاوازیان لە سیاسەتی فەرمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دا، سیاسەتێک دەیخستنە دەرەوەی ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مارەکراو لە گوتاری تێرۆر. ئەم دۆخە تا ئەو شوێنە ڕۆیشت ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە دیاربەکر، لە بەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا بڵێت: ”کێشەی کورد کێشەی ھەموو نەتەوەی تورکە....ئێمە چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان ئەدۆزینەوە لەڕێگای دیموکراسیەتی زیاتر، مافی مەدەنی زیاتر، خۆشگوزەرانی زیاتر، لەھەمان ئەوکاتەدا کە دەستوری تورکیا دەپارێزین، پرنسیپەکانی سیستمی کۆماری دەپارێزین“. ئەمە سەرەتای ئەو سیاسەتە نوێیە بوو کە لە تورکیادا ناوی ”کردنەوە بەڕووی کوردا“ی لێنرابوو، Kurdish opening. بەڵام ئەم دۆخە چەند ساڵێکی کەمی خایاند و ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و گەڕانەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، بە توندی ھاتەوە مەیدان.
لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی گەڕاندنەوە بۆ ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و بە گەڕانەوەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، ھەندێک نووسەر باس لە بەردەوامی ”گرێی سیڤەر“ یان ”سێندرۆمی سیڤەر“ لە ناو سیاسەت و ھەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیدا دەکەن. لەناو ئەم گرێ سیاسییە دەرونییە دەستەجەمعیەدا، ترسێکی گەورە لەو کەمە نەتەوایەتیانە ھەیە، کە لەناو تورکیادا دەژین. ترسی ئەوەی ئەمانە بە ھاریکاریی ھێزە دەرەکییەکان بتوانن لەناوەوەی تورکیادا خۆی، دژ بە یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەتی تورکیی کاربکەن و تورکیا بۆ چەندان بەشی جیاواز بەشبەش و پارچەپارچەبکەن، وەکچۆن لە پەیماننامەی سیڤەردا ھەوڵی پارچەپارچەکردنێکی تەواوی سەرزەمینی تورکیا درا و تورکیا لە ئیمپراتۆریەتێکی گەورەوە بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی سنووردار، بچووککرایەوە.

بە کورتییەکەی، لە سەردەمی کەمال ئەتاتورکەوە گوتارێک لە تورکیادا باڵادەستە کە گوتاری وێناکردنی کوردە وەک ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕیشەیی، وەک بەشێک لە پیلانێکی دەرەکیی، بە تایبەتی خۆرئاوایی و ئیمپریالی، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیی. ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیای سەردەمی ئەردۆگاندا دەیبینین بە جیھانیکردنی ئەم گوتارەیە. چیتر ئەم گوتاری وێناکردنەی کورد وەک ھەڕەشە و وەک تێرۆریست، تەنھا لەناو سنوورەکانی تورکیا خۆیدا کارناکات، بەڵکو ھەم لەناو خاکی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، لەوانە سوریا و ھەرێمی کوردستاندا کاردەکات، و ھەم تەماح و خەونی ئەوەی ھەیە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافی وەک سوید و نەرویج دا بگواسترێتەوە و لەو شوێنانەشدا کاربکات.
لەم ساتەدا لەو شوێنانەدا کە ئەردۆگان دەستی پێیاندەگات درۆنەکانی ئامادەن و ئەو کەسانە دەکوژن کە ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردن و ئەم گوتاری تێرۆرە وەک ھەڕەشە وێنایاندەکەن. لەو شوێنانەشدا کە دەستیان پێناگات، داوای سزادان و تەسلیمکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانە بکەن، کە بەڕەچەک کوردن، بەڵام لە بەشێکی تری دونیادا،ا ھاوڵاتی وڵاتێکی سەرەوەری ترن.
ئەوەی کوشتنی منداڵێک یان چالاکەوانێکی ڕۆژئاڤایی لە کەلار، بە پەلاماری کەسایەتییەکی وەک ئامینە کاکە باوەوە لە سوید گرێئەدات، بەجیھانیکردنی ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ئەم گوتاری بە تێرۆریست ناساننەی ھەموو ئەو کوردانەیە، کە تورکیا لە کات و ساتی جیاوازادا وەک ھەڕەشە و وەک مەترسیی بۆسەر دەوڵەتی تورکی وێنا و پێناسەیاندەکات. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە گرنگ نەبێت ئەو ھێزەی لە تورکیادا حوکمڕانە ئایدیۆلۆژیا و بیرۆبۆچوونی چییە، کەمالیستێکی عەلمانیی یان ئیسلامییەکی ئیخوانییە، گرنگ ئەوەیە ھەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ھەم مارەکردنی ئەم ستراتیژە لە گوتاری بە تێرۆریستکردنی چالاکاوەنەکان،ئامادەیە.
ئەم ستراتیژە و گوتارە ھەم لە کەلاردا دەستبەکارە، ھەم لە سویددا. لە کەلار خەڵک دەکوژێت، لە سوید کێشە بۆ ھاوڵاتییەکی کوردیی ئەو وڵاتە دروستدەکات.
درەو
به‌روار:  21/06/2022
187   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...

فەلسەفەی قەدەغەکردنی خولی لەبەرکردنی (قورئان و فەرموودە) چییە؟ ئێ زۆر سروشتییە لە دیموکراسیدا ڕەنگە جیاوازەکان مومارەسەی فکرەکانی خۆیان بکەن، ئەرکی حیزبی و دینی خۆیانە ئیسلا درێژه‌ ...
دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێ:
ساڵی (2004) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم بوم، ڕۆژێكیان ده‌چووم بۆ ده‌وام له‌ناوچه‌ی سه‌وز، ئه‌وكاته‌ ئه‌مریكیه‌كان ناوچه‌ی سه‌وزیان ده‌پاراست‌و سه‌رپه‌ درێژه‌ ...
خوێندنەوەیەك بۆ رووداوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان وئێران
پەیامێك بۆ میللەتی خۆمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان
د. كامەران مەنتك
چی لە ئێران دەگوزەرێت؟ ئەوەی روودەدات ئایا شۆ درێژه‌ ...
خەونەکەی خۆتم پیشاندە
ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات

بەشی دووەم
ئەلتەرناتیڤ لە کێ و لە کوێوە دەست پێدەکات؟

ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت، هەڵگ درێژه‌ ...
دیمەنی شەوانی ئاسمان دەشێوێنرێت..!
چۆن و کێ ئەم کارە دەکات..؟

دوای چەند ساڵێکی تر سروشت و جوانی ئاسمان بەتەواوی دەشێوێت...

دیمەنی ئەو زنجیرە ڕووناکی درێژه‌ ...
وەبیرم دێ کاتێک خومەینی مرد لە ڕۆژی ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیدا بەڕێوەبەری ڕادیو ئەمریکا ئەحمەد ڕەزا بەهارلو لە ڕێگای تەلەفۆنەوە وتووێژێکی لەگەڵ سیاسەتمەداری ناسراوی جیهان، وەزیری پێ درێژه‌ ...
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەرێگەی باشاك دەمیرتاشی هاوسەرییەوە پەیامێکی لەبارەی کوژرانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و وەک پاڵپشتییەك قژی تاشی.

سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: بەرخۆدان بە درێژه‌ ...
خەونەکەی خۆتم پیشاندە
ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات
بەشی یەکەم

ساڵانێکی زۆرە بەڵگەنەویستێکی سیاسی زۆر ڕوون باڵی بەسەر خۆرهەڵاتدا گرتووە. ئەویش ڕەتکر درێژه‌ ...

لە ناوەڕاستی ساڵی خوێندندا مامۆستای پۆلەکە بەهۆی کێشەکانیەوە بۆ ماوەیە پۆلەکەی بەجێهێشت و مامۆستایەکی نوێ بۆ ماوەیەکی کاتی جێگەی گرتەوە. بۆیە دەستی کرد بە وانە وتنەوە و دوا درێژه‌ ...
هاونیشتمانییانی ئازیز، دۆستان و هاوڕێیان

ئاگادار کرامەوە ئەمشەو ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی هۆڤییانەی ژینا ئە درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1364
کۆی سه‌ردان:   26427927